
پەرەگراف
لە قەزای سۆران منداڵێكی ساوا لەسەر شەقامێكی گشتی دەدۆزرێتەوە. نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی قەزاکە دەڵێت: منداڵەكە فڕێ دراوە و دایك و باوكی دیار نین.
لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەم حاڵەتی فڕێدانی منداڵی ساوایە كە لە سۆران تۆمار دەكرێت.
ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، دەڵێت "سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ ٢٥-7-2019، منداڵێكی تازە لە دایك بوو كە لەسەر شەقامی ڕێگای جوندیان لە نزیك پاركی گوڵان فڕێ دراوە، دەدۆزرێتەوە".
پاش دۆزینەوەی، منداڵەكە لەلایەن پۆلیسەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان، دوای پشكنین لەلایەن دكتۆری پسپۆڕەوە، دەرکەوتووە منداڵەكە كێشەی تەندروستیی نییە و "تەنها كەمێك زەردوویی هەیە، بۆیە پێویستی بە چاودێری هەیە بۆ ماوەیەكی كاتی".
ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەکە دەشڵێت "منداڵەكە ڕەگەزی كچە و تەمەنی هەفتەیەك زیاتر دەبێ"، ئاماژەی بەوەشكردووە، هیچ كەسێك وەكو دایك یان باوكی منداڵەكە دەرنەكەوتووە و نازانرێت هی كێیە.