نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ناوی خۆی دەگۆڕێت‌ و لە شاسوار عەبدولواحید جیادەبێتەوە

02-07-2019 04:34

پەرەگراف - سەنگەر سالار

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق ناوی خۆی بۆ (ئایندە) گۆڕی. پەرلەمانتارێكیان دەڵێت: لەمەودوا وەكو ئاراستەیەكی سیاسیی جیاواز كار دەكەین و پەیوەندیمان بە نەوەی نوێ‌ و شاسوار عەبدولواحیدەوە نامێنێت.

سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ناوی فراكسیۆنەكەمان لە نەوەی نوێ‌ بۆ فراكسیۆنی ئایندە گۆڕیوە".

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ دەڵێت "پاش ئەوەی پێشتر بەیاننامەمان ئاراستەی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كرد بەوەی كە بگەڕێتەوە بۆ كاری سیاسی و سەرۆكایەتیی جووڵانەوەكە بكات، دیارە وەڵامەكەی ئەو نەرێنی بووە، بۆیە ئێمە بڕیارمان دا لەگەڵی بەردەوام نەبین".

سەركەوت شەمسەدین بۆ پەرەگراف وتی "لە ئێستاوە وەكو ئاراستەیەكی سیاسی جیاواز و سەربەخۆ كار دەكەین".

لەبارەی ڕەنگدانەوەی ئەم ئاراستە سیاسییە لەناو جووڵانەوەی نەوەی نوێدا، ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ‌ باسی لەوە كرد ئێستا تەنیا وەكو فراكسیۆنەكە ئەو هەنگاوەیان ناوە، بەڵام "بەشێكی زۆری كەسایەتییە دیارەكان كە لە نەوەی نوێدان، لەگەڵ دەنگدەرانی جووڵانەوەكە، پشتوانی لەم ڕەوتە نوێیە دەكەن".

لەبارەی ئایندەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان، ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد "لەگەڵ فراسیۆنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستانیش گفتوگۆمان لەوبارەیەوە كردووە. زیاتر لە نیوەیان لەگەڵ ئێمەدان، بەڵام لە ئێستادا پەیڕەوی ناوخۆ ڕێگرە لەوەی بە فەرمی ئەمە ڕابگەیەنن. ئێمە هەردوو فراكسیۆنەكەمان پێكەوەین".

"لەمڕۆوە بە شێوەیەكی كرداری ئاراستەیەكی سیاسیی جیاوازمان ڕاگەیاند و چیتر هیچ پەیوەندییەكمان بە نەوەی نوێوە نەماوە. هەنگاوەكانمان بەو ئاراستەیەن كە لە داهاتوودا سەركردایەتیی ئۆپۆزسیۆن بكەین لە هەرێمی كوردستان"، سەركەوت شەمسەدین بۆ پەرەگراف وای وت.

دەربارەی ئەگەری دروستكردنی پارتێكی نوێ‌ لەلایەن ئەم ڕەوتەوە، ئەو پەرلەمانتارە وتی "جاری تەنیا وەكو ئاراستەیەكی سیاسی كار دەكەین. ئێستا زەمینەی دروستبوونی هێزێكی سیاسیی لیبراڵی مەدەنی لەئارادا نییە، بەڵام زەمینە بۆ كاری پەرلەمانی و لەناو كۆمەڵگە و نوخبەی ڕۆشنبیردا هەیە، بۆیە جارێ‌ لەو چوارچێوەیەدا كار دەكەین".