
پەرەگراف
ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی باندێكی مەترسیداری ڕاگەیاند كە چەندین كاری "كوشتن، دزیكردنو ڕفاندن"یان ئەنجامداوە، ئەندامانی باندەكە كوردنو 5 كەسیان دەستگیركراوە.
لیوا حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستەڕوو، باندەكە چەند ساڵێكە خەریكی ئەنجامدانی تاواننو لە دزینی جانتای ژنانەوە لە بازاڕ دەستیان پێكردووەو خەڵكی دەرەوەی سلێمانین.
"ئەوەی تائێستا دیارە دوو كەسیان كوشتووە، یەكێكیان تاریقی بەقاڵە كە شەوێك لە مانگی 12ی 2018 دوای ئەوەی لەماڵەوە هاتووەتە دەرەوە دیارنەماوەو خۆیو ئۆتۆمبێلەكەییان بردووە، تاریقیان كوشتووەو ئۆتۆمبێلەكەیان لە شاری بەسرە فرۆشتووە"، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی وای وت.
كەسی دووەمیش كە "ئەو باندە كوشتویانە"، ناوی مەریوانەو لە گەڕەكی بەختیاریی لەناو دوكانەكەی خۆیاندا فیشەكیان پێوەناوە، مەریوان ویستوویەتی بە هانای باوكییەوە بچێت كاتێك دوو كەس لە ئەندامانی باندەكە چوونەتە ناو دوكانەكەیو هێرشیان كردووەتەسەری بە مەبەستی دزیكردن.
كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لەكاتی دەرهێنانی تەرمی یەكێك لەو كەسانەدا بوو كە ئەو باندە كوشتویانە، دوای گواستنەوەی تەرمەكە بۆ پزیشكی دادوەریی ڕادەستی كەسوكارەكەی دەكرێتەوە.
ئەندامانی باندەكە 4 بۆ 5 ساڵە خەریكی ئەنجامدانی تاوانن، دوای ئەوە دەستگیركراون كە لە گەڕەكی بەكرەجۆ كچێكیان ڕفاندووە بە خۆیو ئۆتۆمبێلەكەیەوە، دوای 4 ڕۆژ لەو ڕووداوە، ئاسایش باندەكەی دەستگیركردووەو دواین كەسی ئەو 5 كەسە، بەیانیی ئەمڕۆ دەستگیركراوە.
"دڵنیام تاوانی دیكەشیان كردووەو لێكۆڵینەوە بەردەوامە.. هەركەسێك سكاڵای لەسەر ئەو كەسانە هەیە با تۆماری بكاتو نەترسێت"، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی وای وت.
حەسەن نوری باندەكەی بە "مەترسیدار" ناو بردو وتی"لەوەتەی من لێكۆڵینەوە دەكەمو لەم دەزگایەم گروپی وا مەترسیدارم نەبینیوە"، ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك ئۆتۆمبێلێكان ڕفاندووە ویستوویانە خاوەنەكەشی لەگەڵدا بڕفێنن بۆئەوەی بەڵگە بەجێنەهێڵنو پۆلیسو ئاسایش ئاگادار نەكرێنەوە لە ڕووداوەكە.