وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەستگیركردنی تۆڕیكی سیخوڕیی سی ئای ئەی ڕاگەیاند

22-07-2019 10:50

پەرەگراف

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەستگیركردنی "ئەندامانی تۆڕیكی سیخوڕیی سی ئای ئەی" ڕاگەیاند كە لە 17 كەس پێكهاتوون و دەڵێت: هەندێكیان لە سێدارە دەدرێن.

بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی سخوڕی لە وەزارەتی ئیتڵاعات كە میدیا ئێرانییەكان ناویان نەهێناوە، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە "17 سیخوڕی ڕاهێنراوی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی) لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستگیر كراون".

وەزارەتی ئیتڵاعات دەڵێت "ئەو تۆڕە سیخوڕییەی سی ئای ئەی كە لە كۆتایی ساڵی ڕابردووی هەتاوی ئاشكرا كراون، لە 18ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە تەواوی دەستگیر كراون".

بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی سخوڕی لە وەزارەتی ئیتڵاعات ئاماژە بەوە دەكات "سزای ئەو كەسانە دیاری كراوە و هەندێكیان بە تاوانی (بڵاوكردنەوەی تاوان لەسەر زەوی) لەسێدارە دەدرێن".

كەسە دەستگیركراوەكان لە "ناوەندی هەستیاری ئابووری و ئەتۆمی و سەربازی و ئەلیكترۆنی"دا كاریان كردووە، بەشێكیان "بە ناوی وەبەرهێن و ڕاوێژكار"ـەوە لەو ناوەندانەدا بوون.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت "هیچ كام لەو كەسانە پەیوەندییان بە یەكەوە نەبووە و هەریەكەیان سەربەخۆ سیخوڕییان بۆ سی ئای ئەی كردووە".

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی وێنە و ناسنامەی هەندێك لەو كەسانەی بڵاوكردووەتەوە كە بە "سیخوڕی" تاوانبار كراون و سزا كراون.