سوپای پاسداران كەشتییەكی بیانیی بە "سووتەمەنیی قاچاخ"ـەوە ڕاگرت

18-07-2019 01:52

پەرەگراف

 

سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگرتنی كەشتییەكی بیانیی بە "یەك ملیۆن لیتر سووتەمەنیی قاچاخ"ـەوە لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند و دەڵێت: 12 خزمەتكاری سەر كەشتییەكەش دەستگیر كراون.

ناوچەی یەكی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو پاش "دڵنیابوون لە هەڵگرتنی سووتەمەنیی قاچاخ لەلایەن كەشتییەكی بیانییەوە"، لە چوارچێوەی "ئاشكراكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخ"دا، كەشتییەكی ڕاگرتووە.

سوپای پاسداران دەڵێت "پاش هەماهەنگی و بە فەرمانی دادگا" ئەو كارە ئەنجام دراوە.

كەشتییەكە توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن لیتر سووتەمەنیی هەیە، بەڵام لە كاتی ڕاگرتنیدا دەركەوتووە یەك ملیۆن سووتەمەنیی هەڵگرتووە.

ئەو شوێنەی كە كەشتییەكەی تێدا دەستبەسەر كراوە، دەكەوێتە باشووری دوورگەی لارك لە گەرووی هورمز. هەروەها 12 خزمەتكاری سەر كەشتییەكە دەستگیر كراون.

سوپای پاسداران دەڵێت "ئەو كەشتییە لە جووڵەدا بووە بۆ ئەوەی ئەو سووتەمەنییە قاچاخەی كە لە بەلەمە گەورە ئێرانییەكانی وەرگرتووە، ڕادەستی كەشتییە بیانییەكانی بكات لە ناوچەیەكی دوورتر".

هاوكات سوپای پاسدران ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردووەتەوە كە باس لەوە دەكەن ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا كەشتییەكی نەوتهەڵگری دیكەی ڕاگرتووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیا جیهانییەكان هەواڵی ڕاگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئیماراتیان لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بڵاو كردەوە، بەڵام ئێران ڕەتی كردەوە.