هاوسەری بوكەكەی داعش پەشیمانەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ هۆڵەندا

07-04-2019 01:49
یاگۆو شەمیمە.


پەرەگراف- خەزان جەنگیز

هاوسەری شەمیمە بیگەم ناسراو بە بوكەكەی داعش، پەشیمانە لە ڕۆیشتنی بۆ سووریا‌و پەیوەندیكردن بە داعش، ئێستا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ هۆڵەنداو ژیانێكی ئاسایی بژی لەگەڵ خێزانەكەیدا.

یاگۆ ڕیدیك، تەمەنی 27 ساڵەو ئێستا لە بەندیخانەی شەڕڤانانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ژیان بەسەر دەبات، ئەوەش دوای ئەوەی شەڕڤانان مانگی ڕابردوو دواین خاكی ژێر دەستی داعشیان ڕزگار كردو كۆتاییان بە بوونی ئەو ڕێكخراوە هێنا لەسەر زەویی خاكی سوریا.

یاگۆ هاوسەرگیری لەگەڵ شەمیمە بیگەم كردووە لەدوای ئەوەی لە سوریا یەكتریان ناسیوە، بەڵام 10 ڕۆژ پاش هاوسەرگیرییەكەیان یاگۆ لەلایەن داعشەوە خراوەتە بەندینخانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی كردن، دواتر داعش دەینێرێتە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بەرامبەر شەڕڤانان.

هاوسەری بوكەكەی داعش لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا دەڵێت، هەست بە پەشیمانی دەكات بۆئەو كاتانەی لە سوریا بەسەری بردووە.

"بە ئاوەتی ئەوەم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، كاتی تاوانەكانم لە بەندینخانە تەواو بكەم‌و بگەڕێمەوە بۆ ژیانە ئاساییەكەی خۆم لەگەڵ هاوژینەكەم، بێ كێشە، بێ شەڕ، و بێ هەژاری، تەنها بژیم. هەستم بەو هەڵانە كرد كە كردوومەو ڕاستیی داعشم بۆ دەركەوت. هەست بە پەشیمانی دەكەم، ئەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ نیشتیمانەكەی خۆم، هەرگیز بەلای هەڵەیەكی لەو جۆرەدا ناڕۆمەوە"، یاگۆ وادەڵێت.

شەمیمە بیگەم ناسراو بە بوكەكەی داعش، یەكێك لەو سێ كچە قوتابیە بوو كە لە ساڵی 2015 لەندەنیان بەرەو ناوچەكانی ژێر دەستی داعش جێهێشت، شەمیمە پێشتر ڕایگەیاندبوو، پەشیمان نییە لە پەیوەندیكردن بە داعش، بەڵام دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا.

شەمیمە كاتێك هاوسەرگیری لەگەڵ یاگۆ كردووە تەمەنی 15 ساڵ بووە، یاگۆ بە كچێكی زۆرباش ناوی شەمیمە دەهێنێت‌و دەڵێت"زۆر گەنج‌و بێتاوانەو زۆر خۆشەویستە."

یاگۆ دڵتەنگیی خۆی پیشاندەدات بۆ مردنی جێرای كوڕی كە لەسەرەتای مانگی ئازار بە هەوكردنی سییەكان گیانی لەدەست داوە. جێرا سێیەم منداڵی ئەو تیرۆریستە بووە، كە هەرسێكیان پێشوەختە مردوون.

ئەگەر یاگۆ بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا بۆماوەی 6 ساڵ دەخرێتە زیندانەوە.

ئەو لە تشرینی یەكەمی 2014 گەشتی سوریای كرد بەمەبەستی پەیوەندیكردن بە داعش، ئەوەش دوای ئەوەبوو كە بە هەرزەكاریی كەوتە داوی خۆشەویستیی كچێكی موسوڵمان لە قوتابخانەكەی‌و ئەویش بوو بە موسوڵمان.

میدیاكانی بەریتانیا دەڵێن، یاگۆ لە خێزانێكی مامناوەندی زۆر باش گەورە بووە پێش ئەوەی بڕوا بە ئاینی ئیسلام بهێنێت‌و بڕوات بۆ سوریا بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە داعش.