پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەڕێوە دەچێت

23-06-2019 01:35
23/6/2019، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ. وێنە: ئاژانسی ئەنادۆڵ

پەرەگراف

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە بەشداریی زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگدەر لە ٣٩ شارۆچكە بەڕێوە دەچێت. چوار كاندید بەشدارن و دوو كاندید ڕكابەری سەرەكین.

لە كاتژمێر 8ی بەیانیی ئەمڕۆوە پرۆسەكە دەستی پێ‌ كردووە و تا 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

ئەو كاندیدەی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبووڵ دەباتەوە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرۆكی شارەوانیی ئەو گەورەشارەی توركیا دەبێت.

بینالی یەڵدرم كاندیدی هاوپەیمانیی جمهوور بە سەرۆكایەتیی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاك پارتی) و ئەكرەم ئیمامئۆغڵوو كاندیدی هاوپەیمانیی میللـەت بە سەرۆكایەتیی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، ململانێ‌ لەسەر بردنەوەی ئەو پۆستە دەكەن. هەریەكە لە نەجدەت گۆكچنار كاندیدی پارتی سەعادەت و مستەفا ئیلكەر یوجەل كاندیدی پارتی وەتەنیش خۆیان بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەربژێر كردووە.

لە پرۆسەكەدا ٣١ هەزار و ٣٤٢ سندووقی دەنگدان بۆ ١٠ ملیۆن و ٥٦٠ هەزار و ٩٦٣ دەنگدەر لە ٣٩ شارۆچكەی ئیستەنبووڵ دانراوە، ٦٢سندووق بۆ گرتووخانەكان و ١٥٦ سندووقی گەڕۆك بۆ نەخۆش و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دابین كراوە.

لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، لیستی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكانی ٣١ی ئادار هیچ نوێكارییەكی تێدا نەكراوە و لەم هەڵبژاردنەشدا بەكار دەهێنرێت.

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە ٣١ی ئادار، لە 6ی ئایاردا بڕیاری دا بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی گەورەشاری ئیستەنبووڵ و بەڵگەنامەی فەرمیی هەڵبژاردن كە بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵووی كاندیدی براوەی جەهەپەی دابوو، هەڵوەشاندەوە.

ئەم هەنگاوەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا دوای ئەوە دێت کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە 31-3-2019، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت (لە جەهەپە و ئیی پارتی پێكدێت) بە پشتیوانیی كورد سەركەوتنی بەسەر بینالی یڵدرم، كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەدەستهێنا، بەڵام ئاكپارتی ئەنجامەکانی ڕەتکردەوە.