هاوسەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور بۆ پەرەگراف: كەمپەكەمان بۆردومان نەكراوە

19-07-2019 01:01
كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور


پەرەگراف

هاوسەرۆكی شارەوانیی كەمپی مەخمور ڕەتیدەكاتەوە كەمپەكەیان بۆردومان كرابێت‌و دەڵێت، بۆردومانەكە دوو كیلۆمەتر دوور بووە، بەڵام ترسی دروست كردووە. ئەو لێدوانە لەكاتێكدایە چەند ماڵپەڕێكی ڕۆژنامەوانیی هەواڵی بۆردومانكردنی كەمپەكەیان بڵاو كردووەتەوە.

"بۆردومانەكە لەناو كەمپەكە نەدراوەو لە شاخی داوە" لەیلا، هاوسەرۆكی شارەوانیی كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بۆ پەرەگراف وای وت(كاتژمێر 1ی ئەم شەو)، وتیشی "ئەو شوێنەی بۆردومان كراوە ئاوەدانی نییەو دەوری دوو كیلۆمەتر لە كەمپەكەوە دوورە".

لەیلا ئەوەشی خستە ڕوو، چەند موشەكێك لە شاخەكە دراوە، "سێ چوار مووشەكی لێدا" لەبارەی ئەو لایەنەی بۆردومانەكەی كردووە، لەیلا وتی "توركیا ئێستا خۆی بڵاوی كردەوە كە بۆردومانەكەی كردووە".

بۆردومانەكە ترس‌و دڵەڕاوكێی لەناو دانیشتوانی كەمپەكەدا دروست كردووە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەكەكە)ی تێدایە، بەوپێیەی كۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردومان كراو شەهیدو برینداری لێكەوتەوە.

توركیا لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانكردنی قەندیل، هاوكات چاوی لەسەر ئەو ناوچانەیە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پەكەكەی تێدایە، لەو چوارچێوەیەدا پێشتر هەڕەشەی هێرشكردنەسەر شەنگال‌و كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی كردووە لە قەزای مەخمور سەربە پارێزگای هەولێر.