حكوومەتی هەرێم "پرۆژەیاسایەكی نوێ‌" بۆ چاكسازی ئامادە دەكات

21-08-2019 12:21

پەرەگراف - سەنگەر سالار

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەكان پێكهێناوە. ئەندامێكی لیژنەكە دەڵێت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆدەبینەوە و پرۆژەیاسایەكی نوێ‌ ئامادە دەكەین .

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 10 كە لە ڕۆژی 30-7-2019 دەرچووە، لیژنەیەكی بۆ "چاوخشاندنەوە بە پرۆژەیاسای (یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانی دبكە لە هەرێمی كوردستان) بە سەرۆكایەتیی وەزیری داد".

ئەندامانی لیژنەكە پێكهاتوون لە "وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و نوێنەری تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".

بەپێی بڕیارەكە، كاری لیژنەكە "پێداچوونەوەیە بە پرۆژەیاساكە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان ی كوردستان و داڕشتنەوەی پرۆژەیاساكە بە شێوەیەكی گونجاو لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێم كە ئەندامی لیژنەكەیە، بە پەرەگرافی وت "لیژنەكە لە سەرەتای مانگی هەشتەوە پێكهێنراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆدەبێتەوە".

وەكو ناوبراو وتی "حكوومەتی هەرێم بە سوودوەرگرتن لە پرۆژەیاساكەی پێشوو، پرۆژەیاسایەكی نوێ‌ بۆ چاكسازی لە مووچە و خانەنشنیی و دەرماڵەكان ئامادە دەكات".

سەبارەت بە كاری لیژنەكە، ئەحمەد ئەنوەر دەڵێت "ئەندامانی لیژنەكە هەریەكەی نوێنەرایەتیی دەزگایەك دەكات و هەریەكەیان پێشنیار و تێبینیی خۆی پێشكەش دەكات. دواتر لە لیژنەكە دەنگ لەسەر پرۆژەكە دەدرێت و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت".

"پاش پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە، دەبێت بە پرۆژەیاسای فەرمیی حكوومەت و ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت"، ئەحمەد ئەنوەر بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشنیی و مووچە و دەرماڵەكان، پێشبینی دەكات پرۆژەكە لە مانگی نوێدا تەواو ببێت و ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

پرۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵك و بەشێك لە فراكسیۆنەكانەوە، گەڕێندرایەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ چاكسازی تێیدا.