پازدە پەرلەمانتار داوای ئەنجامدانی دانیشتنێكی پەرلەمان دەربارەی بۆردوومانەكانی توركیا دەكەن

04-07-2019 03:12
وێنەکه گواستنەوەی قوربانییەکانە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شەهید عەبدولڕەحیم لە سەنگەسەر. لە فەیسبووکی ھاووڵاتییەک بە ناوی لوقمان حەمەدی ماران وەرگیراوە کە خەڵکی ناوچەکەیە.

پەرەگراف - سەنگەر سالار

پازدە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان داوای ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان سەبارەت بە بۆردوومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەكەن. یەكێك لەو پەرلەمانتارانە دەڵێت: پێویستە یاسای پاراستنی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ بكرێت.

لە یاداشتێكدا كە پازدە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پێنج فراكسیۆنی جیاواز واژوویان لەسەر كردووە و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە، هاتووە "پاڵپشت بە ماددەی 66، بڕگەی یەكەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان – عێراق، ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە لە خوارەوە واژوومان كردووە، داواكارین دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجام بدرێت تایبەت بە (گفتوگۆكردن دەربارەی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان)".

یاداشتەكە واژووی پێنج ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ و چوار ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و سێ‌ ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان و دوو ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو و یەك ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی بەسەرەوەیە.

لەبارەی یاداشتەكەوە مەم بورهان قانع، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی وت "بەپێی ماددەی 66، بڕگەی یەك لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، 10 پەرلەمانتار یان زیاتر دەتوانن یاداشت پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی دانیشتنی تایبەت سەبارەت بە پرسێك ئەنجام بدرێت كە پەیوەندیی بە هاونیشتمانییانەوە هەیە".

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ‌ دەڵێت "ئێمە قسە لەسەر ئەوە دەكەین بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی خاكی كوردستان ئەركی حكوومەتی هەرێمە و پاراستنی خاكی عێراقیش ئەركی حكوومەتی عێراقە، بۆیە داوا دەكەین سەروەریی خاكی كوردستان بپارێزرێت و هیچ وڵاتێكی دەرەكی لەناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستوەردان نەكات".

مەم بورهان قانع ئاماژەی بەوەش كرد "گفتوگۆكەی ئێمە بەو ئاراستەیەیە كە پێشتریش لە پەرلەمانی كوردستان یاسا دەرچووە بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان، داوا دەكەین ئەو یاسایە جێبەجێ‌ بكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا سەروەریی خاكی هەرێم بپارێزرێت".

ماوەی چەند ساڵێكه توركیا بە پاساوی بوونی گەریلاكانی پەكەكە، لە ڕێگای تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانیەوە بۆردوومانی خاكی هەرێم دەكات. زیاتر لە ساڵێكیشە بەقووڵای چەندین كیلۆمەتر هاتووەته ناو خاكی هەرێم و ئۆپەراسیۆن دژی پەكەكە ئەنجام دەدات.

بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیاوە دەیان هاووڵاتی بوونەتە قوربانی كە دواترینیان شەهیدبوونی چوار ئەندامی یەك خێزان و برینداربوونی پێنج ئەندامی دیكەیان بوو لە چیای كورتەك. هەروەها بۆردوومانەكان بوونەتە هۆی چۆڵكردنی هەندێك گوند و زیانی ماددیی گەورەی بە كشتوكاڵ و باخ و ڕەزی گوندنشینان گەیاندووە.

حكومەتی هەرێمى كوردستان لەبارەی بۆردوومانەكەی چیای كورتەكەوە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "نیگەرانیی خۆی گەیاندووەتە توركیا" و پەكەكەش بەوە تۆمەتبار دەكات كە بە "هاتنی بەئەنقەست و بێباكانەى چەكدارانی بۆ ناو ئاواییەكان، ژیانی گوندنشینانی خستووەتە مەترسییەوە"..