وەزیری كشتوكاڵ لەبارەی گرتە ڤیدیۆییەكەی شووتیی پێنجوێنەوە ڕوونكردنەوە دەدات

16-08-2019 03:38

پەرەگراف

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی باس لە مەترسییە تەندروستییەكانی شووتیی پێنجوێن دەكات، ڕایگەیاند: زۆر بە جیددی لەم بابەتە دەڕوانین و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەكەین. بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانییش دەڵێت: ئەو سێ ماددەیەی لە گرتە ڤیدۆییەكەدا دەردەكەون، ڕێگەپێدراون و شیاون بۆ بەكارهێنان.

چەند ڕۆژێكە گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە كە تێیدا ئەو كەسەی ڤیدیۆكەی تۆمار كردووە، لەناو بێستانێكی شووتیدایە كە وەكو خۆی دەڵێت "لە ناوچەی پێنجوێن"ـە.

ئەو كەسە چەند دەرمانێكی كشتوكاڵی پیشان دەدات كە بە قسەی ئەو شووتی بە 20 ڕۆژ لە ڕێگەی ئەو دەرمانانەوە پێدەگەیەنرێت. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەكات كە زیانی تەندروستیی گەورەی هەیە. ئەمەش دڵەڕاوێكی لای هاووڵاتیان دروست كردووە و بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لە خەڵك بەرهەمی شووتیی پێنجوێن نەكڕن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، لەبارەی گرتە ڤیدیۆییەكەوە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت "ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ بەدواداچوونی پێویستمان دەبێت لەسەر ئەم بابەتە، چونكە پەیوەستە بە ژیان و تەندروستیی خەڵكی وڵاتەكەمانەوە".

وەزیری كشتوكاڵ ئاماژە بەوە دەكات، لە دەربڕینی ئەو كەسەی ڤیدیۆكەی تۆمار كردووە، "زۆر بە ڕوونی هەست بەوە دەكرێ كە هەوڵی شكاندنی بەرووبوومی ناوخۆیی دەدات و دەیەوێ ترس بڵاو بكاتەوە. ئینجا ئەم كارە مەبەستدار یان لە نائاگاییەوە بێت، سەرئەنجام بەقازانجی بەرهەمی هاوردە دەشكێتەوە".

بێگەرد تاڵەبانی تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی "لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەرمانی كشتوكاڵیی ڕێگەپێدراو بە ڕێژەیەكی دیاریكراوی زانستی بەكار دەهێنرێت بۆ گەشەی بەرهەمەكان، جگە لەو بەرهەمانەی كە ۱۰۰٪ ئۆرگانین".

هاوكات جەخت لەوە دەكاتەوە "بەرهەمی ناوخۆ زۆر زیاتر تەندروستتر و باشتر و ئۆرگانیتر و تازەترە بەراورد بە بەرهەمی هاوردەكراو لە وڵاتانی دراوسێ".

پێشتریش شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆییەكە بڵاوكردەوە و بە كاری "كەسانی نامەسئول"ی ناو برد.

بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی دەڵێت "ئەو سێ مادەیەی لە گرتە ڤیدۆییەكەدا دەردەكەون (هیوماكس و كالسیۆم و سومۆ)،بۆ بەپیتكردنی خاك و گەشەی بەرهەمە چێندراوەكان بەكار دەهێنرێن و ڕێگەپێدراون و شیاون بۆ بەكارهێنان".

شاڵاو جەمال ئاماژە بەوە دەكات "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی لە خاڵە سنووری و دەروازەكانەوە تەنها ڕێگە بەو پەیینە كیمیایی و ئۆرگانی و قركەرانە دەدات هاوردەی هەرێم بكرێن كە لە عێراق و كوردستاندا تۆمار كراون. واتا ناسراون پێشوەخت كە زیانی تەندروستییان نییە".