پەرەگراف - دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی ٢٠-٠٩-٢٠٢٦ـی بۆ دانیشتن لەسەر سکاڵاکەی نەوەی نوێ دژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کرد. سکاڵاکە داوا دەکات کابینەی نۆیەم لە ١٠-٠٧-٢٠٢٣ـەوە بە "کاتبەڕێکەر" دابنرێت و سەرجەم بڕیار و گرێبەستەکانی لە دوای ئەو ڕێکەوتە، بە پووچەڵ دابنرێن و هەڵبوەشێنرێنەوە.
سکاڵاکە لەلایەن ڕێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لەسەر مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. ناوەرۆکی سکاڵاکە لە پێنج خاڵدا ڕوون کراوەتەوە:
١- داوا دەکرێت بڕیار بدرێت بەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێکەوتی ١٠-٠٧-٢٠١٩ سوێندی یاسایی خواردووە، ماوەی یاساییەکەی لە ڕێکەوتی ١٠-٠٧-٢٠٢٣ کۆتایی پێ هاتووە.
٢- بڕیار بدرێت کە لەو ڕێکەوتەوە بە حکومەتی "کاربەڕێکردنی ڕۆژانە" (تصریف اعمال) هەژمار بکرێت، تەنیا خاوەنی ئەو دەسەڵاتانە بێت کە پێویستن بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوە گشتییەکان و گرتنەبەری ئەو ڕێکارانەی کە دواخستن هەڵناگرن.
٣- بڕیار بدرێت بەوەی کە بۆی نییە هیچ گرێبەستێکی ستراتیژی واژوو بکات، یان هەموار بکاتەوە، یان هەڵبوەشێنێتەوە. هەروەها بۆی نییە هیچ بڕیارێک بدات کە پەیوەست بێت بە نەوت، گاز، کارەبا و سامانە سروشتییەکان، یان هەر بڕیارێک کە پابەندیی دارایی، یاسایی، یان سیاسیی درێژخایەن دروست بکات.
٤- بڕیار بدرێت بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیار و ڕێکارانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی ماوەی یاساییەکەی گرتوویەتیە بەر و لە چوارچێوەی "کاربەڕێکردنی ڕۆژانە" لای داوە، بەتایبەتی بڕیارەکانی پەیوەست بە زیادکردنی نرخی کارەبا، سەپاندن یان زیادکردنی ڕەسم و باجەکان، واژووکردن یان هەموارکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی نەوت و کارەبا، هەر بڕیارێکی ستراتیژی کە پابەندیی دارایی، یاسایی، ئابووری یان سیاسی دروست بکات و کاریگەرییەکانی بۆ سەر حکومەتەکانی داهاتوو بمێنێتەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی هەموو ئەو شوێنەوارە یاساییانەی کە بەپێی یاسا لەم بڕیارە دەکەونەوە.
٥- پابەندکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەم دادگایە و ئەنجامنەدانی هیچ ئەرکێک کە لە سنووری "کاربەڕێکردنی ڕۆژانە" تێپەڕ بکات، تا ئەو کاتەی حکومەتێکی نوێ پێکدەهێنرێت کە شەرعییەتی خۆی لە پەرلەمانێک وەربگرێت کە خاوەن ویلایەتێکی دەستووری و یاسایی کارا بێت.