"دوو هەزار و 908 كەس لە ڕفێندراوانی ئێزیدیی دەستی داعش چارەنووسیان نادیارە"

01-08-2019 02:16
ئاوارەبوونی ئێزیدییەكان لە پاش هێرشەكەی ڕۆژی 3-8-2014ی داعش بۆ سەر شنگال

پەرەگراف

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئێزدی دەڵێت: سێ‌ هەزار و 509 كەس لە ڕفێندراوانی ئێزیدیی دەستی داعش چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی نوێترین ئامار كە نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئێزدی بڵاوی كردەوە، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق 550 هەزار كەسە، كە 360 هەزاریان بەهۆی هێرشی داعشەوە ئاوارە بوون.

نووسینگەكە دەڵێت "ژمارەی شەهیدانی ئێزیدی لە ڕۆژانی یەكەمی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال، 1293 شەهیدە، ژمارەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەیشی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، 80 گۆڕی بەكۆمەڵن".

حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "شەش هەزار و 417 ئێزیدی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، كە سێ‌ هەزار و 548 كەسیان لە ڕەگەزی مێ‌ و دوو هەزار و 869 كەسیان لە ڕەگەزی نێرن".

بەپێی ئەو ئامارەی كە ناوبراو ڕایگەیاند، تا ئێستا سێ‌ هەزار و 509 كەس ڕزگار كراون كە هەزار و 192 كەسیان ئافرەت و 337 كەسیشیان پیاون. لەو ژمارەیە هەزار و 33یان منداڵی كچ و، 947یان منداڵی كوڕن".

حسێن قائیدی دەڵێت "هێشتا دوو هەزار و 908 كەس لە ڕفێندراوەكان چارەنووسیان نادیارە. لەو ژمارەیەش هەزار و 323 كەسیان لە ڕەگەزی مێ‌ و هەزار و 585 كەسیان لە ڕەگەزی نێرن".

ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، بەهۆی كەمیی هاوكارییەكانی حكوومەتی عێراق و لایەنە نێودەوڵەتییەكان، تا ئێستا نەتوانراوە چارونووسی ئەوانەی كە نادیارن، یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام دەڵێت "زانیاریمان هەیە كە هەندێكیان لە عێراق بە تایبەت لە مووسڵ و هەندێكیان لە سووریا بە تایبەت لە باغۆزن".