تەنیا لە یەك مانگدا زیاتر لە 55 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچوو لە سلێمانی لەناو براوە

05-08-2019 12:04
لەناوبردنی خۆراكی بەسەرچوو لەلایەن لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانییەوە. وێنە؛ سایتی قایمقامیەت.

پەرەگراف

تەنیا لە ماوەی یەك مانگدا بڕی 55 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچوو لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە و لەناو براوە. بەهۆی سەرپێچیشەوە 27 شوێن داخراون  و 16 شوێن ڕووبەڕووی دادگا كراونەتەوە.

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری كار و چالاكییەكانی مانگی تەمووزی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە "لە مانگی حەوتدا لیژنەكان سەردانی چوار هەزار و 298 شوێنیان كردووە و لە پابەندبوون و جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەكانیان كۆڵیوەتەوە".

بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییە تەندروستی و ڤێتەرنەرییەكانەوە، 427 شوێن پسوڵەی سەرپێچییان بۆ كراوە و 857 شوێنیش ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و ڕێنماییەكان بن. هەروەها بەهۆی جۆرەكانی سەرپێچییەوە 27 شوێن داخراون و 16 شوێنیش بەهۆی قەبارەی ئەو سەرپێچییانەی كە كردوویانە، ڕووبەڕووی دادگا كراونەتەوە.

بە پێی ڕێنماییەكانی لیژنە هاوبەشەكان، هەر شوێنێك پابەند نەبێت بە مەرجەكانەوە، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێت و لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی سەرپێچییەكاندا ڕووبەڕووی داخستن یان دادگا دەكرێتەوە.

بەپێی ئاماری لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، "لە مانگی تەمووزدا بڕی 55 تۆن و 597 كیلۆگرام مەواد و خۆراكی ماوەبەسەرچوو لەناو براوە. كۆی گشتیی پارەی غەرامەكراویش لەو مانگەدا بریتییە لە 23 ملیۆن و 700 هەزار دینار، كە بەپێی یاسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی".

هاوكات لیژنەی عەلوەی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، بە گومانی خراپبوون، دەستی بەسەر (1500) كارتۆن خورما لە جۆری (الحقیقی)دا گرتووە و نموونەی ڕەوانەی تەندروستیی سلێمانی كردووە بۆ پشكنین.

پاش دووجار پشكنین، بەشی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی وەڵامی بە "بۆ خواردن و بەكارهێنان ناشێت" بە لیژنەی ناوبراو داوەتەوە، بۆیە لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی قائیمقامیەتی سلێمانی تەواوی ئەو خورمایەی دەستی بەسەردا گیراوە. لەناو براوە.

لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ژمارەیان 36 لیژنەیە. بەپێی پسپۆڕییان بە بەردەوامی سەردانی بازاڕ و شوێنەكانی دیكە دەكەن بۆ پشكنین و ئاگادار بوون لە كوالێتیی خۆراك و پێداویستییەكانی دیكە، بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان.

پێشتر پەرەگراف لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی هاوردەكردنی خۆراكی ماوەبەسەرچوو و كوالێتی خراپی بۆ ناو هەرێم و مەترسییەكانی خستە ڕوو، كە بووەتە مۆتەكەی گیانی خەڵك و ڕۆژانە لە بازاڕەكاندا ساغدەكرێنەوە، دوای ئەوەی لە چەندین ڕێگەی جیاوازەوە لەنێویاندا بە قاچاخ، هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن.

تەنیا ئەوەندەی دیارە و دەستی بەسەرداگیراوە لە ساڵێكدا گەیشتووەتە نزیكەی هەزار تۆن، لە خۆراكی خراپ و بەسەرچوو، جیا لەوانەی بەرلەوەی دەستی حكومەتیان پێبگات دەرخواردی هەزاران هاوڵاتیی دراون.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف و ئەو ئامارانەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كۆیكردوونەتەوە، لە ساڵی 2018دا لە سێ پارێزگای هەرێم، هەولێر و سلێمانی و دهۆك، 925 تۆن خۆراك دەستی بەسەرداگیراوە و لەناوبراون، بەهۆی نەشیاویی‌و بەسەرچونیانەوە.

* قاچاخچێتی ژەهر.. به‌شێك له‌ بازرگانەكان خۆراكی خراپ هاورده‌ ده‌كه‌ن

مەترسی ئەو ئامارە، زیاتر بۆ تەندروستی خەڵكە، چونكە بە شێنەیی بەرەو چەندین نەخۆشییان دەبات.