پشكی حەج بۆ هەرێم زیاد كرا و نرخی حەجی بازرگانی كەمكرایەوە

27-06-2019 04:57

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ڕایگەیاند: دوو هەزار كەس بۆ پشكی حەجی هەرێم زیاد كراوە و نرخی حەجی بازرگانیش بۆ شەش هەزار و 500 دۆلار كەمكراوەتەوە.

قاسم ڕەسووڵ بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پاش هەوڵ و چاوەڕوانییەكی زۆر، درەنگانێكی شەوی ڕابردوو لە بەغداوە هەواڵیان پێ‌ داین كە ئەو پشكە زیادەی بۆ حەجی ئەمساڵ بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە سنووری دوو هەزار كەسدا دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە كرد، پشكی هەرێمی كوردستان چوار هەزار و 880 كەس بوو، كە پێشتر بە تیروپشك یەكلایی كراوەتەوە.

لەبارەی دابەشكردنی پشكە زیادەكەش، قاسم ڕەسووڵ بەرزنجی وتی "ئەو كەسانەی كە لە پشكی سەرەكی ناویان هەبووە، بەڵام لە ماوەی ئەو 20 ڕۆژەی كە بۆیان دیاری كرابوو نەیانتوانی مامەڵەكانیان بكەن و بێبەش بوون، دەتوان ئێستا لەسەر ئەم پشكە زیادە بچن مامەڵەكانیان بكەن".

هەروەها ئەوانەی كە بۆ ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 بە یەدەگ دانراون، ئەوانیش دەتوانن لەو پشكە زیادەیە سوودمەند بن و مامەڵەی حەج دەست پێ‌ بكەن.

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ڕایگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكانیش لە نووسینگەی وەزیری ئەوقاف ناوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار كردووە، بەپێی توانا ئەوانیش لەو پشكەی كە زیاد كراوە سوودمەند دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ڕایگەیاند "بۆ ئەمساڵ هەزار و 500 دۆلار لە نرخی حەجی بارزگانی كەمكراوەتەوە و كراوە بە شەش هەزار و 500 دۆلار".

ڕۆژی شەممە 29-6-2019 نانوووسین بۆ حەجی بازرگانی لە كاژێر 8:00ی بەیانی تا 1:00ی نیوەڕۆ، هەروەها لە 2:30ی پاش نێوەڕۆ تا 6:00ی ئێوارە دەبێت و كۆتایی دێت. ئەو كەسەی ناو تۆمار دەكات پێویستە پاسپۆرتی پێ‌ بێت.

ئەو شوێنانەی كە ناویان لێ‌ دەنووسرێت: هەولێر، مزگەوتی حاجی سەواف. سلێمانی، مزگەوتی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس. دهۆك، دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە. هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕینیش هەر لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ناو تۆمار دەكرێت.