لە زنجیرەیەك ڕووداودا لە داقووق 15 كەس كوژران و بریندار بوون

25-07-2019 10:36
ناشتنی ئەندامانی دوو خێزانە عەرەبەكە. وێنە: ڕووداو

پەرەگراف

شەوی ڕابردوو كەوتنە خوارەوەی ژمارەیەك گوللـە هاوەن لە قەزای داقووق زنجیرەیەك ڕووداوی دیكەی بە دوای خۆیدا هێنا و بەهۆیەوە 11 كەس گیانیان لەدەست دا و چواری دیكە بریندار بوون.

دوای كاتژمێر 10ی شەوی ڕابردوو، چوار گوللـە هاوەن ئاراستەی گوندی (دارا)ی ناوچەی حەفتەغار لە باشووری داقووق كران. دیاریش نییە لەلایەن چ هێزێكەوە ئاراستە كراون.

بەپێی شایەتحاڵ و سەرچاوە ئەمنییەكانی (كەركووك ناو)، یەكێك لە گوللـە هاوەنەكان بەر ماڵی خێزانێكی كورد كەوتووە و بەهۆیەوە چوار كەس (دایك و باوك لەگەڵ دوو كوڕیان) بریندار بوون. دایكەكە بەهۆی سەختیی برینەكەیە ڕەوانەی نەخۆشخانەی كەركووك كراوە، بەڵام پاش یەك كاتژمێر گیانی لەدەست داوە.

پاش تەقاندنی ئەو گوللـە هاوەنانە، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بەرەو شوێنی ڕووداوەكە لە ناوچەی حەفتەغار جووڵاون، هاوكات ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ لەو ڕێگایەدا كراوەتە ئامانج كە ئەندامانی دوو خێزانی عەرەبی تێدا بووە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی داقووق، بە كەركوك ناوی وتووە "هێزێكی نەناسراو تەقەی لەو ئۆپڵە كردووە، بەهۆیەوە نۆ كەس گیانیان لەدەست داوە و منداڵێكی دوو ساڵیش بریندار بووە".

پاش كردنە ئامانجی ئەو دوو خێزانە، تیمێكی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەچنە نەخۆشخانەی داقووق بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە، بەڵام پۆلیسی فیدراڵی ڕێگە نادات تیمەكە بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە، لە ئەنجامی ئەوە بارگرژی دروست دەبێت.

سەرچاوەكەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەڵێت "لەو بارگرژییەدا بە گوللـەی پۆلیسی فیدراڵی ئەفسەرێكی نەهێشتنی تاوانی داقووق كوژراوە". ئەو ئەفسەرە ناوی (محەمەد قاسم)ـە و لە پێكهاتەی توركمانە.

دوای بارگرژییەكان كە كوژرانی 11 كەس و برینداربوونی چواری كەسی دیكەی لێ كەوتەوە، ژمارەیەك هاووڵاتیی توركمانی داقووق لەبەردەم بارەگای پۆلیسی فیدراڵی خۆپیشاندانیان ئەندام دا و داوایان كرد بكوژی ئەفسەرەكەی نەهێشتنی تاوان بدرێتە دادگا و پۆلیسی فیدراڵییش قەزاكە جێبهێڵن.

هەر درەنگانێكی شەوی ڕابردوو بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی قەزای داقوق لیوا ڕوكن حامد زوهەیری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كەركووك و عەلی كەمال، فەرماندەی پۆلیسی كەركووك گەیشتنە قەزاكە.

لە كۆبونەوەیەكیشدا لەگەڵ خۆپیشاندەران، بڕیاریان دوە بكوژی ئەفسەرەكەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە ڕێی یاسایی سزا بدرێت. هەروەها پۆلیسی فیدراڵی لە بازگەكانی ناو شار كشاوەتەوە و فەوجێكی پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووك لەناو داقووق جێگیر بوون و بڵاوەیان پێ كراو.