
پەرەگراف
سەركردایەتی یەكێتی پشتیوانیی ئەو لێكتێگەیشتنە دەكات كە لە نێوان حیزبەكەیانو پارتی هاتووەتە ئاراوە لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت، لەم هەفتەیەدا ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی واژۆ دەكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوەو تاوتوێی پشكو بەركەوتەی یەكێتی كرد لە كابینەی نوێی حكومەت بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی لەگەڵ پارتی هەیانەو ڕێككەوتنی كۆتایی لێدەكەوێتەوە، كۆبوونەوەكە دوای ئەوەهات هەر ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەمان لێكتێگەیشتنی لەگەڵ پارتی پەسەند كرد.
دوای كۆبوونەوەكە لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی بە میدیاكانی حیزبەكەی ڕاگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەسەر ئەو لێكگەیشتنە كردووە كە پەیوەندی بە پشكەكانی یەكێتی هەیە لە سیستمی حكومڕانی كوردستان، بەسەرۆكایەتییەكان و وەزارەتەكانەوە، "كۆمیتەی سەركردایەتیش هەم دەستخۆشی و هەم پشتگیریان لەو لێكگەیشتنە كرد."
دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی دورودرێژ، 3ی ئەم مانگە پارتیو یەكێتی گەیشتنە لێكتێگەیشتنی كۆتاییو بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێككەوتنی كۆتایی ڕاگەیەندرا.
وتەبێژەكەی یەكێتی باسلەوە دەكات، ڕێككەوتنەكە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە نەبووە، "بەڵكو ڕێككەوتنێكی دورودرێژە لە دانوسانێكدا كە چەند هەفتەیەكی خایاندووە لەلایەن وەفدی ئێمە و دەرەوەی وەفدەكەش كە لە كۆتایی دانوساندنەكاندا پێویستی بەوە بووە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان كاك كۆسرەت و كاك مەسعود دا ئەنجام بدرێت و دانوستانێكی ئاسانیش نەبووە و قورس بوو."
لەتیف شێخ عومەر وتیشی، لەم هەفتەیەدا ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی واژۆ دەكەن.
هێشتا پارتیو یەكێتی ئامادەنین بە فەرمیی ئەو پۆستانە ئاشكرا بكەن كە بۆ یەكێتی دیارییكراون بەپێی ڕێككەوتنی نێوانیان، پێشتر وتەبێژی یەكێتی وتی"كێشەمان نەماوە لەسەر ئەو پرسانە"، وتیشی"ئەو مەبدەئەی ئێمە داوامانكردووە پارتی قبوڵی بووە كە بەشداری كاریگەری یەكێتییە لە هەموو جومگەكان بە سەرۆكایەتییەكانەوە، ئەوە جێگیر بووە."
پێشتر پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵاوە ئەوەی ئاشكرا كرد، بەپێی لێكتێگەیشتنەكەی پارتیو یەكێتی، جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی حكومەت، "5 وەزارەت بۆ یەكێتی دانراوەو پۆستێكیش لە سەرۆكایەتی هەرێم زیاد دەكرێت(بەناوی جێگر یان یاریدەدەری سەرۆك) دەدرێت بە یەكێتی."
پۆستەكانی دیكەش لە خوار وەزیرەوە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، كە بریكاری وەزیرو سەرۆكی دەستەكانو نوێنەرایەتییەكانی هەرێمن لە دەرەوە.
188 ڕۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوەو تائێستا تەنها لە نێوان پارتیو گۆڕان ڕێككەوتن واژۆ كراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێو دابەشكردنی پۆستەكان، ئەو دوو حیزبە پێكەوە لە پەرلەمان هەنگاوی هاوبەشیان دەستپێكردووەو لەسەر ئەو بنەمایە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كراوەو یەكێتیش بۆیەكەمجار ئامادەی خوێندنەوەی دووەمی ئەو پڕۆژە یاسایە بوو.
بەپێی پڕۆژە یاساكە، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوەو سەرۆك لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، تائێرە پارتیو گۆڕان هاوڕاو كۆكن، بەڵام لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنو هەمان دەسەڵاتەكانی پێشوویان دەبێت، گۆڕانكاریی لە دەسەڵاتەكان هێڵراوەتەوە بۆ كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان.
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی پۆستەكەی بۆ یەكلایی بووەتەوە، دواتر كابینەی نوێی حكومەت ڕادەسپێرێتو مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی دەستدەكات بە دروستكردنی كابینەكەی.