هێزێكی چەكدار لە هەرێمی كوردستان خۆی ڕاگەیاند

27-06-2019 09:42
هێزەكە لە كاتی خوێندنەوەی بەیاننامەی خۆ ڕاگەیاندن


پەرەگراف

هێزێكی چەكدار لە هەرێمی كوردستان خۆی ڕاگەیاندو دەڵێت، لە بێ هەڵوێستیی حكومەتی عێراق‌و هەرێم بۆ پاراستنی سەروەریی خاكەكەیان ئەوان دروست بوون‌و پێگەكانی سوپای توركیا دەكەنە ئامانج.

هێزەكە لە ژمارەیەك كوڕو كچی گەنج پێكدێن، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەون كە ڕاگەیاندنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بڵاویانكردووەتەوە، ئەندامانی هێزەكە دموچاویان بە دەمامك داپۆشراوەو بەیاننامەی خۆ ڕاگەیاندنیان لە ژێر ناوی (هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی باشووری كوردستان) بە كوردی‌و عەرەبی دەخوێننەوە.

لە بەیاننامەكەدا دەڵێن "وەك هەموولایەك ئاگادارن، لە تەواوی ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی تەعریب كردن و تاڵانكردن و كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان مەدەنی دەستی پێكردووە. لە هەمان كاتدا دەوڵەتی عوسمانیی نوێ، داگیركارییەكی نوێ لەسەر گشت كوردستان و بە تایبەتی هەرێمەكانی برادۆست و كەركووك و بادینان بەڕێوە دەبات. بەداخەوە چەند هێزیكی باشووری كوردستان بۆ ئەم داگیركارییە نوێیە هاوكارن و بێ هەڵوێستن، بۆ تاڵانكردنی بەها و كلتور و فەرهەنگ و لەسەروی هەموویانەوە ئابووری و جوگرافیای باشووری كوردستان".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا، ئەو هێزە باسلەوە دەكات، ئەوان "لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییەدا دروست بوون"، كە لە هەرێمەكەدا هەیەو ئامانجیان پاراستنی بەها و كولتور و دەستكەوتەكانی باشووری كوردستانە بە تەواوی پێكهاتە و ئایین و باوەڕە جیاوازەكانەوە.

"داوا دەكەین لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە بەرامبەر ئەم داگیركارییە نوێیەدا بێدەنگ نەمێنن و هەوڵی پاراستنی سەرەوەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بدەن، پێوستە باش بزانن ئێمە لە بێ هەڵوێستی ئەوان دروست بووین" هێزە نوێیەكە وادەڵێت.

ئەندامانی هێزە نوێیەكە لەكاتی بە فەرمی خۆ ڕاگەیاندندا.

خۆ ڕاگەیاندنی ئەو هێزە نوێیە لە كاتێكدایە، شەڕی سەخت لە نێوان گەریلاكانی پەكەكەو سوپای توركیا لە ناوچە سنورییەكانی ناو خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەو هێزە نوێیە لە هەفتەی یەكەمی ئەم مانگەدا لە زاخۆ چالاكییەكی لە دژی سوپای توركیا ئەنجامدا كە تێیدا ژمارەیەك سەرباز كورژان.

ئەمڕۆش لە بەیاننامەی بە فەرمی خۆ ڕاگەیاندنیدا دەڵێت "لە ئەمڕۆ بەدواوە درێژە بەم شێوازە چالاكییانە دەدەین لە هەر جێگایەكی باشووری كوردستان تەواو پێگەكانی سوپای داگیركەران دەبنە ئامانجی سەرەكی هێزەكانمان".

هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی داوا لە خەڵكی كوردستان‌و لایەنە سیاسییەكان دەكات هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت لە بەرامبەر داگیركەران، ڕووەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت "داوا لە دەسەڵاتدارانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین چیتر ڕێگە بۆ داگیركاری خۆش نەكەن و دووبارە توانایان بخەنە خزمەتی گەل".