ئەبوو کەلەل: کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک سیاسی نییە، زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار و ملیارێک دۆلار قەرزارە
پەرەگراف - سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە کۆمپانیای کۆڕەک "زیاتر لە چوار ترلیۆن دیناری عێراق و زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری دەرەوە قەرزارە". ئەبوو کەلەل کە خۆی سەر بە ڕەوتی حیکمەیە، ڕەتی دەکاتەوە بابەتەکە "سیاسی" بێت و دەڵێت "هەمووان دەزانن بنەماڵەکانی عەممار حەکیم و بارزانی باشترین پەیوەندییان هەیە".
بەلیغ ئەبوو کەلەل، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک لە ساڵی ٢٠٢٢ سەری هەڵدا، کە گرێبەستی مۆڵەتی کۆمپانیاکە بەسەرچوو. دواتریش پابەندی بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق نەبووە".
وەکوو ئەبوو کەلەل ئاشکرای کرد، ئێستا کۆمپانیای کۆڕەک "زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار قەرزاری دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانە، زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار قەرزاری باجە، لە دەرەوەی عێراقیش زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزارە".
سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بە گرێبەستی ڕێککەوتنێکی ١٤ خاڵی لەنێوان دەستەکە و کۆمپانیای کۆڕەکدا کرد بۆ دانەوەی قەرزەکان، بەڵام دەڵێت "بەداخەوە کۆمپانیاکە نە توانیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێشکەش بکات، نە بڕی باجی داواکراو بە عێراق بداتەوە".
"ئێمە دەمانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە ئەوان گەیاندیان بەم بارودۆخە و ناچاریان کردین ئەو ڕێکارانە بگرینە بەر. من هەشت مانگ دانم بەخۆمدا گرت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بەڵام هیچ وەڵامدانەوەیەک نەبوو"، بەلیغ ئەبوو کەلەل وا دەڵێت.
سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق جەختی کردەوە "ئەم کێشەیە سیاسی نییە و بە تەواوی هونەرییە". دەشپرسێت "ئاسیا سێڵ، زەین و سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکەی ئەم کەرتە کێشەیان نییە، بۆچی تەنیا کۆمپانیای کۆڕەک کێشەی هەیە؟ ".
"هەمووان دەزانن سەید عەممار حەکیم و بنەماڵەکەی باشترین پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەیە. تێکەڵکردنی دۆسیەکە بەمشێوەیە ڕاست نییە و هەڵەیەکی گەورەیە کە کردیان"، ئەبوو کەلەل کە خۆی یەکێکە لە سەرکردەکانی ڕەوتی حیکمەی عەممار حەکیم، وا دەڵێت.