جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان وادەی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتیی دیاری كرد

24-07-2019 11:15
ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان. وێنە: بڕیار نامیق


پەرەگراف

جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕۆژی 14ی ئەیلوولی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە دیاری كرد، ئەمە لە كاتێكدایە سبەینێ ماوەی كاركردنی ڕێكخەری گشتی‌ و خانەی ڕاپەڕاندن كۆتایی دێت.

هەروەها بڕیار دراوە دوای هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی، دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ببەسترێت.

بەرلە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤات كە ئەو بڕیارانەی تێدا درا، سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی "دوو بۆچوون هەیە لە كۆبوونەوەی جڤات گفتوگۆی لەسەر دەكرێت یەكەمیان ئەوەیە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان لە سەرەوە بۆ خوارەوەبن‌و سەرەتا بۆ خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی بێت دواتر ئۆرگانەكانی دیكە، بەڵام بۆچوونی دووەم بە پێچەوانەوە پێی باشە لەخوارەوە بۆ سەرەوەبێت‌و لە ئۆرگانەكانی خوارەوە دەستپێبكرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، "بۆچوون یەكەم لەلایەن هەڵسوڕاوە گەنجەكانی گۆڕانەوە پشتیوانی دەكرێت‌و فشاریان دروست كردووە، بەڵام بەشێك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لەگەڵ بۆچوونی دووەمدان".

پێشتر ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەیاندا "ماوەی كاركردنی خانەی ڕاپەڕاندن 2 تا 3 مانگ درێژ بكرێتەوەو لەو ماوەیەدا كۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت‌و گۆڕانكاریی لە دەستوری ناوخۆیی گۆڕاندا بكرێت".

جڤاتی نیشتیمانی باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانە لەناو گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندنیش باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنەو بڕیارەكانی جڤات جێبەجێ دەكات، بۆ هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن، گۆڕان وەك حیزبەكانی دیكە پێویستی بە بەستنی كۆنگرە نییەو لە كۆبوونەوەیەكی جڤاتی نیشتیمانیدا پڕۆسەكە ئەنجام دەدرێت‌و لەناو خانەی ڕاپەڕاندیش كە 7 كەس دەبن یەكێكیان هەڵدەبژێردرێت بۆ ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە.

لەسەر هەمان پرسی ناوخۆیی گۆڕان، دوێنێ جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە كە دامەزراوەیەكی ڕاوێژكارییەو پێشنیارو ڕاسپاردە ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەكات كۆبوونەوەی ئەنجامدا.

بەپێی میدیا گۆڕان، جڤاتی گشتی پێشنیازی كردووە ڕۆژی (1/11/2019) دوەمین كۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان ببەسترێت و هەنگاوەكان دەستپێبكرێت بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسە ناوخۆییەكان و نوێكردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكان و پەیكەری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان "لە خوارەوە بۆ سەرەوە".

هەر لە كۆبونەوەكەدا، پێشنیازكراوە بەرنامەیەكی سیاسی نوێ دابڕێژرێتەوە بۆ چوار ساڵی داهاتوی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكەو پێشنیازەكان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی كراون بۆ بڕیاردان لەبارەیانەوە.

25-7-2017 خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردرا، ئەوەش یەكەم هەنگاوی خۆ نوێ كردنەوەی بزووتنەوەكە بوو لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا.

پەرەگراف ئەوكات زانیاریی وردی لە بارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەكە ئاشكراكردو ئەوەی بڵاوكردەوە كە هەڵبژاردنەكە بە ڕێككەوتنی پێشوەخت یەكلایی كرایەوەو فشارو دەستێوەردان هەبووە بۆ دەرچواندن‌و كشانەوەی كاندیدەكان، ئەوەش نیگەرانیی لەناو گۆڕاندا دروستكرد‌و لەژێر "فشار"دا كاندیدە گەنجەكان ناچار بە كشانەوە كران.

لە دوو ساڵی تەمەنیدا خانەی ڕاپەڕاندن زۆرترین ڕەخنەی لەناو گۆڕان ڕوبەڕو كراوەتەوەو پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕاكێشراوە‌و وەك هۆكاری سەرەكی بۆ پاشەكشەی دەنگی بزووتنەوەكە لە هەڵبژاردن‌و تەشەنەسەندنی كێشە ناوخۆییەكان لە قەڵەم دراوە، هاوكات ئەندامانی خانەكە زۆرترین ناكۆكیی لە نێوانیاندا هەبووەو بەهۆی ناكۆكییەكانەوە لە زۆر كاتی هەستیارو پرسی گەرمی گۆڕەپانی سیاسیدا نەیانتوانیوە كۆببنەوە.