پەرلەمانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی دیاریكرد؛ كەركوكیش دەگرێتەوە

22-07-2019 06:24
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق/ 2018. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد، هەڵبژاردن لە 1ی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت لە پارێزگاكانی عێراق بە كەركوكیشەوە.

دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەرەگراف وتی"یاساكە پەسەند كراو هەڵبژاردن لە 1-4-2020 دەكرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوان پێیان باشە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە هەڵبژاردن كەركوكیش بگرێتەوە‌و دەنگیان بەو ماددەیەی هەموارەكە داوەو پەسەند كراوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ، تەندروستی‌و بازرگانیی كار لەسەر تۆماری دەنگدەران دەكات.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەدا نەبووە هەڵبژاردن لە كەركوك بكرێت بە پاساوی نائاسایی بوونی دۆخی ئیداریی‌و ئەمنیی، هەربۆیە لە كاتی گفتوگۆكردن لەبارەی هەڵبژاردن لە كەركوك دانیشتنەكەی پەرلەمانیان جێهێشتووە.

لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك ئەنجام نەدراوە.

هەمواری پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوەو پارێزگاكانی عێراق‌و ناوچەكانی جێناكۆك دەگرێتەوە.