هاوسەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور دواین زانیاریی لەبارەی بۆردومانەكان بۆ پەرەگراف دەخاتە ڕوو

19-07-2019 08:19
كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور


پەرەگراف

بۆردومانەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە مەخمور كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی نەكردووەتە ئامانج، لە دەوروبەری كەمپەكەی داوەو 2 كەس "بەسووكی" برینداربوون‌و تەندروستییان جێگیرە.

لەیلا عوزێر(ئارزوو) هاوسەرۆكی شارەوانی كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، كەمێك لەمەوبەر(كاتژمێر 8ی بەیانی) بە پەرەگرافی وت "مووشەك لە كەمپەكە نەدراوە، لە دەرەوەی كەمپەكە دوو كەس بریندار بوون كە برینەكانیان سوك بووەو چارەسەر كراون".

سەرۆكی شارەوانی كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی ئەوەشی خستە ڕوو، دوو كەسەكە سەربە كەمپەكەن‌و شوانن، لە ناوچەیەك بریندار بوون كە پێی دەڵێن ناوچەی گوڵان، ئەو ناوچەیە كشتوكاڵی لێدەكرێت نزیكی 2 كیلۆمەتر لە كەمپەكەوە دوورە‌و سەربە كەمپەكەیە.

"ئەو دوو كەسە برینەكانیان سووك بوو، خۆڵیان بەركەوتووەو تەندروستییان باشە، لە نەخۆشخانەی كەمپ چارەسەر كراون" لەیلا عوزێر وای وت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ(دەوروبەری كاتژمێر 1) لە چەند ماڵپەڕێكی ڕۆژنامەوانیی‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی بۆردومانكردنی كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بڵاوكرایەوە، هەرئەوكات هاوسەرۆكی شارەوانی كەمپەكە بۆ پەرەگراف ئەو هەواڵەی ڕەتكردەوەو ئەوەی خستە ڕوو، بۆردومانەكە 2 كیلۆمەتر لە كەمپەكەوە دوور بووە.

بۆردومانەكە ترس‌و دڵەڕاوكێی لەناو دانیشتوانی كەمپەكەدا دروست كردووە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ی تێدایە، بەوپێیەی كۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردومان كراو شەهیدو برینداری لێكەوتەوە. بەرپرسانی كەمپەكە پێیانوایە بۆردومانەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەلایەن توركیاوە بووە.

توركیا لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانكردنی قەندیل، هاوكات چاوی لەسەر ئەو ناوچانەیە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پەكەكەی تێدایە، لەو چوارچێوەیەدا پێشتر هەڕەشەی هێرشكردنەسەر شەنگال‌و كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی كردووە لە قەزای مەخمور سەربە پارێزگای هەولێر.