ساڵێک بەسەر ڕووداوەکەی لالەزاردا تێپەڕى و 'دۆسیەکە لە شوێنی خۆی وەستاوە'؛ کەسوکار و پارێزەر و هاوڕێیانی لاهوور شێخ جەنگی داوای چی دەکەن؟

22-08-2026 02:53

پەرەگراف - پاش تێپەڕینی یەک ساڵ بەسەر ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار، هێشتا دادگا هیچ هەنگاوێکی جیددیی لە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانیدا نەناوە. کەسوکار و پارێزەر و هاوڕێیانی نیگەرانی لە "کەمتەرخەمی"ـی دادگاکان دەردەبڕن و داوای دەستوەردانی سەرۆکی دەسەڵاتە باڵاکان دەکەن. پارێزەکان باس لە "ئاشتەوایی" وەکوو بژاردەیەک بۆ چارەسەر دەکەن، بەڵام کەسوکاری لاهوور شێخ جەنگی ڕەتی دەکەنەوە.

دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی و برکانی و ژەمارەیەک لە هاوڕێکانی لە ئێوارەی ٢١ـی ئابی ٢٠٢٥، هێزێکی زۆری ئەمنی گەمارۆی هۆتێل لالەزاریان دا. لە بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابدا ڕووبەڕووبوونەوەی توند دروست بوو و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە، لاهوور شێخ جەنگی و برا و هاوڕێکانی دەستگیر کران. دواتر تۆمەتبار کران بە "پلانداڕێژی بۆ کوشتنی سەرۆکی یەکێتی و تێکدانی ئاسایشی سلێمانی". لەوکاتەوە دۆسیەکەیان یەکلا نەکراوەتەوە.

چەقبەستوویی دۆسیەکە

پاش یەک ساڵ لە ڕووداوەکە، پارێزەری دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی نیگەرانە لە چەقبەستوویی دۆسیەکە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دۆسیەکە لە شوێنی خۆی وەستاوە. ئێمە لە ٢٣-١٠-٢٠٢٥ـەوە داواکاریی پێداچوونەوەمان ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە کردووە. لەو کاتەوە دادگا تایبەتمەندەکانی سلێمانی ئەم دۆسیەیانەیان نەناردووە بۆ دادگای پێداچوونەوە".

دوای دوو مانگ لە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، بەهۆی سستیی کارکردن لە دۆسیەکەدا لە دادگاکانی سلێمانی، پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی داوای گواستنەوەی دۆسیەکەیان بۆ هەولێر کرد، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانیش کە باڵاترین دادگایە، داوای لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی کرد وردەکاریی دۆسیەکەی بۆ بنێرێت، بەڵام تا ئێستا دۆسیەکە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە نەکراوە.

بورهان ڕەشید، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، دەڵێت "ئەمە غەدرێکی گەورەیە و بێبەشکردنی هاووڵاتییەکە لە مافێک کە دەستوور پێی بەخشیوە. دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی لە دادگاکانی سلێمانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەوپێیەی دادگاییەکی دادپەروەرانەیان ناکرێت".

بە قسەی ئەو پارێزەرە، بەپێی یاسا ئەوپەڕی ماوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا "شەش مانگ" ـە، هەروەها ئەوپەڕی ماوەی دادگاییکردنیش هەر "شەش مانگە"، واتە دەبوو ئێستا دۆسیەکە یەکلا کرابایەتەوە.

پارێزەرەکە داوای لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد "هەڵوێستیان هەبێت و بەوشێوەیەی کە یاسا ڕێگەی بۆ داناوە، دەستوەردان بکەن".

هۆشداریی کەسوکاری لاهوور شێخ جەنگی

ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهوور شێخ جەنگی، لەبارەی دۆخی زیندانیکراوەکانەوە دەڵێت "لاهوور و دەستگیرکراوەکانی دیکەش وەک هەمیشە ورەیان بەرزە". پێیشی وایە دۆسیەی براکانی و هاوڕێکانی "سەلماندنی کە دادگای سلێمانی لەژێر هەژموونی حیزبیدایە".

