دەمیرتاش ستایشی ستراتیژەكەی هەدەپە دەكات دژی ئەردۆغان

10-04-2019 09:51


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


هەڵبژاردنەكەی 31ی ئادار شكستێكی تەواوەتی بوو بۆ پارتەكەی ئەردۆغان و هەدەپەش ڕۆڵی گرنگی لەو شكستپێهێنانەدا گێڕاوە، ئەمە وتەی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەیە كە زیاد لە دوو ساڵە لە زینداندایە.

دەمیرتاش لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی دۆچە ڤێلا-ی ئەڵمانی كە لە ڕێگەی پارێزەرەكانیەوە لەگەڵیدا ئەنجامدراوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەریدەخەن كە سەرەڕای كۆنتڕۆڵكردنی لەسەدا 95ی میدیاو سەرچاوەكانی دیكەی دەوڵەت، "ئەوەی تووشی ئاكەپە هات هیچی كەمتر نییە لە شكستێكی تەواوەتی." دەشڵێت"هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا توانییان لە ڕێی ئەو هەڵبژاردنەوە ژیان بۆ بژاردەی دیموكراسی بگێڕنەوە، من ئەمە زۆر بە گرنگ و مانادار دەبینم."

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) كە پارتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتەیە، لەكۆی شەش شاری گەورە، پێنج شاریانی بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دۆڕاند، ئەوە گەورەترین پاشەكشەی ئەو پارتەیە لەماوەی 17 ساڵی ڕابردوو كە دەسەڵاتی توركیای بەدەستەوەیە.

لەو هەڵبژاردنانەدا گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لەگەڵ پارتی ئیی هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا تا پێكەوە ڕووبەڕووی هەژموونی ئاكەپە ببنەوە، هەرچەندە هەدەپە بە فەرمی نەچووە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە، بەڵام ستراتیژێكی پەیڕەوكرد كە لەبەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی دژ بە ئاكەپە بوو.

ستراتیژییەكە كێشانەوەی كاندیدەكانی هەدەپە بوو لە حەوت شاری گەورە و بەخشینی دەنگەكانی بوو بە جەهەپە، هەرچەندە ئەوە كارێكی ئاسان نەبوو بۆ هەدەپە بەو پێیەی لە ڕابردوودا جەهەپە هەڵوێستێكی ئەرێنی نەبووە لە پرسی كورد لە توركیا، بەڵام وەك ڕێگایەك بۆ سنووردانانێك بۆ ئاكەپە ئەو هەنگاوەی نا.

لەگەڵ ئەوەی بەشێك لەو ملیۆنان دەنگدەرەی هەدەپە دوودڵ بوون لە پشتگیرییكردنی جەهەپە، بەڵام ئەو تویتەی سەڵاحەدین دەمیرتاش چەند كاتژمێرێك پێش دەستپێكی هەڵبژاردنەكان كردی‌ و بە ناڕاستەوخۆ داوای لە هەمووان كرد دەنگەكانیان دژی ئاكەپە بەكاربهێنن، كۆتایی بە دوودڵییەكان هێنا، ئێستاش لە هەندێك ناوەندی توركیا تویتەكەی دەمیرتاش وەك هۆكارێك بۆ هەڵگێڕانەوەی مێزەكە بەسەر ئەردۆغاندا تەماشا دەكرێت.

دەمیرتاش كە لە مانگی تشرینی دووەمی 2016ەوە لە زینداندایە، لەو بارەیەوە دەڵێت"ڕۆڵی هەدەپە زۆر گرنگ بوو لە ئەنجامەكاندا. هەموو هاوڕێیان كە شەو و ڕۆژ كاریان دەكرد ڕۆڵیان هەیە لەو سەركەوتنەدا. من دەمەوێت سوپاسی دەنگدەران و سیاسەتمەدارانی هەدەپە بكەم. من دڵخۆشم و شەرفمەندم ئەگەر بەشدارییەكی بچووكم لەو سەركەوتنەدا هەبووبێت هەرچەندە لە زینداندام"، هەروەها دەڵێت"ئەوەی ڕوویدا سەركەوتنی هەدەپەیە، هەڵەیە گەر وەك سەركەوتنی من سەیربكرێت، چونكە منیش هەدەپەم."

