وەزیری پێشمەرگە هۆشداریی دەدات و دەڵێت: شەڕی داهاتوو دژی داعش‌ سەختتر دەبێت

21-08-2019 05:10
كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەو وەزیری بەرگری ئەڵمانیا. وێنە؛ كوردستان 24


پەرەگراف

وەزیری پێشمەرگەی هەرێم هۆشداریی دەدات لە خۆڕێكخستنەوەی داعش‌و دەڵێت: شەڕی داهاتوو دژی داعش سەختترو فراوانتر دەبێت.

ئەو وتانەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش بوو لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كە بە سەردانێك لە هەولێر.

ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی بە مەشق‌و ڕاهێنانی سەربازیی‌و پێدانی چەك هاوكاری پێشمەرگەی كردووەو لە شەڕی دژ بە داعش‌و هاوكارییەكانی بەردەوامە، ئانگرێت كرامپ كارنباوەر وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا وتی "دەمانەوێت ڕۆڵمان هەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم سەقامگیرییە لە داهاتوودا، لەو چوارچێوەیەشدا ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە. پێویستە كارەكانمان درێژە پێبدەین‌و لەم هەرێمە دەمێنینەوە".

لایخۆیەوە شۆڕش ئیسماعیل ئەوەی خستە ڕوو، داعش لە شەڕی ڕوبەڕو تێكشكاوەو ئێستا خەریكی خۆڕێكخستنەوەیەو مەترسییەكانی لە پێشتر كەمتر نییە.

"ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا ئەمە هەنگاوێكی جدییە بۆئەوەی لەو ناوچانەی بۆشایی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق نەیەڵین داعش خۆی ڕێكبخاتەوەو پەلامار دەست پێ بكاتەوە" وەزیری پێشمەرگە وای وت، وتیشی "وای دەبینین شەڕی داهاتووی داعش قورستر دەبێت، چونكە ڕوبەڕو نییەو شەڕێكی بەربڵاوەو مەترسی هەیە بۆ هەموو دونیا".

شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی خستە ڕوو، هاوپەیمانان پشتیوانیانن بۆ دروستكردنی هێزێكی یەكگرتووی نیشتیمانی‌و یەكخستنەوەی پێشمەرگە.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان كشانەوە، دۆخی ئەو ناوچانە نارامیی تێكەوتووەو چەندین كردەوەو پەلاماری تیرۆریستیی ئەنجام دراون، بەتایبەت لە باشوری كەركوك جموجوڵی داعش لە چوارچێوەی گروپی بچوكدا زیادی كردووەو دەبینرێن.

پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی عێراق چەندین كۆبوونەوەیان كردووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانە بە هاوبەشیی، بەڵام هێشتا كۆبوونەوەكان نەگەیشتووەتە كۆتایی‌و پێشمەرگە نەچووەتەوە ئەو ناوچانە.

هاوپەیمانان پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی‌و یەكخستنەوەی هێزەكان، لەو چوارچێوەیەدا كار لەسەر پڕۆژەیەك دەكەن‌و لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت كراوەتەوە بۆ چاكسازیی.

پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەرەگراف مارتن وار كونسوڵی پێشووی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی چاكسازیی لەناو پێشمەرگە، دەبێت پارتی‌و یەكێتی دەستبەرداری هێزەكانیان ببن‌و پێشمەرگە لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتدا بێت نەوەك حیزب‌و كەسەكان.

كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێم ئاماژەی بەوەش كرد، وڵاتەكەی هاوشانی ئەمریكاو ئەڵمانیا چیتر پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە ناكەن ئەگەر ئەو وەزارەتە پابەند نەبێت بەو چاكسازییانەی ماوەی چەند ساڵێكە لەڕیزەكانی پێشمەرگە دەستی پێكردووە و ڕەنگە تا 10 بۆ 15 ساڵی دیكە بخایەنێت.