تۆمەتباری هێرشەكەی هەولێر دەستگیركرا؛ حكومەت دەڵێت "سەرپەرشتیارو بكوژی سەرەكییە"

20-07-2019 04:04
وێنەی مەزڵوم داغ كە ئەمڕۆ لەگەڵ هەواڵی دەستگیركردنیدا بڵاوكرایەوە


پەرەگراف

دژەتیرۆری كوردستان دەستگیركردنی مەزڵوم داغ-ی ڕاگەیاند كە پێشتر وێنەو ناوی بڵاوكردبووەوە وەك "تاوانبار"ی هێرشەكەی هەولێر، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش مەزڵوم داغ بە "سەرپەرشتیارو بكوژی سەرەكی كردەوەكە" ناودەبات.


دژەتیرۆر لە ئاگادارییەكدا ڕایگەیاند "تاوانبار مەزلوم داغ كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر وێنەی وەك داواكراو لە پەیجی دژە تیرۆری كوردستان بڵاوكرایەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و دژە تیرۆری كوردستان دەستگیر كرا".


دەژتیرۆر لەگەڵ ئاگادارییەكەیدا وێنەیەكی نوێی مەزڵوم داغ-ی بڵاوكردووەتەوەو دەشڵێت "زۆر سوپاسی هاوكاری بێ پایانی هاووڵاتیان دەكەین و وردەكاری زیاتر دواتر بڵاودەكرێتەوە".

هاوكات وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركردنی مەزڵوم داغ بڵاوكردووەتەوەو بە "سەرپەرشتیار و بكوژی سەرەكی كردەوەی تەقەكردن لە رێستورانتێكی شاری هەولێر"، ناوی دەهێنێت.

وتەبێژی حكومەت سوپاسی هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆری كوردستان دەكات كە "بە خێرایی توانیان تاوانبارەكە دەستگیر بكەن" هەروەها سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش دەكات بۆ هاوكاری و پەرۆشییان، دەشڵێت "دڵنیاشتان دەكەینەوە كە ھەوڵەكان بۆ دەستگیركردنی ھەموو تاوانبارانی پەیوەندیدار بەم رووداوە بەردەوامە".


17ی ئەم مانگە ڕووداوێكی تەقەكردن لە ڕیستۆرانتێكی هەولێر ڕوویداو تێیدا سێ كەس كوژران، یەكێكیان جێگری كونسوڵی توركیا بوو بەناوی عوسمان كۆسە، دوو كەسە كەی دیكەش خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون.

دواتر دەزگای ئەمنییەكان هەرێم وێنەی كەسێكیان بەناوی مەزڵوم داغ بڵاوكردەوەو وەك "تاوانبار" ناویان هێنا، ئەو كەسە خەڵكی شاری ئامەدە لە باكوری كوردستان‌و ساڵی 1992 لەدایك بووە، دەزگا ئەمنییەكان داوایان لە هاووڵاتیان كرد هەر زانیارییەكیان هەیە دەربارەی ئەو كەسە ئاگاداریان بكەنەوە، ئەمڕۆش دەستگیركردنی ڕاگەیەندرا.

وێنەی داواكراوەكە كە پێشتر دەزگا ئەمنییەكان بڵاویان كردەوە.

بڵاوكردنەوەی وێنەو ناوی ئەو كەسە داواكراوە، پاش ئەوە بوو وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ڕووداوی تەقەكردنەكەی هەولێر كردەوەیەكی تیرۆریستیی ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراو بوو.

ڕووداوەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو لای خۆیەوە مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا دوای ڕووداوەكە ڕایگەیاند، پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسروور بارزانی-یەوە كردووە و ئەگەر پێویست بكات تیمێك دەنێرنە هەولێر بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە.

چاوشئۆغڵۆ وتیشی "یەكەم كەس پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕابكێشین پەكەكەیە".

تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە. لایخۆەوە پەكەكە لەسەر زاری دیار دەنیر وتەبێژی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، ڕاستەوخۆ دوابەدوای ڕووداوەكە ڕەتیكردەوە هێرشەكە پەیوەندیی بەوانەوە هەبێت.