دژە تیرۆر دانپێدانانی دەستگیركراوانی هێرشەكەی هەولێری بڵاوكردەوە

26-07-2019 06:40


پەرەگراف

ئەنجومەنی ئاسایش دەقی دانپێدانانی تۆمەتبارانی هێرشەكەی هەولێری بڵاو كردەوەو تۆمەتبارەكان دان بەوەدا دەنێن ئەوان بەرپرسەكەی كونسوڵخانەی توركیاو دوو هاوڵاتییەكەی هەرێمیان كوشتووە. تۆمەتبارەكان دان بەوەشدا دەنێن، "پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەبووەو لەلایەن كەسێك لەناو  پەكەكەوە داوایان لێكراوە ئەو كارە ئەنجام بدەن".

لەگەڵ دانپێدانانەكەدا ڤیدیۆی تەقەكردنەكەو ڕاكردنی تۆمەتباران‌و هاتووچۆی ڕۆژانی دواتریان بڵاوكراوەتەوە.

هاوكات ئەنجومەنی ئاسایش ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت"هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆری كوردستان توانیویانە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا شەش كەس لە پەیوەند بەم رووداوەدا دەستگیر بكەن كە سێ كەس هاووڵاتی توركیان لە نێویاندا ئەنجامدەری سەرەكی رووداوەكە بەناوی (مەزڵوم داغ). سێ كەسیش لە هاوكار و یاریدەدەرانی ئەنجامدەرانی رووداوەكە هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن. هەروەها چەند كەسێكی دیكەش كە پەیوەندییان بەم رووداوەوە هەیە و لە رووی یاساییەوە داواكراون بەدواداچوون لە سەریان بەردەوامە".

ئەنجومەنی ئاسایش دەشڵێت "بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەكە تیرۆریستییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆركردنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و سەرەنجام تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان. هەر بەپێی دانپێدانانی ئەنجامدەری سەرەكی رووداوە تیرۆریستییەكەش، هەردوو هاووڵاتییەكەی هەرێمی كوردستان تەنیا بە گومانی ئەوەی پاسەوانی دیپلوماتەكەی توركیان كوژراون".