پەرەگراف ڕێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پارێزگاری كەركوك ئاشكرا دەكات

01-07-2019 10:29
بەپێی ڕێككەوتنی واژۆكراوی یەكێتی‌و پارتی(3-3-2019) چارەسەری پرسی كەركوك دراوەتەدەست بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتوون پارێزگاری كەركوك كەسێكی ئەكادیمی ناحیزبی بێت، بەڵام یەكێتی دیاریی بكات‌و پارتی پەسەندی بكات، ئەمە بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵا بۆ پەرەگراف.

ڕێككەوتنەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی هاتووەتە ئاراوەو هەردوولا پێكەوە كاردەكەن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شاری كەركوك بەتایبەت لەڕووی سەربازییەوە، ئەوەش وەك زەمینەخۆشكردن‌و پشتیوانییكردنی ئەو پارێزگارە كوردەی بڕیارە دابنرێت، تا سەركەوتووبێت لە كارەكانیدا.

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتییە بۆ پەرەگراف وتی"ڕێككەوتوون كەسێكی ئەكادیمی ببێت بە پارێزگاری كەركوك كە پلەو پۆستی حیزبیی نەبێت، بەڵام یەكێتی كاندیدی دەكات‌و پارتی ڕەزامەندی لەسەر دەدات".

هێشتا ئەو دوو حیزبە لەسەر ئەو كەسە ڕێك نەكەوتوون‌و ناوێكی دیاریكراویان پەسەند نەكردووە، سەرچاوەكە وتیشی "ئێستا بەهێزترین ناو كە لەگەڵ ڕێككەوتنەكەدا بگونجێت‌و یەكێك بێت لەوانەی یەكێتی پێشتر خستوویەتییە بەردەست پارتی، د.عومەر ئینجە جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوكە".

دەرئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و دوو كاتژمێر گفتوگۆكردنیان كە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بەوجۆرە گرێكوێرەی نێوانیان لەبارەی كەركوك دەكاتەوە.

هاوكات كردنەوەی ئەو گرێكوێرەیە دەبێتەهۆی لابردنی بەربەستی بەردەم پێكهێنانی كابینەكەی مەسرور بارزانی، بەوپێیەی یەكێتی ڕادەستكردنی ناوی بۆ پۆستە وەزارییەكانی بەستبووەوە بە ڕێككەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك‌و ئەوەی كردبوو بە پێش مەرج.

پارتی كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017و گەڕانەوەی هێزی عێراق بۆ كەركوك نەگەڕاوەتەوە بۆئەو شارە، بەردەوام ناڕازیی بووە لە دۆخی ئەمنیی‌و سەربازیی كەركوك، هەربۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ یەكێتی هاوڕابوون كە پێكەوە كاربكەن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە بەجۆرێك هێزە سەربازییە جۆراوجۆرەكان بچنە دەرەوەو دۆسیەی ئەمنیی بەدەست پۆلیسەوە بێت.

"پارتی پێیوایە بەو دۆخەی ئێستاوە دانانی پارێزگارێكی كورد هیچ ناگۆڕێت، هەربۆیە كاردەكەن بۆ ئەوەی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ دەستبەكاربوونی پارێزگارە نوێیەكە بێت بۆئەوەش لە بەغداوە بەرەوپێشچوونی باش هەیە" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

هەرچەندە پارتی‌و یەكێتی دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان ڕێككەوتنیان ڕانەگەیاند، بەڵام دڵشاد شەهاب ئەندامی وەفدی پارتی ئەوەی خستە ڕوو، ئێستا لەهەمووكات زیاتر نزیكن لە ڕێككەوتن.

"ئەمڕۆ لە هەموو كاتێكی تر زیاتر نزیكین لەوەی هەنگاوی كرداری بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بنرێت و تێگەیشتنێكی باش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی هەیە لەگەڵ هەنگاوە هاوبەشەكان كە پارتی‌و یەكێتی پێكەوە لە لیژنەكاندا بەشداربوون" دڵشاد شەهاب وای وت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی باسیلەوەش كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆیان لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك كردووە، وتی "بە دانانی یەكێك لە كەسایەتییەكانی شارەكە كە خزمەتی ئەو شارەیان كردووە و ئامادەییان تێدایە ببنە پارێزگاری كەركوك نەك هیچ حیزب و نەتەوە و فراكسیۆنێك. بۆچوونی پارتی و یەكێتی وایە ئەو كەسەی لە دواجاردا وەكو پارێزگاری كەركوك ناوی ڕادەگەیەنین‌و پشتیوانی دەكەین، كاندیدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی دەبێت، پاشان كاندیدی لیستی برایەتی و سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوكیش".

پارێزگاری كەركوك لەناو ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێت‌و پشكی لیستی برایەتی كەركوكە كە پارتی‌و یەكێتی تێدایەو زۆرینەی ئەندامەكانی پارتین، هەربۆیە یەكێتی بەبێ پارتی ناتوانێت ئەو پۆستە یەكلایی بكاتەوەو سەرجەم ئەو هەوڵانەی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی كەركوك‌و لە بەغداوە داویەتی بۆئەو مەبەستە شكستیان هێناوە، هەروەها پارتی هەموو كەسێكی یەكێتی قبوڵ نییە تا ئەو پۆستە وەربگرێت و تائێستا چەندین ناوی ڕەتكردووەتەوە كە یەكێتی خستوویەتییە بەردەمی تا یەكێكیان ببێتە پارێزگاری كەركوك.

لای خۆیەوە لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ دڵشاد شەهاب، ئەوەی خستە ڕوو، سەرباری پرسی كەركووك، لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لەوە كردووە هەمووان دەبێت پەلە بكەن لە وادەی خۆی یان لە پێش وادەی خۆیشیدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك بێت و دەست بە كارەكانی بكات.

وتەبێژی یەكێتی وتیشی "ئێمە وەكو شەریكێكی ڕاستەقینەی بەرپرسیار ئامادەیی و پەرۆشیی خۆمان بۆ بەشداری و پێكهێنانی حكومەت ڕاگەیاندووەو لەوبارەوە هەنگاوەكانمان دەست پێ‌ كردووە، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ هەنگاوەكان بۆ چارەسەری پرسی كەركوك".

بەهۆی دیارینەكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كە هۆكاری ڕادەست نەكردنی ناوی وەزیرەكانە لەلایەن یەكێتییەوە، هێشتا مەسرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت نەیتوانیوە كابینەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمانی كوردستان.

دوێنێش پەرلەمانی كوردستان تەمەنی وەرزی بەهارەی خۆی بۆ ماوەی 15 ڕۆژ درێژ كردەوە، ئەوەش لەپێناو پەسەندكردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە پێویستە تا 12ی ئەم مانگە پێكهاتەی كابینەكە لەلایەن مەسروور بارزانییەوە ئاڕاستەی پەرلەمان بكرێت بۆ دەنگدان لەسەری.