فەرمانی دەستبەسەركردنەوە بۆ كەشتییەكەی ئێران لە جەبەل تاریق دەركرا

17-08-2019 03:24

پەرەگراف

دادگایەكی ئەمریكا فەرمانی دووبارە دەستبەسەركردنی بۆ كەشتییە نەوتهەڵگرە ئازادكراوەكەی ئێران لە جەبەل تاریق دەركرد.

پاش بڕیاری دادگای باڵای جەبەل تاریق بۆ ئازادكردنی كەشتیی نەوتهەڵگری (گریس 1)ی ئێرانی كە ماوەی چل ڕۆژە ڕاگیراوە، نووسینگەی دادوەریی ئەمریكا لە واشنتۆن ڕایگەیاند فەرمانی ڕاگرتن بۆ كەشتییەكە دەركراوە.

دادگایەكی ئەمریكا لەسەر سكاڵای حكوومەتی وڵاتەكەی، فەرمانی دەستبەسەركردنەكەی دەركردووە.

دادوەر جێسی لیۆ كە فەرمانەكەی دەركردووە، دەڵێت لەسەر بنەمای ژمارەیەك پاساوی ئەمریكا فەرمانی ڕاگرتنی بۆ كەشتییەكە دەركردووە كە پەیوەستن بە سوپای پاسداران و بابەتی سپیكردنەوەی پارەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە "سەلماندنی ئەو تۆمەتانە، ئەركی دەوڵەتی ئەمریكایە".

ڕۆژی هەینی كۆتایی ئەو وادەیە بوو كە دادگای باڵای جەبەل تاریق پێشتر بۆ ڕاگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئێران دیاریی كردبوو. چەند كاتژمێرێك بەر لە كۆتاییهاتنی وادەكە، ئەمریكا داوایەكی بۆ درێژكردنەوەی ماوەی ڕاگرتنی كەشتییەكە پێشكەش بە جەبەل تاریق كرد.

دادوەری دادگای باڵای جەبەل تاریق سەبارەت بە داواكاریی ئەمریكا بۆ درێژەدان بە ڕاگرتنی كەشتییەكە، ڕایگەیاندووە هیچ داواكارییەی لەو شێوەیەی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكات.

ڕۆژنامەی جەبەل تاریق كرۆنیكڵ، ئێوارەی پێنج شەممەی ڕابردوو پشتڕاستی كردەوە كە دادگا بڕیاری ئازادكردنی كەشتییەكەی داوە، بەڵام گرەنتیی لە ئێران وەرگرتووە كە كەشتییەكە نەوتەكەی بۆ سووریا نەگوازێتەوە.

لە كاتی ڕاگرتنی كەشتیی نەوتهەڵگری (گریس 1) كە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی بار كردووە، حكوومەتی جەبەل تاریق تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ كەشتییەكە كە ئەو نەوت بۆ پاڵاوگەیەكی سوریا دەگوازێتەوە لە لیستی سزای یەكێتیی ئەورووپادایە.

ڕۆژی 4-7-2019 هێزی دەریایی بەریتانیا كەشتیی (گریس 1)ی لە جەبەل تاریق ڕاگرت، بە پاساوی ئەوەی نەوت بۆ پاڵاوگەی (بانیاس)ـی سووریا دەگوازێتەوە. بەپێی بەیاننامەی حكومەتی جەبەل تاریق، ئەو پاڵاوگەیە سەر بە دەزگایەكە كە سزاكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ سەر سووریا دەیگرێتەوە، ئەو سزا بازرگانی و ئابوورییانەی كە ساڵی 2001 یەكێتیی ئەورووپا بەهۆی توندووتیژی بەرانبەر خۆپیشاندەران بەسەر دەوڵەتی سووریادا سەپاندی.

دەوڵەتی جەبەل تاریق (كە ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی بەرتانیایە لە دەرەوەی سنووری وڵاتەكەی خۆی)، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كردبوو‌ كەشتییە نەوتهەڵگەرە ڕاگیرەوەكەی ئێران لەژێر چاودێریی حكوومەتی وڵاتەكەیدایە.

بەپێی ڕۆیتەرز خاوەنی كەشتییەكە كۆمپانیایەكی سەنگاپوورەیە و ئاڵای پەنەمای بەسەرەوەیە، بەڵام نەوتی ئێرانی بار كردووە، كە لە چوارچێوەی بازرگانیی دەریاییدا بەكرێدانی كەشتی بە كۆمپانیا و وڵاتان بۆ گواستنەوەی كاڵا، ڕێگەپێدراوە.