لیستی مووچەی مانگى ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگى تەمووز ڕادەستى وەزارەتی دارایی عێراق کرا

23-08-2026 12:38

پەرەگراف - وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەمووزی بە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند.

ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە بڵاوی کردەوە "تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم، بە فەرمی لیستی مووچە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە".

هەروەها دەڵێت "لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی (مانگی تەمووزی ٢٠٢٦) ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بە ئامانجی وردبینیکردن و خێراکردنی پڕۆسەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

بەپێى لێکتێگەیشتنى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندیى عێراق، پێویستە وەزارەتى دارایى هەرێم مانگانە لیستى مووچە، تەرازووى پێداچوونەوە و ١٢٠ ملیار دینار وەکوو پشکى حکومەتى فیدراڵى لە داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، ڕادەستى وەزارەتى دارایى عێراق بکات، لە بەرانبەردا مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم خەرج دەکرێت.

چەند مانگێکە بە پاساوى کەمبوونەوەى داهات، حکومەتى هەرێم داهاتى ناوخۆى ڕادەستى بەغداد نەکردووە، لە بەرانبەردا وەزارەتى دارایى عێراق ١٢٠ ملیار دینارەکە لە پارەى مووچە دەبڕێت و دەبێت حکومەتى هەرێم خۆى کورتهێنانەکە پڕ بکاتەوە.