ترەمپ لەناكاو پاشگەزبووەتەوە لە هێرشكردنەسەر ئێران

21-06-2019 02:11


پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ بڕیاری هێرشكردنەسەر ئێرانی پەسەند كردووەو هێزەكانی وڵاتەكەی ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، بەڵام لە دواین ساتەكاندا ترەمپ لەناكاو پاشگەزبووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، فڕۆكەكانی ئەمریكاو كەشتییە جەنگییەكان دەستیان كردووە بە جوڵە تاوەكو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشەكە ئەنجام بدەن بۆ بە ئامانجگرتنی بنكەی مووشەكی و سیستمی ڕاداری ئێران، بەڵام دواتر و لە قۆناخی یەكەمی جێبەجێكردنی بڕیارەكەدا، ترەمپ پاشگەزبووەتەوە.

ڕوون نییە كە جێبەجێكردنی بڕیارەكە هەڵوەشێندراوەتەوە یاخود لەبەر هۆكاری لۆجیستیكی و ستراتیژی دواخراوە. ترەمپ بڕیارەكەی وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لە بەرامبەر خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی وڵاتەكەی پەسەند كردووە كە دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران خستییە خوارەوە.

دوای پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكەی، ترەمپ لە ڕێی عومانەوە نامەیەكی ئاڕاستەی ئێران كردووەو تێیدا گوتویەتی هێرشی ئەمریكا بۆسەر ئێران "خەریك بوو ڕووبدات"، هاوكات خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆو دروست نەبوونی شەڕ خستووەتە ڕوو.

پەرپرسێكی ئێران بە ڕۆیتەرزی وتووە، ڕوونە كە عەلی خامنەیی دژی هەر جۆرە گفتوگۆیەكە، بەڵام نامەكەی ترەمپی بۆ دەگوازنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە دەڵێت "ئێمە بە بەرپرسانی عومانمان گوت هەرجۆرە هێرشێك بۆسەر ئێران دەرئەنجامی هەرێمیی‌و نێودەوڵەتی دەبێت".

خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئەمریكییەكە گرژییەكانی نێوان واشنتۆن‌و تارانی زیاتر بەرزكردەوەو ترەمپ لە یەكەم كاردانەوەی دوای ئەو ڕووداوە ڕایگەیاند، ئێران هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد.

نرخی ئەو فڕۆكەیەی خراوەتە خوارەوە 120 ملیۆن دۆلارە.

هاوكات ئێرانییەكان ئەو كارە وەك پەیامێكی ڕوون بۆ ئەمریكا ناو دەبەن، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، خستنە خوارەوەی فڕۆكەكەی بە "شێوازی مامەڵەی میللـەتی ئێران لە بەرانبەر دوژمنەكانی" ناو برد و وتی "بێسەروشوێنكردنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە، پەیامێكی ڕوون و ڕاشكاوانە بوو كە پارێزەرانی سنوورەكانی ئێران لە بەرانبەر دەستدرێژیی هەر بێگانەیەك كاردانەوەی یەكلاكەروەیان دەبێت".

سەلامی ئاماژەی بەوە كرد "گفتوگۆ لەژێر فشار و دۆخێكی نابەرانبەردا، تەسلیمبوونە، بۆیە میللـەتی ئێران بە ڕەهایی گفتوگۆ ڕەتدەكاتەوە".

فڕۆكەكە لە جۆری ئاڕ كیو-4 گڵۆباڵ هاوك بووەو جۆرێكی پێشكەوتووی فڕۆكەی ئەمریكییە، لە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران خراوەتە خوارەوە، ئێران دەڵێت، فڕۆكەكەی لە ڕێگەی (سیستمی بەرگریی مووشەكیی سێی خورداد)ـەوە خستووەتە خوارەوە.

سیستمی بەرگریی مووشەكیی سێی خورداد ساڵی 2014 لەلایەن ئێرانە دروست كراوە. سیستمەكە هەڵگری مووشەكی مامناوەندە و دەتوانێت لە بەرزیی 25 كیلۆمەتردا ئامانج بپێكێت. لە یەك كاتدا توانای هاویشتنی هەشت مووشەك و پێكانی چوار ئامانجی هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا ئێرانییەكان لەسەر سیستمە بەرگرییەكە بڵاویان كردووەتەوە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرە جیاوازەكانی فڕۆكە و مووشەكی كرووزی هەیە. پاش بەرهەمهێنانیشی، تاران خۆی بە تاكە وڵاتی ڕۆژئاوای ئاسیا ناوبردووە كە توانیویەتی لە دروستكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا پێشكەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێت.