دەزگا ئەمنییەكان وێنەو ناوی "تاوانبار"ی هێرشەكەی هەولێر بڵاودەكەنەوە

18-07-2019 11:03
وێنەی "تاوانبارەكە" كە دەزگای ئەمنییەكان بڵاویان كردووەتەوە.


پەرەگراف

دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان وێنەو ناوی كەسێك بڵاو دەكەنەوە كە بە "تاوانبار" ناوی دەهێنن‌و داواكراوە لە دۆسیەی هێرشە"تیرۆریستییەكە"ی شاری هەولێر كە بووە هۆی كوژرانی سێ كەس كە یەكێكیان جێگری كونسوڵی توركیا بوو.

لە ئاگادارییەكی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە "ئەو كەسەی كە وێنەكە‌ی بڵاوكراوەتەوە (ناوی مەزلوم داغ)ـە، لەدایكبووی ساڵی (1992)ـە و خەڵكی شاری دیاربەكرە لە توركیا‌، ناوبراو لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە داواكراوە".

دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم ‌داوا لە هاووڵاتیان دەكەن هەر زانیارییەكیان هەبێت لەبارەی "ئەم تاوانبارە"،‌ بەزووترین كات ئاگاداری دەزگا ئەمنییەكان بكەنەوە، ئەوەش دەخەنە ڕوو، لێكۆڵینەوەكان دەربارەی ڕووداوەكە بەردەوامە.

وێنەی "تاوانبارەكە" كە دەزگای ئەمنییەكان بڵاویان كردووەتەوە.

وێنەی "تاوانبارەكە" كە دەزگای ئەمنییەكان بڵاویان كردووەتەوە.


بڵاوكردنەوەی وێنەو ناوی ئەو "تاوانبارە" دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ڕووداوی تەقەكردنەكەی هەولێر كردەوەیەكی تیرۆریستیی ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراو بوو.

پاش زیاتر لە 24 كاتژمێر لە ڕووداوی تەقەكردنەكەی شاری هەولێر، كە تێیدا دیبلۆماتكارێكی كونسووڵخانەی توركیا و دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا، تا ئێستا حكوومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەكان، دەستگیركردنی هیچ تۆمەتبارێكی ڕووداوەكەیان ڕانەگەیاندووە.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، ڕووداوی تەقەكردنەكەی هەولێر لە ڕۆژی 17 ی تەمووزی 2019 كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ‌ كەس، كردەوەیەكی تیرۆریستیی ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراو بووە".

وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ وردەكارییەكی سەبارەت بە ڕووداوەكە و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بڵاو نەكردووەتەوە، تەنیا دەڵێت "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و پێشڤەچوونیش هەیە".

وتەبێژی حكوومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوە دەدات "بەم نزیكانە هاووڵاتیان لە قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە" ئاگادار دەكەنەوە.

ئەو ڕێستۆرانتەی ڕووداوی تەقەكردنەكە تێیدا ڕووی داوە، ناوی (هوققەباز)ـە لە هەولێر.

لای خۆیەوە مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا دوای ڕووداوەكە ڕایگەیاند، پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسروور بارزانی-یەوە كردووە و ئەگەر پێویست بكات تیمێك دەنێرنە هەولێر بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە.

چاوشئۆغڵۆ وتیشی "یەكەم كەس پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕابكێشین پەكەكەیە".

تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە. لایخۆەوە پەكەكە لەسەر زاری دیار دەنیر وتەبێژی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە ڕەتیكردووتەوە هێرشەكە پەیوەندیی بەوانەوە هەبێت.