ڕۆژنامەنوسانی ئێن ئاڕتی بە كۆمەڵ دەستلەكار دەكێشنەوە

23-07-2019 06:05


پەرەگراف

ڕۆژنامەنوسانی كەناڵی ئێن ئاڕتی بە كۆمەڵ دەستیان لەكار كێشایەوەو كەناڵەكەیان بەجێهێشت، بەڕێوەبەری ئێن ئاڕتی بۆ پەرەگراف دەڵێت، بە پێشنیاری ئەوان بووە لەبەرئەوەی ئامادە نەبوون بەشداریی تاقیكردنەوەیەكی هەڵسەنگاندن بكەن.

بەرپرسانی كەناڵی ئێن ئاڕتی تاقیكردنەوەیەكی ئیجبارییان بۆ ڕۆژنامەنووسانی كەناڵەكە دیاریكردووە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی توانستیان، ئەوەش ناڕەزایی ڕۆژنامەنووسانی كەناڵەكەی لێكەوتووەتەوەو ئامادە نەبوون بەشداریی تاقیكردنەوەكە بكەن، هەربۆیە كێشە لە نێوان ڕۆژنامەنووسان‌و بەرپرسانی كەناڵەكە دروست بووەو سەری كێشاوە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی زیاتر لە 40 ڕۆژنامەنووس.

ڕۆژنامەنووسێكی دەستلەكاركێشاوەی ئێن ئاڕتی بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە ئەو تاقیكردنەوەیە بە سووكایەتی دەزانین، چەند ساڵێكە كار دەكەین‌و هەڵسەنگاندنمان بۆ كراوەو ئەوكات وەرگیراوین خۆیان دەزانن توانای كەسەكان چۆنە".

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی خستە ڕوو، دەنگۆیەك هەیە لەناو كەناڵەكەدا كە ژمارەیەك كارمەند كەمبكرێتەوە، "وتومانە كێتان پێباش نییە دەری بكەن، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر تاقیكردنەوەكە، كاتژمێر سێیان دیاریكرد بۆ تاقیكردنەوە كەس نەچوو، چەند جارێك هاتن‌و وتیان ئیجرائات دەكەین، بەڵام هەر كەس نەچوو لە كۆتاییدا پێیان ناخۆش بوو كە قسەیان شكا، وتیان ئەوانەی نایكەن دەتوانن دەستلەكار بكێشنەوە یان خۆمان كۆتایی بە ڕاژەكەیان دەهێنین، ئێمەش هەموومان كاغەزێكی دەستلەكار كێشانەوەی بەكۆمەڵمان نووسی‌و واژۆمان كرد، پێشیان سەیر بوو".

بەو وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئەوانەی دەستیان لەكار كێشاوەتەوە "40 بۆ 50 كەس دەبین، بەشی هەواڵی تەلەفزیۆنەكە هەمووی بە سەرنوسەرو هەواڵسازو پرۆدیوسەرەوە، سایتەكە هەر هەمووی بە بەڕێوەبەرەكەیانەوە، ئێكس وای زێدی هەرچوار كەناڵەكەو لێپرسراوەكەیان هەمووی وازی هێنا. تەلەفزۆینەكە چۆڵ بووە چۆن دەیبەن بەڕێوە خۆیان دەزانن".

ڕۆژنامەنووسێكی دیكەی ئێن ئاڕتی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، بەرپرسانی كەناڵەكە بە ڕۆژنامەنووسەكانیان گوتووە، چەند پۆستێك لەناو كەناڵەكەدا بەتاڵن‌و دەیانەوێت پڕیان بكەنەوە، بۆئەوەش پێویستیان بەو تاقیكردنەوەیە هەیەو بۆ بەشی هەواڵ ئیجبارییەو كارمەندانی بەشەكانی دیكەش كێ ویستی دەتوانێت بەشداریی بكات.

لایخۆیەوە شوان عادل بەڕێوەبەری كەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ پەرەگراف وتی"تاقیكردنەوەیەكی ناوخۆیمان هەبوو بۆ هەڵسەنگاندن، ئەوان نەیانویست بێنەژێر ئەوەی هەڵبسەنگێندرێن".

بەڕێوەبەری ئێن ئاڕتی وتیشی "دەستلەكار كێشانەوە نەبوو پێشنیاری ئێمە بوو، وتمان یان هەڵبسەنگێندرێن، یان دەستلەكار بكێشنەوە، ئەوان دووەمیان هەڵبژاردن".

شوان عادل ئەوەشی خستە ڕوو، دەستلەكار كێشانەوەكە كارەكانی كەناڵەكەیان ڕاناگرێت، وتی "كەناڵەكە بەردەوامەو گەشتی هەواڵەكان وەك ڕۆژانی پێشووە".