شاندی ئیمراڵی: هەندێک دەق بەناوی ئۆجەلان بڵاو دەکرێنەوە کە دەستکاریکراو و کەم و زیاد کراون
پەرەگراف - شاندی ئیمراڵیی دەمپارتی، بڵاوکردنەوەی هەندێک دەق لەژێر ناوی "تێبینی و کۆنووس" ـی کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان، بە "دەستکاریکراو، کەم و زیاد کراو" ناو دەبات. جەخت دەکاتەوە کە "هیچ بەڵگە، تێبینی، یان زانیارییەک کە لەلایەن شاندی ئیمراڵی، یان خێزان و پارێزەرانی ئۆجەلانەوە پەسەند نەکرابێت و پشتی بە بنەمایەکی فەرمی نەبەستبێت، نابیـت بڕوای پێ بکرێت".
ئەم ڕوونکردنەوەی شاندی ئیمراڵی کە بە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو کراوەتەوە، پاش ئەوە هات کە هەندێک میدیای سەر بە پەکەکە هەندێک زانیارییان بە ناوی ئۆجەلانەوە بڵاو کردەوە کە گوایە لە دوایین دیدار لەگەڵ شاندی دەمپارتی خستوویەتیە ڕوو. تێیدا باس لە "دۆخی چەقبەستوو" ـی هەرێمی کوردستان دەکات و پێشنیاز بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە "داواکارییەکانی گەل جێبەجێ بکات، نەک دوو بنەماڵە" ئاراستەی پارتی و یەکێتی دەکات.
شاندی دەمپارتی ڕایدەگەیەنێت "ئەو دەقانە چوارچێوە و بنەمایان ڕوون نییە و دەستکارییان کراوە، شتیان خستووەتە سەر و شتیان لێ کەم کردووەتەوە. جارێکی دیکەش دەبینرێت کە کەسایەتییەکان کراونەتە ئامانج و هەندێک دەستەواژەیان بەسەردا بڕدراوە. لە هەندێک دەقی دیکەشدا کە بە ناوی" کۆنووس "بڵاو کراونەتەوە، پڕوپاگەندەی وا دەکرێت کە ئامانج لێی چەواشەکردنی ڕایگشتی و تێکدانی ئەم قۆناغەی ئێستایە".
شاندی ئیمراڵی ئەم هەوڵانە بە "چالاکییەکی مەترسیدار بۆ تێکدانی هەڵوێستی ئۆجەلان و ئەو قۆناغەی گەیشتووەتە ئاستێکی گرنگ" ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت "ئەمە بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ مەرجێکدا قبووڵکراو نییە".
چی بە ناوی ئۆجەلانەوە بڵاو کرایەوە؟
یەکدوو میدیای نزیک و سەر بە پەکەکە "ناوەرۆکی پەیامێکی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان بڵاو کردەوە کە گوایە لە دوایین دیداری لەگەڵ شاندی (دەمپارتی) لە ٢ـی ئەم مانگە، ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەتایبەت هەرێمی کوردستانی کردووە. تێیدا مەترسیی ئەوە ڕادەگەیەنێت کە" هەر چوار بەشەکەی کوردستان ڕووبەڕووی ئەوە بوونەتەوە هەریەکێکیان ببنە غەززە ".
وەکوو ئەو میدیایانە بڵاویان کردەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتوویەتی" لەناو ئەم دۆخە ناسەقامیگیر و پێکدادانانەدا کە ئامانجی دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پرسی هەرێمی کوردستان و پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزنەبوونی لایەنەکان، وەک بابەتێکی سەرەکی دێتە ئاراوە ".
هەروەها ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە هۆشداریی داوە کە" لە هەرێمی کوردستان ئەگەر دەست بۆ چارەسەر نەبرێت، ئەوا دۆخەکە لە زیانی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی دەشکێتەوە ".
" با باشووری کوردستان خۆی بۆ ئەم گۆڕانکاری و قەیرانانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بکات. چارەسەرییەکی وەک حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک پێویستە، کە داواکارییەکانی هەموو گەل جێبەجێ بکات، نەک تەنیا دوو بنەماڵە "، گوایە ئۆجەلان وای وتووە.
هەروەها ڕێبەری پەکەکە لەبارەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان " یەکێتی و پارتی "کە بە" شەڕی ناوخۆیی ٦٠ ساڵە "ناوی بردووە، وتوویەتی" ئەگەر نەتوانین کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنین، ئەوا خەباتی ئێمەش لێرە (ئیمراڵی-پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک) تێک دەچێت. هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورک چووە ناو باشووری کوردستانەوە، هەر ئەو شەڕە بوو ".
ئۆجەلان دڵنیاییشی داوە کە" ئەگەر ئیرادەی هاوبەشمان هەبێت (ئیرادەی هاوبەشی کوردستان)، نە ئەمریکا و نە ئێران ناتوانن بەرانبەری بوەستن ". جەختیش دەکاتەوە کە " ئەم ئیرادەیە ئێران و عێراقیش بەرەو چارەسەریی دەبات ".
کێ هەواڵەکەی بڵاو کردەوە؟
بەپپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، دوو ماڵپەڕ کە نزیک و سەر بە پەکەکەن، هەواڵەکەیان بڵاو کردووەتەوە.
ماڵپەڕی (یووتۆپیا تیڤی) کە نزیکە لە پەکەکە، لە ٢٣ـی ئەم مانگە ڕاپۆرتێکی درێژی لەبارەی قسە و پەیامەکانی ئۆجەلان لە دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەمپارتی بڵاو کردووەتەوە. دواتریش ئەمڕۆ ٢٤ـی ئاب، ماڵپەڕی (ڕۆژنیوز) ـی سەر بە پەکەکە هەواڵەکەی بە ناوی" زانیاری" و بەبێ ئاماژەدان بە هیچ سەرچاوەیەک بڵاو کردەوە.