لەو كاتەوەی زیندانی كراوە، دەمیرتاش لەڕێی پارێزەرەكانیەوە پەیام دەنێرێت و لە هەژمارەكەی خۆی لە تویتەر بۆی بڵاودەكەنەوە. ئەو باس لەوەش دەكات كە سەرەتا یەكەم تویتی بڵاوبووەتەوە، دەستبەجێ پاسەوانەكانی زیندانەكەی ژوورەكەیان پشكنیوەو بۆ سەرچاوەی ئەو ئامێرە گەڕاون كە تویتی پێ دەكات، "بەڵام تاكە ئامێرێك لە ژوورەكەمدا هەبوو كترییەكی كارەبایی بوو، كە زانییان ناكرێت بەو كترییە تویت بكەم، وازیانهێنا و ڕۆیشتن."

كاریكاتێرێك لەبارەی تویتەكەی دەمیرتاش دژی پارتەكەی ئەردۆغان.

لە هەڵبژاردنەكەی 31ی ئاداردا هەدەپە زۆرینەی دەنگەكانی هەشت پارێزگای بردەوە، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014 هەدەپە 11 پارێزگای بردبووەوە.

ئەو هەشت پارێزگایەی هەدەپە تێیدا براوەبوو بریتین لە؛ ئامەد، ماردین، وان، قارس، باتمان، سرت، بەتلیس و هەكاری. هەروەها هەدەپە بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە پارێزگای مووش سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەكانی چەندین سندووق دژی كاندیدەكەیان پووچەڵ كراوەتەوە، لە ئێستاشدا لەو بارەیەوە تانەیان پێشكەش بە دەزگای باڵای هەڵبژاردنی توركیا كردووە.

كاندیدی هەدەپە بۆ پارێزگای مووش، سیری ساكیك كە لە ساڵی 2014 وەك شارەداری ئاگری بە جیاوازیی تەنها 10 دەنگ بردنەوەی مسۆگەركرد، دوای ئەوەی لە ئەنجامە بەراییەكان شكستی هێنابوو، بەڵام ئەوكات تانەكان كردیان بە براوە.

دەمیرتاش لەو بارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سیستمی یاسایی لە توركیا تەنها خزمەت بە پارتی دەسەڵاتدار دەكات، "ئەگەر دۆخەكە بەو جۆرە نەبووایە لە موش، دڵنیام ئەنجامەكان لە بەرژەوەندی هەدەپە دەشكایەوە."

هەدەپە لە هەڵبژاردنەكاندا بە بەراورد بە ساڵی 2014، چوار شارەداری چوار شاری لەدەستدا، كە بریتین لە شارەكانی؛ دەرسیم، ئاگری، شەرناخ و بەتلیس. لەبەرامبەردا بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنەكانی لە شاری قارس بردەوە.

بەرپرسانی هەدەپە باس لەوە دەكەن ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوان وەك شەڕی مانەوە وەهابوو، بەوپێیەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەزاران ئەندام و لایەنگریان زیندانیكراون و دوورخراونەتەوە، لەسەروو هەموویانەوە هەردوو هاوسەرۆكی پێشووی پارتەكە.

هەدەپە دەڵێت، فشارێكی زۆر لەسەر هەموو ئەوانە هەیە كە هاوسۆزن لەگەڵیاندا، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتووبوون لەوەی پارێزگاریی لە بەشی زۆری دەنگەكانیان بكەن و پەیامێكیش بگەیەنن بەوەی گەرچی ئەوان لە توركیا دەنگیشیان كەم بێت، بەڵام دواجار دەتوانن بە ویستی خۆیان ململانێی پارتە گەورەكان بەلایەكدا بخەن.