دەسەڵات بە عومەری سەید عەلی درا كاندیدەكانی گۆڕان دابنێت

05-07-2019 05:57
عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕاندا كاندیدەكانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ پۆستە وەزارییەكانی یەكلایی نەكرانەوەو جڤات ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكەی سەرپشك كرد كاندیدەكان یەكلایی بكاتەوە.

جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، كارەكانی ئەو لیژنەیە تاوتوێ كرد كە هەڵسەنگاندنی بۆ سیڤی ئەو كەسانە كردووە كە داوای پۆستیان كردووە، لیژنەكەش دواین لیستی كورتكراوەی ناوی كاندیدەكانی خستووەتە بەردەم جڤات.

میدیاكانی گۆڕان لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە بڵاویان كردەوە، لە كۆبونەوەكەدا جڤاتی نیشتیمانی بەكۆی دەنگ دەسەڵاتی دیاریكردنی كاندیدەكانی داوەتە دەست ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە.

كۆتایی هەفتەی داهاتوو كۆتا وادەیە لەبەردەم مەسرور بارزانی بۆ ڕادەستكردنی كابینەكەی بە پەرلەمان، دەبێت بەرلەو وادەیە حیزبە بەشدارەكانی حكومەت ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن.

بزووتنەوەی گۆڕان كە یەكەم حیزب بوو لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی واژۆكرد، بە هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دانانی كاندید بۆ ئەو 4 وەزارەتە دەكات كە بەری كەوتوون، بەوپێیەی زۆر بەرپرسی باڵاو هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەكە چاویان لەوەیە ببنە وەزیر.

سەدان بەرپرس‌و هەڵسوڕاوی گۆڕان سیڤییان پێشكەش كردووەو داوای پۆست دەكەن، لیژنە 11 كەسییەكەی گۆڕان چەند پێوەرێكی دیاریكردووەو لەسەر ئەو بنەمایە‌و بەپێی پێدانی خاڵ بۆ هەر پێوەرێك سیڤییەكانی هەڵسەنگاندووەو بۆ هەر وەزارەتێك چەند ناوێكی یەكلایی كردووەتەوەو یەكێك لەوانە پۆستەكەیان پێدەدرێت.

هەرچەندە پێشتر ئەوە ڕاگەیەندرا كە لیژنەی هەڵسەنگاندنی سیڤییەكان بۆ هەر پۆستێكی وەزیر سێ ناو دەخاتە بەردەم جڤاتی نیشتیمانی‌و بە دەنگدان یەكێكیان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام پەرەگراف دوێنێ ئەوەی ئاشكرا كرد هێشتا ئەوە نە چەسپیوەو چەند پێشنیارێكی دیكە هەن بۆ شێوازی بڕیاردانی كۆتایی، ئەمڕۆش ئەوە پەسەند كراوە ڕێكخەری گشتی گۆڕان پرسەكە یەكلایی بكاتەوە.

بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆستەكانی؛ وەزارەتی دارایی، ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی و پیشەسازی‌و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەروەها جێگری سەرۆكی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازی، سەرۆكی سندوقی داهاتەكانی نەوت، لەگەڵ چەندین پۆستی بریكاری وەزیرو ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتیی، بەشدار دەبێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

پەرەگراف زانیویەتی بەدەر لەوەی لەناو خانەی ڕاپەڕاندن داوای پۆست كراوە، هاوكات لە ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری گۆڕانیش(لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان كردووە بۆ ڕێككەوتن‌و پێكهێنانی حكومەت)، تێیاندایە بەهەمانشێوە ئێستا داوای پۆست دەكات، ئەوە لەكاتێكدایە پێشووتر نەریتێك هەبووە لەناو گۆڕاندا كە ئەوكەسانەی لە وەفدی دانوستانكارن نابێت خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆست كاندید بكەن(تەنها یەك كەس لە ناو گۆڕان لە ڕابردوودا بەدەر لەم نەریتە پۆستی وەرگرتووە).