'کەنداوی فارس' لە بەرانبەر 'کەنداوی عەرەبى'؛ قالیباف و حەلبووسی لەسەر ناوی کەنداوەکە لە کۆبوونەوەکەی بەغداد و پۆستەکانی ئێکسدا بوو بە کێشەیان
پەرەگراف - ناکۆکییەکی سیمبوولی لەسەر ناوی کەنداوەکە لەنێوان سەرۆکانی پەرلەمانی عێراق و ئێران سەری هەڵداوە. کاتێک محەمەدباقر قالیباف دەستەواژەی "کەنداوی فارس" ـی بەکارهێنا و لەبەرانبەریشدا هەیبەت حەلبووسی لە پۆستێکی جیاوازدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە "کەنداوی عەرەبی" وەڵامی داوەتەوە.
قالیباف وێنەیەکی خۆی بڵاو کردەوە کە لە پشتیەوە نەخشەیەکی ئاوەکانی کەنداو هەیە و لەسەری نووسراوە "کەنداوی فارس". دواتر حەلبووسی وێنەیەکی خۆی بڵاو کردەوە کە لە پشتیەوە هەمان نەخشە هەیە، بەڵام بە ناوێکی جیاوازەوە، کە بە گەورەیی لەسەری نووسراوە "کەنداوی عەرەبی".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "پەرەگراف" کەوتوون، ململانێ لەسەر ئەم زاراوەیە لە کاتی کۆبوونەوەی ڕۆژی پێشووی نێوان هەردوو سەرۆک پەرلەمانەکە لە بەغداد هاتووەتە ئاراوە. لە کاتی گفتوگۆکەیاندا، حەلبووسی بە "کەنداوی عەرەبی" ئاماژەی بەو ئاوە کردووە، لە کاتێکدا قالیباف "کەنداوی فارس" ـی بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی هەردوولا.
ئەم ناکۆکییە دێرینەیە و مانای نەتەوەیی، مێژوویی و سیاسیی بەهێزیان لەپشتەوەیە. "کەنداوی فارس" ئەو ناوە جوگرافییە ستانداردەیە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکار دێت. ڕێنماییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٩دا دەڵێت دامەزراوەکە "کەنداوی فارس" وەک ناوێکی جوگرافیی ستاندارد بۆ ئەو دەریایەی نێوان نیمچەدوورگەی عەرەبی و ئێرانە بەکار دەهێنێت.
لە هەمان کاتدا، "کەنداوی عەرەبی" بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و دامەزراوەکانی ناوچەکەوە بەکار دێت، بەتایبەتی لە چوارچێوەیەکی سیاسی و میدیاییدا. توێژینەوەیەکی جوگرافیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ناوە دەریاییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ئاوە بە هەردوو ناوی "کەنداوی فارس" و "کەنداوی عەرەبی" ناو دەبرێت، لە هەمان کاتدا ناکۆکییە مێژووییەکانی دەوروبەری ناوە ڕکابەرەکانیش دۆکیۆمێنت دەکات.
بۆچی ناوەکە لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارە؟
ئەم ناڕەزایەتییە تەنیا لەسەر زاراوە نییە. ئێران "کەنداوی فارس" وەک ناوێکی مێژوویی و جوگرافیی چەسپاو بەکار دەهێنێت و بەتوندی دژایەتیی بەکارهێنانی "کەنداوی عەرەبی" دەکات. وڵاتانی عەرەبیی کەنداویش، ناوی "کەنداوی عەرەبی" وەک بەشێک لە چەسپاندنی ناسنامەی عەرەبیی ناوچەکە و پێگەی سیاسیی خۆیان بەکار دەهێنن.
ئەم پرسە بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا بەسیاسی کرا، کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی بەهۆی ململانێ ناوچەییەکان، نەتەوەییبوونی عەرەبی و شۆڕشی ئێرانەوە تێکچوو. دواتر زاراوە ڕکابەرەکان بوونە خاڵێکی توندی لێکترازانی دیپلۆماسی.
هەرچەندە بەکارهێنانی زاراوەی "کەنداوی فارس" بەشێکە لە سیاسەتی نووسینی فەرمیی سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام ڕێگە بە حکومەتەکان و قسەکەران دەدات زاراوەی تایبەتی خۆیان بپارێزن، کاتێک وتەکانیان دەگوازرێتەوە یان بڵاو دەکرێتەوە.
بۆچی ئەم پرسە بۆ عێراق گرنگە؟
ئەم ئاڵوگۆڕە لە ساتێکی زۆر هەستیاری پەیوەندییەکانی عێراق و ئێراندایە. عێراق پەیوەندییەکی ئابووری و وزەی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەیە، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات سەروەریی خۆی بپارێزێت و نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ لە ململانێیە فراوانەکەی ناوچەکەدا.
هەروەها کەنداو لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ عێراق گرنگییەکی ژیانیی هەیە، بەوپێیەی زۆربەی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکە لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانی باشوورەوە دەردەچێت و لە کۆتاییدا بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.
ئەم پرسە دوای پەککەوتنی گەشتی دەریایی لە ڕێگەی هورمزەوە، زیاتر بووەتە جێی بایەخ. عێراق هەوڵی داوە ڕێوشوێنێک بدۆزێتەوە بۆ پاراستنی بارە نەوتەکانی و لە هەمان کاتدا هەوڵەکانی خێرا کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی تورکیا، ئەگەری هەیە لە ڕێگەی سووریاشەوە. ڕاپۆرتە نوێیەکان باس لەوە دەکەن کە حەلبووسی داوای لە قاڵیباف کردووە بارودۆخی تایبەتی ئابووریی عێراق لەبەرچاو بگیرێت بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە.
کەنداو هەروەها چەقی ئابووریی وزەی ناوچەکەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتانی ئێران، عێراق، کوێت، عەرەبستانی سعوودی، بەحرەین، قەتەر، عومان و ئیمارات وەک وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداوی فارس (کەنداوی عەرەبی) دیاری دەکات.
دەکرێت ئاڵوگۆڕی نێوان قالیباف و حەلبووسی سیمبوولی بێت، بەڵام کاتەکەی بایەخێکی زیاتری پێ دەبەخشێت: عێراق هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپارێزێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەهێز بکات، پارێزگاری لە هەناردەی نەوتەکەی بکات و جەخت لەوە بکاتەوە کە نابێت خاک و بڕیارە سیاسییەکانی لەلایەن هێزە ناوچەییەکانەوە لە ململانێیەکانیاندا بەکار بهێنرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەو دوو نەخشەیەی کە لەلایەن سەرۆک پەرلەمانەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، تەنیا گوزارشت لە ناکۆکییەکی جوگرافی ناکەن، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ناسنامە ڕکابەرەکانی ناوچەکە و ئەو هاوسەنگییە هەستیارەن کە عێراق لەنێوان ئێران، وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و داواکارییەکانی خۆی بۆ سەروەری ڕووبەڕووی بووەتەوە.