شارەوانیی سلێمانی "كەمتەرخەم بووە" لە چارەسەركردنی كێشەی خۆڵ و خاشاكی تانجەرۆ

22-07-2019 03:10
دووكه‌ڵی خۆڵ و خاشاكی ئاگرگرتووی تانجه‌رۆ. وێنه‌: دواڕۆژ

پەرەگراف

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی باسلە كەمتەرخەمیی شارەوانی دەكات لە چارەسەری كێشەی خۆڵ‌و خاشاك لە تانجەرۆ، دەڵێت: لەسەدا پێنجی فەرمانبەرە گرێبەستەكانی شارەوانی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دانراوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن شارەوانییەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ نەكراوە.

كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆیش، تەواوبوونی پرۆژەكە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكی دیكە ڕادەگەیەنێت كە چارەسەری كێشەی خۆڵ‌و خاشاك دەكات، لەبەرامبەر ئەو ڕەخنەو تۆمەتانەشی كە غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان ئاڕاستەی كردوون، كۆمپانیاكە كە فارووق مەلا مستەفا خاوەنداریی دەكات ئەو پەرلەمانتارە دەدات بە دادگا.

جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی، بە كۆمپانیای فارووق هۆڵدینگ دراوە.

لەوبارەیەوە كۆمپانیاكە لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "لە 29-7-2018ـەوە بە تەنها و بە بودجەی خۆی، ڕەزامەندیی حكوومەتی هەرێمی وەرگرت بە كڕینەوەی پشكەكانی لافارج و بڕیاری دا دەست بكات بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆ لە سلێمانی".

فارووق هۆڵدینگ كڕینی "هەموو ئامێر و دەزگا و مەشینەكانی پرۆژەكە لە ئەورووپا لە هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیا" ڕادەگەیەنێت دەڵێت "بەم زووانە دەگەنە سلێمانی و هاوكات لە ئێستادا پرۆژەكە بە بەردەوامی كاری تێدا دەكرێت".

توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، لەبارەی كێشەی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی كە لە ناوچەی تانجەرۆ ڕۆ دەكرێت، بە پەرەگرافی وت "بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ نەكراوە بۆ ئەوەی ئەو خۆڵ و خاشاكە بەو شێوە هەڕەمەكییە هەڵنەڕێژرێت، ئەوەش بووەتە هۆی پیسكردنی ژینگەی ناوچەكە، بە تایبەت كە پێكهاتە و ماددەی جیاوازی تێدایە و بەهۆی كارلێك و تیشكی خۆرەوە ئاگر دەگرن".

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی كە ماوەی كەمتر لە ساڵێكە لە پۆستەكەی دەستبەكار بووە، بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەی تانجەرۆ دەخاتە ئەستۆی شارەوانی كە لە ڕابردوودا بە شێوەیەكی دروست مامەڵەی لەگەڵ هەڵڕشتنی خۆڵ و خاشاك لە تانجەرۆ نەكردووە و دەڵێت "دەبوو ئەو خۆڵ و خاشاكە بەش بەش بكرایە و بە بەرزیی یەك مەتر بە خۆڵ دابپۆشرایە، بۆ ئەوەی دوور بێت لە تیشكی خۆر و گڕگرتن".

توانا كەمال باسی لەوە كرد، لە ئێستادا سەرقاڵی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی تانجەرۆن تا بەش بەشی بكەن و دایبپۆشن.

بڵاوبوونەوەی خۆڵ و خاشاكی هەڵڕژاوی سلێمانی لە ناوچەی تانجەرۆ، زیانی بە ئاوی تانجەرۆیش گەیاندووە. سەرۆكی شاروانیی سلێمانی جەختی لەوە كردەوە "كێشەی تێكەڵبوونی خۆڵ و خاشاك بە ئاوی تانجەرۆمان چارەسەر كردووە و لە ئاوەكە دامان بڕیوە".

