سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: كورد بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركوك ڕەتدەكاتەوەو سكاڵا تۆماردەكەین
پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە دورخستنەوەی پارێزگاری كەركوك لەكارەكەی، كورد بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كردو ئەو بڕیارە ڕەتدەكاتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماردەكەنو دڵنیان بڕیارەكە ڕەتدەكرێتەوە.
سەرباری ناڕەزایی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری لادانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوكی خستەبەرنامەی كاری پەرلەمانەوەو بەكۆی دەنگی سەرجەم ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كە 173 پەرلەمانتار بوون بڕیارەكە پەسەند كرا.
ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت"بڕیارێكی سیاسییو نایاسییەو فراكسیۆنە كوردییەكان ڕەتی دەكەینەوە."
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆماردەكەن، وتی"دڵنیام بڕیارەكە ڕەتدەكرێتەوە."
لەبارەی ئەوەی پەرلەمان هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارەی خستوەتەڕوو، ئارێز عەبدوڵا وتی"هیچ هۆكارێك نییەو بڕیارێكی سیاسییە."
نەجمەدین كەریم پشتگیری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكات لە پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لەگەڵ هەرێمی كوردستانو ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە 25ی ئەم مانگەدا ئەو پڕۆسەیە تێیاندا بەڕێوەبچێتو بڕیار لە چارەنوسی ناوچەكانیان بدەن.
بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، دوای ئەوەدێت هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە نووسراوێك داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد لەكارخستنی پارێزگاری كەركوك بخاتە دەنگدانەوە.
نوسینگەی سەلیم جبوری، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند"داواكارییەكمان لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێگەیشتووە بۆ دەنگدان لەسەر لەكارخستنی پارێزگاری كەركوك."
نەجمەدین كەریم، بەشداربوو لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لە 29-8 كە تیایدا بڕیاردرا ڕیفراندۆم پارێزگای كەركوكیش بگرێتەوە، هەرچەندە عەرەب و توركمان لەو كۆبوونەوەیە بەشدار نەبوونو دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكە نیشاندا.
ڕیاری كورد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمو هەنگاونان بەرەو دەوڵەت، كاردانەوەی جیاوازی وڵاتانی لێكەوتەوەو سەرباری حكومەتی بەغدا، هەریەكە لە ئێرانو توركیا دژایەتی دەكەنو وڵاتانی دیكەش هەڵوێستی جیاوازیان خستەڕوو، سەرجەمیان تەئكید لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنو تەنها ئیسرائیل پشتیوانیی بڕیارەكەی كوردە.
12ی ئەم مانگەش پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا كە نوێنەرانی كورد بایكۆتیانكرد، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانو "ناوچەكانی جێناكۆك" هاوكات عەبادیشی ڕاسپارد بە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لەوبارەیەوەو پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستانو حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.