35 ساڵ بەسەر دەستپێكی خەباتی چەكداریی پەكەكە تێدەپەڕێت

15-08-2019 02:04

پەرەگراف

35 ساڵ بەسەر دەستپێكردنی خەباتی چەكداریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دژی توركیا تێدەپەڕێت. پەكەكە دەڵێت: بەرخۆدانی ئازادیی ٣٥ ساڵە نزیكەی ٥٠ هەزار شەهید و چەندین هێندە بریندارى بەخشیوە.

لە ڕۆژی 15ی ئابی ساڵی 1984، هێزی چەكداریی پەكەكە لەژێر ناوی هێزی ڕزگاریی كوردستان، خەباتی چەكداریی دژ بە توركیا دەست پێ‌ كرد.

خەباتی چەكداریی پەكەكە دژی توركیا، بە فەرماندەیی مەعسوم كۆركماز ناسراو بە (عەگید) دەستی پێ‌ كرد. لە ناوچەی دهێی سەر بە سێرت و شەمزینان، دوو چالاكیی چەكداری بەڕێوە چوون، كە بوونە سەرەتای خەباتێكی دوور و درێژ كە تا ئێستا بەردەوامە.

دواتر پەكەكە ناوی هێزی چەكداریی (گەریلا) خۆی بۆ سوپای ڕزگاریی گەلی كوردستان گۆڕی و ئێستاش لەژێر ناوی هێزی پاراستنی گەل (HPG) درێژە بە خەبات دەدات.

لە 35ـەمین ساڵیادی دەستپێكردنی خەباتی چەكداریی خۆیدا، كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە ڕاگەیەندراوێكی لەژێر ناوی "٣٥ ساڵ بەرخۆدان لەسەر هێڵی قارەمانیی فیداییانە" بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "دەست بە ٣٦ـەمین ساڵی ئازادیی كورد دەكەین. شەڕی گەریلا بۆ ئازادیی كوردستان لەسەر هێڵی ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە فەرماندەیی هاوڕێ عەگید (مەعسوم كۆركماز) و بە چالاكی لە دهێ و شەمزینان دەستیپێكرد".

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ساڵی 1978 دامەزراوە. لە ڕۆژانی 26 و 27 مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەدا لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجەی پارێزگای ئامەدی باكووری كوردستان، كۆنگرەی دامەزراندنی پەكەكە بەڕێوەچوو. تێیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ڕێبەری پارتەكە هەڵبژێردرا.

لە 15ی تەمموزی 1981، یەكەمین كۆنفرانسی پەكەكە لە لوبنان بەڕێوەچوو. پارتەكە لە نێوان بەردەوامیدان بە تێكۆشان و كۆتاییهێنان بە خەبات، بڕیاری بەردەوامیی دا، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ توركیا و دەستكردن بە تێكۆشانی چەكداری و گەریلایی.

كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە دەڵێت "بەرخۆدانی ئازادیی ٣٥ ساڵە لە سەر بنەمای هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی ١٥ تەباخ بەدی هاتووە، تا ئێستا نزیكەی ٥٠ هەزار شەهید و چەندین هێندە زیاتر برینداری بەخشیوە، هەر وەها سەدان هەزار كەسی لێ زیندانی كراوە".

"هەموو كەس دەزانێت و قبووڵی دەكات كە دەستكەوت و پێشكەوتنی ئەم ٣٥ ساڵەی دوایی، لەسەر بنەمای قەڵەمبازی گەریلایی ١٥ی تەباخ و ئەنجامە ڕاستەوخۆكانی ئەو قەڵەمبازە بەدەست هاتوون. لەسەر ئەو بنەمایە لە باكوور شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەیی بەدیهات و قۆناغی نەتەوەیی بوونی دیموكراتیك دەستی پێ كرد. بە كاریگەرییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكانی دەستكەوتە ئافرێنراوەكانی باشووری كوردستان و شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە ڕۆژئاوای كوردستان بەدی هات"، كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە وا دەڵێت.

لە ئێستادا توركیا هەموو توانا سەربازییەكانی خۆی لە هێزی زەمینی و ئاسمانی لە دژی پەكەكە خستووەتە گەڕ. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین فشاری بۆ سەر پەكەكە دروست كردووە و دەیان كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بۆ شەڕی گەریلاكان بەزاندووە. هەر لەم ماوەیەشدا چەندین سەركردەی دیار و دەیان گەریلای پەكەكەی بە هێرشی ئاسمانی كردووەتە ئامانج. بە درێژیی 35 ساڵی ڕابردوو فشارەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە بەم ئاستەی ئێستا توند و كاریگەر نەبوون.

بەڵام پەكەكە سوورە لەسەر ئەوەی كە "ئەوەی بە بەردەوامی تێكشكاوە كۆماری توركیا بووە، ئەوەشی هەموو كاتێك سەركەوت و بەهێز بووە، بزووتنەوەی ئازادییە".

لە ڕاگەیەندراوەكەی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكەدا هاتووە "بەرخۆدانی ساڵی ٣٥ وەك تێكۆشانی تۆڵكردنەوە بەڕێوە چوو. لەسەر بنەمای هەڵمەتی بەرخۆدانی (گۆشەگیری تێكدەشكێنین، فاشیزم هەڵدەوشێنین و كوردستان ئازاد دەكەین)، كە لە چوارپارچەی كوردستان، زیندانەكان و لە دەرەوی وڵات بە بەرخۆدانی شكۆمەندانەی مانگرتن لە خواردن، كە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەڕێوە چوو و بەوەش دەرگاكانی گۆشەگیریی لە ئیمراڵی كرانەوە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ٣١ ئاداردا فاشیزمی ئاكەپە و مەهەپە تێكشكێنران. تێكۆشان بە پێشەنگایەتیی كوردان لە دژی چەتەكانی داعشی فاشست بەڕێوەچوو و سەركەوتنی مێژوویی بەدەستهات".

پەكەكە جەخت لە درێژەپێدان و فراوانكردنی چالاكییە سەربازییەكانی دەكاتەوە و دەڵێت "لە تەباخی ٣٦هەمیندا لە بەرامبەر شەڕی تایبەت و سەرتاسەریی فاشیزمی ئاكەپە – مەهەپە بە گەل و گەریلا، ئێـمە شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل لە هەموو گۆڕەپانێك بەڕێوە دەبەین. هێزەكانی گەریلا كە بە ڕۆحی ١٥ی تەباخ خۆیان ئامادە كردووە، بە پرادیگمای نوێ لە هێڵی ئاپۆیی خۆی نوێدەكاتەوە و لە هەرێمەكانی سەرحەد هەتا خواكوڕك، لە دێرسیم هەتا مێردین، لە هەموو شوێنێكی كوردستان گورزی قورس لە ‌‌‌هێزی فاشستی - قركەڕ دەدەن".