توانا كەمال كەمتەرخەمییەكی دیكەی شارەوانی لە ئاست خۆڵ و خاشاكی ڕۆكراوی تانجەرۆ بۆ پەرەگراف ئاشكرا دەكات و دەڵێت "لەسەدا پێنجی فەرمانبەرە گرێبەستەكانی شارەوانی بۆ ئەوە دانراون كە لە ناوچەی تانجەرۆ كێشەی خۆڵ و خاشاك چارەسەر بكەن، بەڵام شارەوانی لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو بڕیارەی جێبەجێ‌ نەكردووە".

فارووق هۆڵدینگ ڕوونكردنەوەكەی بۆ وەڵامدانەوەی د. غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكردووەتەوە، كە پێشتر ناوبراو لەسەر پرۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆ ڕەخنەی لە فارووق هۆڵدینگی كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە گرتبوو.

فارووق هۆڵدینگ دەڵێت "بڕیارە لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٠ پرۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆ تەواو ببێت"، دەربارەی ڕەخنە‌و تۆمەتەكانی غالب محەمەد، فارووق هۆڵدینگ دەڵێت "ئەم لێدوانە ناڕەوایانەی غالب محمد علی کە پڕە لە  تەشھیر کردن و زانیاری بێ بنەما ، ناوبراو دەخاتە بەردەم لێپێچینەوەی یاسایی و رێکاری یاساو دادگا بەرامبەری دەگیرێتە بەر".

غالب محەمەد پێشتر گوتبووی "فاروقی مەلاموستەفا زیاتر لە 79 دۆنم زەویی بە ناویی ریسایکڵی حاویەکەی سلێمانیەوە داگیر کردوە و پارێزگاری سلێمانیش بێدەنگە".

وەك فارووق هۆڵدینگ خستوویەتییە ڕوو، "پرۆژەكە لە ساڵی ٢٠١٣ بوو بە كۆنتراكت و ئیمزا كرا، بەڵام مۆڵەتی وەبەرهێنانەكەی لەلایەن حكوومەتەوە دواكەوت تا ساڵی ٢٠١٥ واتە دوو ساڵ دواكەوت".

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوە كرد "كەوتنە كاری پرۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆ ماوەی ساڵ و نیوێكی دیكەی پێویستە، بەوەش هەموو خۆڵ و خاشاكی سلێمانی لەو پرۆژەیەدا بە شێوەیەكی زانستی جیادەكرێتەوە و دووبارە سوود لە پێكهاتەكانی وەردەگیرێتەوە". فارووق هۆڵدینگ بڕی خۆڵ و خاشاكی ساڵانەی سلێمانیی بە "400 هەزار تۆن" خەمڵاندووە.

سەرەتا پرۆژەكە هاوبەش بووە لە نێوان فارووق هۆڵدینگ و كۆمپانیای لافارجی فەرەنسی بە پاڵپشتیی دامەزراوەی پارەدانی نێودەوڵەتی IFC و حكوومەتی هەرێم، بەڵام فارووق هۆڵدینگ ئاماژە بەوە دەكات "بەهۆی هاتنی داعش و تێكچوونی دۆخی ئارامی و سەربازی و ئابوریی وڵات، لافارج و IFC ترسان لەو دۆخە و پەشیمان بوونەوە و هۆشداریان دا كە ناتوانن سەرمایەگوزاری لە عێراق بكەن وەك ناوچەی جەنگ. بەڵام دواتر بە مەرج ڕەزامەندبوونەوە كە كارەكە بكەن، ئەوەبوو داوای زەمانەت لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا و ئەو داوایەش لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە دواكەوت و ئیتر پرۆژەكە پەكی كەوت. بەڵام سەرباری قورسیی پرۆژەكە لە ڕووی تێچوون و زۆریی بودجەوە، فارووق هۆڵدینگ بە تەنها و بە بودجەی خۆی ڕەزامەندبی حكوومەتی هەرێمی وەرگرت بە كڕینەوەی پشكەكانی لافارج و بڕیاری دا دەست بكات بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆ لە سلێمانی، كە بە وەبەرهێنانێكی قازانجنەویست سەیری دەكەین".