خوشکەکەی لاهوور شێخ جەنگی کە ئەمڕۆ قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد، هیوای خواست "ئەم هەفتەیە" دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە و ڕایگەیاند ئەگەر وا نەبێت، هەفتەی داهاتوو پەیامێکیان دەبێت.

ئاوات شێخ جەنگی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی "سەرانی یەکێتی و لایەنەکان" ـی کرد، هۆشداریی دا کە دوای ئەم هەفتەیە "وەزعەکە لە دەستی ئێمەدا نامێنێت و لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت". وتیشی "یەک ساڵە بە هێمنی هێناومانە، هەموو لایەک دانی بەخۆیدا گرتووە".

وەکوو ئاوات شێخ جەنگی دەڵێت، تا ئێستا "٢٧ کەس" لە کەیسی لالەزار لە زیندان ماونەتەوە و سەردانیکردنیان دوو هەفتە جارێکە. ئەو وتیشی "لاهوور پێداگرە لەسەر ئازادکردنی پێشمەرگەکان و دەڵێت، تەنیا با من و پۆڵادی برام لە ژوورەوە بمێنیەوە و لە سێدارەمان بدەن، بەڵام ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوەو ئەو پێشمەرگانە ئازاد بکەن".

پەیامى بەرەى گەل بۆ نێچیرڤان بارزانى

سەرکردە و لایەنگرانی حیزبەکەی لاهوور شێخ جەنگی (بەرەی گەل)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی گلەیی و ڕەخنەئامێزیان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بەوەی کە "کەمتەرخەمە" لە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانیدا. داوایان لێ کرد کە "پێگەی یاسایی خۆی بەکار بهێنێت".

لە پەیامێکدا کە شادومان مەلا حەسەن خوێندیەوە، بەرەی گەل داوایشی لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد کە "ڕاشکاوانە و بەڕوونی" قسە لەسەر دۆسیەکە بکات.

هەروەها سەرکردە و لایەنگرانی بەرەی گەل لە پەیامێ: دا بۆ بافڵ تاڵەبانی ڕایانگەیاند "ڕاستەوخۆ ڕوومان دەکەینە سەرۆکی یەکێتی، کە چیدیکه نەبێتە کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم دۆسیەی هەڤاڵەکانمان". جەختیشیان کردەوە کە "ئێمە هێزێکی سیاسیی سەربەخۆین و هیچ پەیوەندییەکمان بە حیزبەکەی ئەوەوە (یەکێتی) نییە.

بەرەی گەل ئاماژە بە هەستیاری و چارەنووسسازیی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت" میللەتەکەمان پێوستی بە یەکگرتوویی و یەکخستنی تەواوی هێزە سیاسییەکان هەیە ".

ئاشتەوایی وەکوو چارەسەر

لە پەیامی پارێزەری لاهوور شێخ جەنگیدا بەبۆنەی تێپەڕینی یەک ساڵ بەسەر دۆسیەکەدا، "ئاشتەوایی" وەکوو ڕێگەچارەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە باس کرا. بەڵام خوشکەکەی لاهوور شێخ جەنگی ڕەتی کردەوە.

بورهان ڕەشید، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی وتی "پێویستە ئاشتەوایی بەرقەرار بکرێت" و جەتی کردەوە کە "پێمان خۆشە ئاشتەوایی هەبێت". بەڵام وتیشی "تا ئێستا هیچ ئاشتەواییەک لە ئارادا نییە و ئەگەر یەکێتی ئاشـــــتەوایی ناکات، دۆسیەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە بنێرێت".

بەڵام ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهوور شێخ جەنگی، ڕەتی دەکاتەوە هیچ هەوڵێکی ئاشتەوایی لەئارادا بێت و ڕایگەیاند "ئەوە زۆر کۆنە" کە قسەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کردووە.

لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا کە پرسیی: داوای ئاشتەوایی ناکەن؟ خوشکەکەی لاهوور شێخ جەنگى جەختی کردەوە کە "هیچ شتێکی وا لە ئاردا نییە".