جەمیل بایک داوای گواستنەوەی ئۆجەلان لە زیندانەوە بۆ ماڵێکی پارێزراو دەکات

04-07-2019 01:47
جەمیک بایک، هاوسەرۆکی کۆما جاڤاکین کوردستان(کەجەکە). وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جاڤاکین کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە ئێستا ساتەوەختی بەرقەراربوونی ئاشتییە لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا، داواش دەکات ئەو هەلە بەفیڕۆ نەدرێت، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە عەبدوڵا ئۆجەلان نوێنەری ئەوانە بۆ هەموو گفتوگۆیەکی ئاشتی و داوای گواستنەوەی ڕێبەری پەکەکەش دەکات لە زیندانی ئیمراڵیەوە بۆ ماڵێکی پارێزراو.

لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە، جەمیل بایک، یەکێک لە پێنج دامەزرێنەرەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هاوسەرۆکی ئێستای کۆما جڤاکین کوردستان (کەجەکە-چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) ڕایدەگەیەنێت "ئێمە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازی ململانێی نێوان دەوڵەتی تورک و گەلی کوردداین. دەرفەتێکمان هەیە بۆ ئەوەی لە ناکۆکییە لەمێژینەییەکانەوە بڕۆین بەرەو چارەسەرێکی هەمیشەیی. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، ڕەنگە دەرفەتێکی هاوشێوە بۆ ئەم نەوەیە نەیەتە پێشەوە".

بایک باس لەوەش دەکات کە لە سەرەتای دروستبوونی کۆماری تورکیاوە لەساڵی 1923، کورد خەباتی کردووە بۆ ئەوەی وەک هاوڵاتییەک دانی پێدا بنرێت، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین جۆری جیاکاریی و ستەمکاریی بووەوە، "دوای هەوڵدانی بێ سوود بۆ ماوەی پێنج دەیە لەپێناو بەرەوپێشچوون لە سیستمە سیاسییەکەدا، بەڵام ئێمە هیچ بژاردەیەکمان لەبەردەمدا بۆ نەمایەوە جگە لە پەنابردن بۆ بەرخودانی چەکداریی".

هاوسەرۆکی کەجەکە لە وتارەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەسەرەتای ساڵانی 2000 و هەڵکشانی پارتی داد و گەشەپێدان و پێداگریی ئەو پارتە لەسەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەو پارتە نکۆڵییان لە بوونی پرسی کورد کردووە، بەڵام دواتر ناچاربوون دانی پێدا بنێن، "ئێمە چەند هەوڵێکمان دا تا بە نیەتێکی باشەوە لەگەڵ حکومەت گفتوگۆ بکەین، لەنێویاندا ڕاگرتنی شەڕ. هەموو جارێک، پارتی دەسەڵاتدار تەنها کاتێک پابەندی ئاشتیی بووە تا ئەو کاتەی وەک ئامڕازێکی سیاسیی بەکاریهێناوە".

"دواتر، لە ساڵی 2012، سەرەڕای بەربەستی گەورە، پەکەکە ئاگربەستێکی ڕاگەیەند. پەکەکە هەموو ئەو سەرباز و پۆلیسە تورکانەی ئازاد کرد کە دەستبەسەربوون، هەروەها هێزەکانمان وردە وردە دەستیانکرد بە کشانەوە لە تورکیا. ئەوەش دەرچەیەکی بۆ گفتوگۆکان کردەوە"، جەمیل بایک وا دەنووسێت. هەروەها نووسیوویەتی "لە 28ی شوباتی 2015، دوای دوو ساڵ لە گفتوگۆ، نوێنەرانی گەلی کورد و دەوڵەتی تورکیا گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە گوزارشت بوو لە هیوا هاوبەشەکانمان بۆ ئاشتی. بەڵام کاتێک ئەردۆغان زانی چیتر گفتوگۆکان لە سوودی پارتەکەیدا نین لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، جارێکی دیکە پێکدادانی هەڵبژاردەوە".

جەمیل بایک هێما بۆ ئەوەش دەکات کە دواتر شەڕ لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی دەوڵەت دەستی پێکردووەتەوە و گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی هەردوولا بە یەکجاری کۆتاییان هات.

"ئێستا ئەردۆغان شۆڕشی دیموکراتیی کوردەکانی سوریا و شکستی دەوڵەتی ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک بۆ سیاسەتی کوردیی دەوڵەتی تورکیاو ویستی خۆی بۆ دەسەڵات دەبینێت. ڕێکخراوەکەی ئێمە دەیەوێت هەموو گەلانی سوریا بە ئازادیی ببینێت و دیموکراسییەکی ڕاستەقینە لە هەموو وڵاتەکەدا هەبێت. کورد، عەرەب و ئاشوورییەکان ئێستا لە باکوری سوریا خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی خۆیان دامەزراندووە کە لەلایەن ئۆجەلان لە ساڵانی زیندانیدا، پەرەی پێدراوە و خراوەتە سەر ئەرزی واقع".

"ئێمەش لە باسکردنی ئەو ئاڵنگارییانەدا هەڵەی خۆمان هەبوو. ئێمە دڵسافبووین و وەها بیرمانکردەوە کە پرسی کورد تەنها لەڕێی گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆغان چارەسەر دەبێت. لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەیەکی زۆر ئاڵۆز و پەیوەنديدار بە ئاڵنگارییەکانی دیکە، دەبوایە باشتر کارمان بکردایە بۆ بەشداریی پێکردنی هەموو هێزە دیموکراتییەکانی تورکیا. بەهەمان شێوە ئێمە دەبوایە هەموو هێزە پاڵپشتیکاری دیموکراتییەکانمان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کۆبکردایەتەوە بۆ بەشداریکردن لە بەدیموکراتکردنی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد".

هاوسەرۆکی کەجەکە جەختدەکاتەوە کە ئەوان پابەندن بە ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی پرسی کورد لە چوارچێوەی سنووری تورکیا.

"دووبارەی دەکەیەنەوە وەک پێشتریش وتومانە: ئۆجەلان ڕێبەری گفتوگۆکارەکانمانە. ئێمە ڕەزامەندین بە هەموو ئەو خاڵەکانی ئۆجەلان لە دواین جاردا خستیەڕوو بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاگربەستێکی درێژخایەن. توانای ئۆجەلان بۆ کارکردن و بەشداریکردن بە ئازادانە شتێکی زۆر پێویستییە بۆ ئێمە. بۆ ئەوەی وردتر قسە بکەین، ئەو پێویستە لە زیندانی ئیمراڵییەوە بگوازرێتەوە بۆ ماڵێکی پارێزراو".

لە کۆتایی وتارەکەیدا بایک باس لەوە دەکات کە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد، "تورکیا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە گەشەپێدانی دیموکراسی، ئارامی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ئەمە ڕەت بکاتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ بەدیموکراتکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی بەدیموکراتکردنی تورکیاوە".