نەوەی نوێ: فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید پەیوەندیی بە جووڵانەوەكەوە نییە

28-07-2019 10:14

پەرەگراف

دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەركرد. بەرپرسێكی نەوەی نوێ‌ دەڵێت: سكاڵاكە دوور و نزیك پەیوەندیی بە جووڵانەوەی نەوەی نوێوە نییە.

لە فەرمانەكەدا هاتووە "بۆ گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و گشت ئەندامانی پۆلیس و هەر كەسێك ئەم گرتننامەیەی بەدەست دەگات، ئێوە ڕێگەتان پێ‌ دراوە و لەسەرتانە ئەم تۆمەتبارەی لە خوارەوە زانیاریی لەبارەوە دراوە (شاسوار عەبدولواحید قادر)، بیگرن و بدەن بە دادگاكەمان، چونكە لە بنكەی پۆلیسی سەیوان سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە".

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.

هیمداد شاهین، بەرپرسی ئۆفیسی دیسكی عێراق لە نەوەی نوێ‌، لەبارەی فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو فەرمانە دوور و نزیك پەیوەندیی بە جووڵانەوەی نەوەی نوێوە نییە و لەسەر دۆسیەی تر تۆمار كراوە".

لەبارەی ئەو تۆمەتی كە دراوەتە پاڵ شاسوار عەبدولواحید، هیمداد شاهین وتی "ئاگاداری وردەكاری ئەو فەرمانی دەستگیركردنە نیین و نازانین لەسەر چییە، بەڵام دڵنیاین پەیوەندی بە نەوەی نوێوە نییە".

هەر لەبارەی سكاڵاكەوە سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی، بۆ پەرەرگراف وتی "ئاگادار كراومەتەوە كە لە بنكەی پۆلیسی سەیوان سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بەڵام با بەیانی دەوامی فەرمی بكرێتەوە و بزانین چۆنە و چییە، ئەوكات قسەی لەسەر دەكەین".