پەرەگراف - مەسروور بارزانی کشاندنەوەی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت لەلایەن ئەمریکاوە بە "مەترسی" بۆ سەر هەرێمی کوردستان ناو دەبات و داوا دەکات کشانەوەی هاوپەیمانان بە جۆرێک نەبێت کە "بۆشایی ئەمنیی جێبهێڵێت". سەبارەت بە هێرش بۆ سەر نووسینگەکەشی دەڵێت "بەڵێ ئێران سەرکۆنەی کرد، بەڵام دەپرسێت" درۆنەکان ئێرانین و لە ئێرانەوە هاتوون، ئەی کێ هەڵیداون؟ کێ لە پشتیانە؟ ".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد، هۆکارەکانی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم و چەندین پرسلا دیکە دەکات.
هێرشەکانی سەر هەرێم و بەئامانجگرتنی نووسینگەکەی
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە گفتوگۆکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە" زیاتر لە هەزار "هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە تەنیا بنکەکانی ئەمریکایان بەئامانج نەگرتووە، بەڵکو" ژێرخان، کەرتی وزە و شوێنی نیشتەجێبوون "یشیان کردووەتە ئامانج.
مەسروور بارزانی جەخت دەکاتەوە کە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی شەڕی ناوچەکەوە ڕوون بووە" نامانەوێت ببینە بەشێک لەم ململانێیە ". دەشڵێت" ئێمە هیچ هەڕەشەیەکمان بۆ سەر دراوسێکانمان دروست نەکردووە ".
سەبارەت بەوەی کە بۆ چی هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان؟ سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێی وایە دەبێت ئەو پرسیارە لە لایەنی هێرشکار بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت" بەو جۆرەی ئێمە دەیبینین، ئەوان دەیانەوێت بمانترسێنن یان بمانکێشنە ناو شتێکەوە کە ئێمە بە تووندی ڕەتی دەکەینەوە ".
هەروەها لەبارەی بەئامانجگرتنی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و هەڵوێستی ئێران، مەسروور بارزانی سەرباری ئاماژەدان بە سەرکرنەکردنی لەلایەن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆککۆماری ئێران، بەڵام دەشڵێت" ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەم درۆنانە لە جۆری حەدید تۆربۆ ١١٠ـن. درۆنەکان ئێرانین و لە ئێرانەوە هاتوون. ئەی کێ هەڵیداون؟ کێ لە پشتیانەوەیە؟ ".
مەسروور بارزانی بە ئەرکی دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەزانێت وەڵام بدنەوە و ڕوونی بکەنەوە کە چۆن درۆنێک هی ئێرانە، لەلایەن کەسێکی دیکەوە بەکار دێت؟ کشاندنەی سیستەمی پاتریۆت و مەترسیی ئەمنی
مەسروور بارزانی ئاماژە بە هێرشەکان و گرنگیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکات و دەڵێت" زیاتر لە هەزار هێرشمان کراوەتە سەر، تاوەکو ئێستا پشتمان بە هاوکاریی ئەمریکییەکان بەستووە کە زۆر سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و درۆنەکان ".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە تیشک خستنە سەر شەڕ و پشێوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایدەگەیەنێت کە" کشانەوەی ئەم سیستەمە بەرگرییانە بێگومان دەمانخاتە مەترسییەوە ". " نامانەوێت کشانەوەکە بۆشایی ئەمنی جێبهێڵێت. داوا لە هەموو دۆستەکانمان دەکەم یارمەتیمان بدەن ئەم توانایانە بونیاد بنێین تاوەکو بتوانین بەرگری لە خۆمان و کەرتی وزە و هەموو ناوچەکە بکەین "، مەسروور بارزانی وا دەڵێت.
لە وەڵامی ئەوەی کە ئەلمۆنیتۆر دەپرسێت: ئایا گفتوگۆتان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا دەست پێ کردووە بۆ گەشەپێدانی توانای بەرگری؟ مەسروور بارزانی نایشارێتەوە کە چەندین جار داوای سیستەمی بەرگرییان لە" دۆستەکانمان و ئەمریکا "کردووە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی" سیستەمێکی کاریگەر ". دەشڵێت" بەردەوام دەبین لە داواکردنی ".
هاوکات مەسروور بارزانی، ئەمریکا بە" دۆستێکی هەمیشە جێی متمانەی کورد "ناو دەبات و دەڵێت" بێگومان پەیوەندییەکەمان زۆر بەنرخە و ئێمە شانازی دەکەین کە هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکاین ".
هەولێر و بەغداد، ڕۆڵی زەیدی
مەسروور بارزانی لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بە" سەرکردەیەکی ڕاستەقینە و جێی متمانە "وەسف دەکات. هەروەها پێی وایە" کارە دروستەکە "بۆ عێراق دەکات.
دەشڵێت" ئێمە پشتیوانیی تەواومان بۆ هەوڵەکانی زەیدی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و چەکداماڵینی میلیشیاکان دەربڕیوە. بەبێ مەرج پشتیوانیمان کردووە تاوەکو سەقامگیری بۆ هەموو گەلانی عێراق و کوردستان بگەڕێتەوە ".
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم
مەسروور بارزانی بۆ ئەلمۆنیتۆر، لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ٢٠ مانگ، دەڵێت" زۆر جێگەی داخە "، بەڵام ئەوە بە پێچەوانەی مەیلی خۆی ناو دەبات و دەڵێت کە" ویستی من ئەوە بووە دەستبەجێ حکومەت پێک بهێنرێت، بەڵام بەداخەوە هاوبەشەکانمان هەمان تێڕوانینیان نەبوو ". " ئێمە لە سەرەتاوە حکومەتێکی سەرتاسەریمان دەویست و دەمانویست یەکێتیی نیشتمانی هاوبەشی سەرەکیمان بێت، بەڵام بەداخەوە ئەوان دەیانویست چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن؛ چاوەڕوانیی دیکەیان هەبوو. بەڵام دوای ئەنجامەکان دەرکەوت پارتەکەی ئێمە زۆرترین دەنگی هێناوە، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە هەموو عێراق. هیوامان دەخواست ئەمە هاندەر بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام وا نەبوو "، مەسروور بارزانی وا دەڵێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دان بەوەدا دەنێت کە" پێکنەهێنانی حکومەت کاریگەریی نەرێنیی هەبووە "و تەنانەت دۆستەکانیان لەسەر ئاستی جیهان بەردەوام هانیان دەدەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە.
مەسروور بارزانی دەشڵێت" تەنیا ئێمەین داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین. ئەوانەی ڕێگری دەکەن و پەرلەمانیان بە بارمتە گرتووە، دەبێت بەرپرسیار بن. من زۆر بێئومێدم کە تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە. هیوادارم هەموولایەک بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە سەروو بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی ".
کۆتایی گفتوگۆکە و ترسی مەسروور بارزانی
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، مەسروور بارزانی جارێکی دیکە دەچێتەوە سەر بابەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا، کە ترس و دڵەڕاوکێی لای بەرپرسانی هەرێم دروست کردووە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت" دەزانم ئەمریکا بڕیاری داوە بکشێتەوە و ئێمە ڕێز لە بڕیارەکانیان دەگرین. تەنیا هیوادارین بۆشایی ئەمنیی دروست نەبێت ". " دەمانەوێت پەیوەندییە بەهێزەکانمان بەردەوام بێت و گەشەی پێ بدەین بۆ هاوبەشیی ئابووری و سیاسی. هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە"، ئەمە کۆتا قسەی مەسروور بارزانییە لە گفتوگۆکەدا.