ساڵی سەرڕێژبوونی بەنداوەكانە لە هەرێمی كوردستان

10-04-2019 06:28
دەرچەی بیڵ ماوسی بەنداوی دوکان/ ٩-٤-٢٠١٩. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف- سەنگەر سالار

لە كۆی 17 بەنداوی هەرێمی كوردستان 16 بەنداویان سەرڕێژیان كردووەو بڕی گلدانەوەی ئاو لە هەرێم گەیشتووەتە نۆ ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا. بەرپرسانی بەنداوەكان ڕێگرییان لە سەرڕێژكردنی بەنداوی دەربەندیخان كردووەو هۆكارەكەی بۆ پەرەگراف دەخەنەڕوو.

لە ناوەڕاستی وەرزی پایزی ساڵی ڕابردووەوە بارانبارین لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كردووە و بە درێژایی وەرزی زستان‌و تائێستاش بەردەوامە. بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی‌و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی بارانبارین لەمساڵدا لە هەندێك پارێزگا بۆ زیاتر لە دوو هێندەو لە هەندێكیشان بۆ زیاتر لە سێ‌ هێندە بەرزبووەتەوە. ئەمەش وای كردووە ئەمساڵ زۆرترین ئاو لە بەنداوەكانی هەرێمدا گلبدرێتەوە، بەڵام كەمیی بەنداو، وای كردووە بەشێك لەو ئاوە بەفیڕۆ بڕوات.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ پەرەگراف وتی"لە هەرێمی كوردستان 17 بەنداو هەن، تا ئێستا 16 بەنداویان سەرڕێژیان كردووە، تەنیا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی نەكردووە، ئەویش خۆمان ڕێگریمان لێ‌ كردووە."

لەبارەی هۆكاری ڕێگریكردن لە سەرڕێژكردنی بەنداوی دەربەندیخان، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەكە بۆ پەرەگراف وتی"پێشتر بڕیارمان دابوو سێ‌ مەتر بۆشایی لە بەنداوەكەدا بهێڵینەوە، ئەوەش لەبەر بارودۆخی بەنداوەكەو پاراستنی لە هەر مەترسییەك، چونكە بەهۆی ڕووداوی زەمینلەرزەكەی كۆتایی ساڵی 2017 زیان بە بەنداوەكە گەیشتووە."

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان جەختی لەوە كردەوە "لەبەر سەلامەتیی بەنداوەكە ڕێگە بە سەرڕێژكردنی نادەن."

بەنداوی دەربەندیخان توانای گلدانەوەی دوو ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەپێی ئەو داتایەی بەڕێوەبەری بەنداوەكە خستيەڕوو، بڕی ئاوی گلدراوەی ئێستای بەنداوەكە دوو ملیار و 150 ملیۆن مەتر سێجایە.

بارینی بڕێكی زۆری باران لەمساڵدا وای كردووە هەرێم زۆرترین بڕی ئاو بەپێی توانای بەنداوەكانی گلبداتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان دەڵێت"هەرێمی كوردستان خاوەنی نۆ ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلدراوەیە."

"توانراوە ئەو بڕە لە ئاو گلبدەینەوە، ئەوی دیكەی هەندێكی بووە بە هەڵم و هەندێكی بووە بە ئاوی ژێر زەوی و بەشێكیشی بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕۆیشتووە،" ئەكرەم ئەحمەد وای گوت.

هەربەهۆی ئەو بارانەی هەرێمی كوردستان گرتەوە، بەنداوی دوكان كە 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، هەفتەی ڕابردوو بۆ دووەمجار لە مێژوویدا سەرڕێژی كرد. بەنداوەكە ساڵی 1954 دەستكراوە بە دروستكردنی‌و 1959 تەواوبووە‌و بۆیەكەمجار ساڵی 1988 سەرڕێژی كردووە.

هەرێمی كوردستان پێویستی بە دروستكردنی بەنداوی دیكە هەیە‌و پلان‌و بەرنامەی پێویست لەو ڕووەوە دانراوە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بودجەوە كاركردن لە زۆرینەی پڕۆژەكانی دروستكردنی بەنداو ڕاگیراون و هەندێكیشیان بە سستی كاریان تێدا دەكرێت.

دەرچەی بیڵ ماوسی بەنداوی دوکان/ ٩-٤-٢٠١٩

ڤیدیۆ؛ پەرەگراف