سەید عومەر خرایە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی "قورس"

06-07-2019 12:44
عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف- سوركێو محەمەد


ئەو لیژنەیەی هەڵسەنگاندنی بۆ سیڤی ئەو كەسانە كرد كە داوای پۆستیان لەسەر پشكی گۆڕان كردووە، هیچ ناوێكی پێشكەشی جڤاتی نیشتیمانی نەكرد بۆ پەسەند كردن، جڤات بڕیاریدا دەسەڵاتی دیاریكردنی كاندیدەكان بداتە ڕێكخەری گشتی، بەوەش سەید عومەر خرایە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورس.

جڤاتی نیشتیمانی كە باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی پڕ لە مشتومڕی ئەنجامدا لەبارەی دیاریكردنی كاندید بۆ ئەو 4 وەزارەتەی لە كابینەی نوێدا بەر ئەو بزووتنەوەیە دەكەوێت، ئەو لیژنە 11 كەسییەی چەند مانگێكە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی سەدان سیڤییە ڕوبەڕوی ڕەخنەی بووەوە.

"لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەكە هیچ ناوێكی پێشكەش نەكرد بۆ پۆستەكان، تەنها كۆنووسێكیان پێشكەش كرد كە تێیدا باسی ناكۆكییەكانی نێوان خۆیان كردبوو كە بەهۆیەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام" سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە كە بەشداربووە لە كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتیمانی‌و بە وردی ئاگاداری پڕۆسەكەیە، وتیشی "ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن ناكۆكی هەبووە لە نێوانیانداو ئەوان دەستێوەردانیان لە كارەكانی لیژنەكەدا كردووە، هەر بە پێشنیاری خانەی ڕاپەڕاندن بڕیار درابوو بە هەڵبژاردن لەناو جڤاتەوە كاندیدی پۆستەكان دابنرێن‌و دواتریش هەرخۆیان دژی ئەو لیژنەیە وەستانەوە كە دیاریكرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی سیڤییەكان‌و پێشكەشكردنی چەند ناوێك بۆ پۆستەكان تا بە دەنگدان بڕیار لەسەر ناوێك بدرێت".

لە كۆبوونەوەكەدا جڤاتی نیشتیمانی دەسەڵاتی دانانی كاندیدی پۆستەكانی دا بە ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە، بەوەش عومەری سەید عەلی خرایە بەردەم ئەركێكی قورس بۆ دانانی 4 وەزیر لەسەر پشكی بزووتنەوەكەی لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا، ئەوە لەكاتێكدایە چەندین بەرپرسی باڵای گۆڕان بۆ خۆیان یاخود كەسی نزیك لە خۆیان چاویان بڕیوەتە پۆستەكان.

"كاك عومەر لەبەردەم ئەركێكی قورسدایە، ئەگەر بیەوێت بە بێلایەنانە بڕیار بدات ئەنجامەكەی بە جۆرێك دەبێت‌و ئەگەر لایەنگریش بكات جۆرێكی دیكە دەكەوێتەوە، ئەو سەرەتا دەیویست خۆی لەم بەرپرسیارێتییە نەدات، تەنانەت سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندنی سیڤییەكان بوو نەدەچوو بۆ كۆبوونەوەكان دەیوت با وەك چاودێربم بەسەر پڕۆسەكەوەو لەژێر كاریگەریی مندا بڕیار نەدرێت، بەڵام چەند ڕۆژی ڕابردوو هەندێك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن قەناعەتیان پێكردووە كە ئەو یەكلایی بكاتەوە، جڤاتیش بە زۆرینەی دەنگ ڕەزامەندیی لەسەر ئەوەدا" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.

ئێستا سەید عومەر دەبێت لەنێوان چەندین كەسدا 4 كەس دیاریی بكات‌و ناوەكانیان بنێرێتە هەولێر بۆ مەسرور بارزانی تا پێشكەشی پەرلەمانی بكات وەك بەشێك لە پێكهاتەی كابینەكەی كە بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمان دەنگی پێ بدات، بۆئەو پۆستانەی دیكەی بەر گۆڕان كەوتوون لە قۆناغی دوای پێكهێنانی حكومەت كاندیدەكان دیاریی دەكرێن.

ڕێكخەری گشتیی گۆڕان هیچ لیست‌و سیڤییەكی لەبەردەستدا نییە تا لەسەر ئەو بنەمایە كاندیدی پۆستەكانی گۆڕان دابنێت، هیچ پابەندبوون‌و هێڵێكیشی بۆ دیاریی نەكراوە لەسەر بڕوات، تەنها چەند بنەمایەك نەبێت كە كۆدەنگیی لەسەرەو سەرەكیی ترینیان ئەوەیە كەسێكی متمانە پێكراو بكات بە وەزیر كە پابەندی گۆڕان بێت‌و لە نیوەی ڕێدا بزووتنەوەكە جێنەهێڵێت، وەك ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە.

بڕیاردان لەناو گۆڕان لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئاسان نییەو كەم بڕیاری گرنگ هەیە بەبێ كێشەو ململانێی تووند تێپەڕی بێت، تەنانەت هەندێك هەڵوێست‌و بڕیار بووەتەهۆی نیگەرانیی‌و دووركەوتنەوەی چەندین بەرپرس‌و هەڵسوڕاوی باڵا لە بزووتنەوەكە.

بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆستەكانی؛ وەزارەتی دارایی، ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی و پیشەسازی‌و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەروەها جێگری سەرۆكی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازی، سەرۆكی سندوقی داهاتەكانی نەوت، لەگەڵ چەندین پۆستی بریكاری وەزیرو ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتیی، بەشدار دەبێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

پەرەگراف زانیویەتی بەدەر لەوەی لەناو خانەی ڕاپەڕاندن داوای پۆست كراوە، هاوكات لە ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری گۆڕانیش(لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان كردووە بۆ ڕێككەوتن‌و پێكهێنانی حكومەت)، تێیاندایە بەهەمانشێوە ئێستا داوای پۆست دەكات، ئەوە لەكاتێكدایە پێشووتر نەریتێك هەبووە لەناو گۆڕاندا كە ئەوكەسانەی لە وەفدی دانوستانكارن نابێت خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆست كاندید بكەن(تەنها یەك كەس لە ناو گۆڕان لە ڕابردوودا بەدەر لەم نەریتە پۆستی وەرگرتووە).