نێچیرڤان بارزانی‌و توركیا فشار دەكەن بۆ دانانەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستەكەی

23-06-2019 07:00
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە پۆستەكەی "دەمێنێتەوە". وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە ژێر فشاری تووندی نێچیرڤان بارزانی‌و توركیادایە، بۆئەوەی ئاشتی هەورامی وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان دابنرێتەوە.

مەسرور بارزانی كە لە دواین قۆناغەكانی ئامادەكردنی لیستی ناوی وەزیرەكانی كابینەكەیدایە، لەگەڵ ئەوەدا نییە ئاشتی هەورامی بمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت لەژێر باری ئەو فشارانە دەربچێت، بەتایبەت لەكاتێكدا توركیا دەروازەی هەناردەی نەوتی هەرێمە بۆ بازاڕەكانی جیهان‌و كلیكی نەوتەكەی هەرێمی لەدەستدایە، هاوكات پارەی فرۆشتنی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتە بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی هەروەك كابینەكانی پێشووتر.

سەرچاوەیەكی باڵا كە بەوردیی ئاگاداری فشارەكانە بۆ پەرەگراف وتی "توركیا بەردەوام لەسەر هێڵەو بە پێداگرییەوە فشار دەكات بۆ دانانەوەی ئاشتی هەورامی، هەروەها نێچیرڤان بارزانی تا ئاستی شەڕ لەسەر كردن فشاری هەیە بۆ هێشتنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستەكەی".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، مەسرور بارزانی پێی باش بووە ئاشتی هەورامی دانەنرێتەوە، "نایەوێت چاوی ڕاگەیاندنەكان‌و لایەنە ڕەخنەگرو ناڕازییەكان لەسەر ئەو وەزارەتەی كابینەكەی بمێنێت بۆئەوەش پێیوایە یەكەم هەنگاو دوورخستنەوەی ئاشتی هەورامییە".

سەرچاوەكە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت لەبەرئەوەی ڕێگە پێدراو نییە قسە بۆ ڕاگەیاندن بكات، وتیشی "لەژێر فشارەكاندا مەسرور بارزانی ڕازی بووە بە مانەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستەكەی‌و لانی كەم بۆ دوو ساڵی یەكەمی كابینەكەی دەمێنێتەوە".

ئاشتی هەورامی لەسەرەتای دروستبوونی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە حكومەتی هەرێم لەو پۆستەدایەو ئەندازیاری دەرهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێمە بۆ دەرەوە، ئەوەش بە پاڵپشتی‌و سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی هەرێم لە چوارچێوەی هەنگاونان بەرەو ئابوریی سەربەخۆی كوردستان.

هەورامی لە ماوەی چەندین ساڵی بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتەدا زۆرترین ڕەخنەی ڕوبەڕو بووەتەوەو بەردەوام چاوی ڕاگەیاندن‌و لایەنە ناڕازییەكانی لەسەر بووە، دیارترین ڕەخنەكان ناشەفافیەت لە بەرهەم هێنان‌و هەناردەی نەوت‌و ناڕوونی لە پارەی فرۆشتنی نەوت بووە لەگەڵ بە دامەزراوەیی نەكردنی وەزارەتەكەی، لەسەر ئەو پرسانەش چەندینجار تۆمەتی قورسی گەندەڵیی ئاڕاستە كراوە.

ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە دیارترین مەلەفە كە نێچیرڤان بارزانی بە كەسی یەكەمی دادەنرێت‌و لەماوەی حوكمڕانیی ئەودا ئەو پرسە سەرپێ كەوتووە، هەربۆیە ئێستا كە لە سەرۆكایەتی حكومەت نەماوە نایەوێت ڕۆڵی لەو پرسەدا نەمێنێت، دەیەوێت ئەوە بە دانانەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستەكەی دەستەبەر بكات.

دەرهێنانی نەوت‌و هەناردەكردنی بە بۆریی سەربەخۆی هەرێم، نیگەرانیی حكومەتی ناوەندیی لێكەوتەوەو گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی عێراق ساڵی 2014 بودجەی هەرێمی بڕی‌و تائێستاش پەیوەندییەكان لەسەر ئەوپرسە ئاسایی نەبوونەتەوەو بودجەی هەرێم نانێردرێت.

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم، وایكرد پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری لەنێوان هەرێم‌و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت توركیا دروست ببێت‌و ساڵی 2013 گرێبەستێكی 50 ساڵە لە نێوان هەولێرو ئەنقەرە واژۆكراو زۆر كۆمپانیای زەبەلاحی جیهانیی هاتنە كوردستان، بەڵام ئەمانە لە پرسێكی وەك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا كاریگەرییان نەبوو لە كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر هەرێم.

توركیا نەك هەر پشتیوانیی ڕیفراندۆمەكەی نەكرد، بەڵكو چەندینجار سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی سنورو ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كرد، ئەردۆغان ئەوكات وتی "با بزانین ئیدارەی خۆجێی باكووری عێراق لە چ كەناڵێكەوە نەوت بۆ كوێ دەگوازێتەوەو بە كوێی دەفرۆشێت؟ كلیلەكە بەدەست ئێمەوەیە، هەر كە قوفڵی بدەین ئەو كارە تەواو دەبێت".

هەربۆیە ئێستا مەسرور بارزانی لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا ڕەنگە نەتوانێت فشارو داواكارییەكانی توركیا نادیدە بگرێت.