فەرمانی چۆڵكردنی چوار شارۆچكەو دەیان گوند لە پارێزگایەكی ئێران دراوە

07-04-2019 09:07
لافاوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاری شیراز دەیان ئۆتۆمبێلی ڕاماڵی.


پەرەگراف

مەترسییەكانی لافاو بەردەوامە لەسەر دەوڵەمەندترین پارێزگای ئێران بە سەرچاوەی ئاویی، فەرمانی چۆڵكرنی چوار شارۆچكە و چەندین گوند دراوەو "ئەمشەو دەیان گوند ژێر ئاو دەكەون."

كیامەرس حاجیزادە، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ئیدارەدانی قەیرانەكان لە پارێزگای خوزستان، ڕایگەیاند"تا ئێستا 182 گوندی پارێزگاكە بە تەواوی یان نیوەی چۆڵ كراون، ئەگەری زیادبوونی ئەو ژمارەیەش هەیە."

هاوكات بیهنام سەعیدی، وتەبێژی ناوەندی ئیدارەدانی قەیرانەكانی ئێرانیش، دەڵێت"زۆرێك لەو گوندانە بەهۆی مەترسییەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەكانی كەرخە و كاروون چۆڵ كراون."

خوزستان لە ڕووی سەرچاوەی ئاوییەوە دەوڵەمەندترین پارێزگای ئێرانە. دیارترین ڕووبارەكانی (كاروون، كەرخە، دوز، شاوور، جەراحی، سیمرە، ماروون و زوهرە) لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆسەوە دێن و دەڕژێنە ناو پارێزگاكە و دواتر خلیجی فارسەوە. ڕووباری كاروون، گەورەترین ڕووباری پارێزگاكە و وڵاتی ئێرانە.

عەلی شمیلپوور، وتاربێژی هەینیی شارۆچكەی سوسەنگەرد، هاووڵاتیانی شارۆچكەكەی لە مەترسییەكانی لافاو ئاگادار كردەوە. شمیلپوور لە زاری بەرپرسانی پارێزگای خوزستانەوە ئاشكرای كردووە "ئەمشەو 7/4/2019 ئاستی ئاوی ڕووباری كەرخە بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە، بەوهۆیەشەوە زۆرینەی گوندەكانی دەشتی ئازادەگان دەبن بە ژێر ئاوەوە، هەر بۆیە پارێزگاری خوزستان فەرمانی چۆڵكردنی چوار شارۆچكەی سوسەنگەرد، بوستان، ئەبو حمێزە و كوت سەید نەعیم، هەروەها سەرجەم گوندەكانی دەشتی ئازادەگانی داوە."

بەشێك لە خەڵكی ئەو ناوچانە ئامادەنین ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و بەرەو ڕووی هێزە ئەمنییەكان وەستاونەتەوە. وتاربێژی هەینیی شارۆچكەی سوسەنگەرد داوای لە هاووڵاتیان كردووە "پابەند بن بە ڕێنمایی هێزە ئەمنییەكان و بچنە ئەو ناوچانەی كە بۆیان دیاری كراوە."

ئاو گەمارۆی شارێكی داوە لە باكوری ئێران.

ئەو شەپۆلی بارانبارینەی كە چەند ڕۆژێك بەر لە نەورۆز ڕووی لە وڵاتی ئێران كردووە، تا ئێستا بەردەوامە و بە لای كەمەوە لە 31 پارێزگای ئەو وڵاتە، 20 پارێزگایان ڕووبەڕووی لافاو بوونەتەوە. بەپێی ئاماری فەرمیش "70 كەس گیانیان لەدەست داوە."

پاش چەند هەفتەیەك لە بارینی باران و لافاو، هێشتا مەترسییەكان یەخەی دانیشتووانی چەند پارێزگایەكی ئێرانیان بەر نەداوە. كەشناسیی ئێران جارێكی دیكە هۆشداریی دروستبوونی لافاوی لە ناوچەكانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای وڵات داوە، بە تایبەت لە پارێزگاكانی (كرماشان، ئیلام، كەهگیلویە و بویرئەحمەد، بوشەهر و فارس).

بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی كە پێشبینی كراوە، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە خوزستان بەهێزە و سەرنجەكان لەسەر ئەو پارێزگایەیە، چونكە بە تایبەت لافاوەكانی هەردوو پارێزگای لوڕستان و ئیلام بە ئاڕاستەی پارێزگای خوزستان ڕۆیشتووە و زۆرترین ئاو لەو ناوچەیە كۆبووەتەوە.

زیانەكانی لافاو لە شیراز.

پارێزگای خوزستان دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، لەسەر خلیجی فارس هەڵكەوتووە. شاری ئەهواز ناوەندی پارێزگاكەیە. پارێزگاكە بە ناوەندی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئێران ئەژمار دەكرێت. ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی پێنج ملیۆن كەسە و پێنجەم قەرەباڵغترین پارێزگای ئێرانە. پارێزگای خوزستان 18 ئەندامی لە پەرلەمانی ئێراندا هەیە.

بەهۆی لافاوەوە تا ئێستا سەدان گوند لە ئێران چۆڵ كراون، دەیان گوند بوون بە ژێر ئاوەوە، ڕێگای سەدان شارۆچكە و گوند وێران بوون، سەدان هەزار كەس ئاوارە بوون. تا ئێستا هاوكاریی پێویست بە دانیشتووانی زۆرێك لەو ناوچانە نەگەیشتووە كە ڕووبەڕووی لافاو بوونەتەوە.

ڕۆژانی ڕابردووش لە شەش پارێزگای ئێران بەهۆی لافاوەوە باری نائاسایی ڕاگەیەندرابوو لەناویاندا پارێزگای لوڕستان كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە.

لوڕستان دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئێران‌و خوڕەمئاباد ناوەندی پارێزگاكەیە، ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە یەك ملیۆن و 700 هەزار كەسە‌و زۆرینەیان هەژارن.

خوڕەمئاباد‌و شارۆچكەكانی پولدوختەر و مەعموولان و دورود سەربە لوڕستان زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، پولدوختەر بە تەواوەتی بە ئاو دەورە دراوەو ژمارەیەك خانوو و بینا هەرەسیان هێنا، لە مەعموولان 600 خانوو بە تەواوی ژێر ئاو كەوتن‌و بەشێكیان ڕووخاون، هەروەها لەسەدا 30ی شارۆچكەی دورود ژێر ئاو كەوتووەو لافاو دەیان هەزاركەسی دەربەدەر كردووە.

زیانەكانی لافاو لە پولدوختەر