سیروان كوێخا نەجم بۆچی دەستبەسەر كراوەو چ تۆمەتێكی ڕوبەڕو دەكرێتەوە؟

28-08-2019 07:53
سیروان كوێخا نەجم، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی


پەرەگراف


سیروان كوێخا نەجم، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، بە ئاگاداریی ڕاستەوخۆی كۆسرەت ڕەسووڵ دەستبەسەر كراوە، چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەكەی زانیاریی بۆ پەرەگراف ئاشكرا دەكەن لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوی دەكرێنەوە.

دەستگیركردنی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی پەیوەندیی بە چەند دۆسیەیەكی جیاوازی حیزبییەوە هەیەو بەوهۆیەوە یەكێتی بەڕێكاری یاسایی دەستبەسەری كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی چالاكییەكانی دژەتیرۆر سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە.

ئاژانسی پاراستن و زانیاری(زانیاری) كە دژەتیرۆر سەربەو ئاژانسەیە، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی "لەلایەن جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) دەستبەسەر نەكراوە، لە گرتوخانەی هیچ حزبێكدا زیندانی نییە، بەڵكو لە ناو بینای ئاژانسی زانیاری چاوەڕوانە سبەینی، ڕۆژی پێنج شەممە، رێككەوتی (٢٩-٨-٢٠١٩) چاوی بە دادوەری لێكۆڵینەوە بكەوێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی".

هاوكات سەرچاوەیەك كە بەوردیی ئاگاداری دۆسیەكەیە بۆ پەرەگراف وتی"چەند تۆمەتێكی قورسی ڕوبەڕو كراوەتەوە، یەكێكیان پەیوەندیی بە كێشەیەكی ناوبراو هەیە لەگەڵ ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە سەریكێشاوە بۆ هەڕەشەی تووند تا ئاستی بەكارهێنانی چەك".

سەرچاوەیەكی دیكەش ئەوەی پشتڕاست كردەوە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی كێشەی لەگەڵ ئاسۆ مامەند هەیە، وتی"سیروان كوێخا نەجم تۆمەتی جیاوازی ڕوبەڕو دەكرێتەوە، یەكێكیان هەواڵگرییە"، سەرچاوەكە ئامادە نەبوو وردەكاریی ئەو تۆمەتە هەواڵگرییە ئاشكرا بكات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دوای قوڵ بوونەوەی كێشەكانی بەتایبەت لەگەڵ ئاسۆ مامەند، "هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتییەوە كە هاوڕێیەتییان هەیە، پەیوەندیی بەو حیزبەوە بكات‌و داوای بینینی مەسعود بارزانی كردووە".

دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، ڕۆژی 25ی ئەم مانگە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەركردووە، بەپێی نووسراوێكی دادگا، فەرمانی دەستگیركردنەكە بەپێی ماددەی 31/421 و لەسەر سكاڵایەكی بەڕێوەبەرایەتیی چالاكییەكانی دژەتیرۆر دەركراوە.

دەربارەی پەیوەندیی هاوسەری سیروان كوێخا نەجم بە دۆسیەكەیەوە كە لە هەندێك میدیا باسكراوە، سەرچاوەیەكی دیكە بۆ پەرەگراف وتی "كێشەیەكی لەگەڵ هاوسەری دووەمی هەبووەو پێشتر بۆی چارەسەر كراوە".

ماددەی 31/421 لە یاسای سزادانی عێراقی كە سیروان كوێخا نەجمی پێ‌ تۆمەتبار كراوە، تایبەتە بە "هەوڵی ڕفاندن"ی كەسێك و دەستبەسەركردنی و زەوتكردنی ئازادییەكانی، بە بێ‌ فەرمانی لایەنی تایبەتمەند و لە دەرەوەی ئەو حاڵەتانەی كە یاسا ڕێگەی پێ‌ داوە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی سیروان كوێخا نەجم، یەكێتی ناوبراوی دوورخستەوە لە بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ‌و كەسێكی دیكەی لە شوێنی داناوە.

دەقی ڕوونكردنەوەی وتەبێژی ئاژانسی زانیاری دەربارەی دەستگیركردنی سیروان كوێخا نەجم

1. لەسەر بڕیاری بەڕێز حاكم (ئاوات عومەر) دادوەر لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی ٢٥-٨-٢٠١٩، بە مادەی ٤٢١/ ٣١ ، فەرمانی گرتن بۆ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان - عێراق، (سیروان نەجم رەشید) دەر‌كراوە.

2. لەبەر ئەوەی هاوڵاتی (سیروان نەجم رەشید)، ناسراو بە( سیروان كوێخا نەجم) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەلایەن بەڕێز (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) داوای لێكراوە لەسەر ئەو تۆمەتەی رووبەڕووی كراوتەوە،‌ لەرێگەی دەزگا پەیوەندارەكانەوە بچێتە بەردەم دادگا.

3. لەبەرئەوەی لەلایەن‌ دەزگای دژە تیرۆرەوە سكاڵا لەسەر ناوبراو تۆمار كراوە و دەزگای دژە تیرۆریش سەر بە ئاژانسی زانیاری-یە، ئاژانسی زانیاری دەزگای پەیوەندارە بەم كەیسە بۆ رووبەڕووكردنەوەی تۆمەتبار بۆ بەردەم یاسا.

4. هەر بابەت، هەواڵ یان زانیارییەكی پێچەوانەی ئەم رونكردنەوەیە كە لە میدیاكاندا بڵاوكرابونەوە دوورن لە راستییەوە. لەڕووی یاساییەوە، سیروان كوێخا نەجم، تاوانبار نییە، و تا ئێستا تەنها تومەتبارە بە كیشەیەك كە دەتوانێت وەك هەر هاوڵاتیەكی تری ئەم هەرێمە بچێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی پەیوەندار و‌ بەرگری لە خۆی بكات. ناوبراو لەلایەن جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) دەستبەسەر نەكراوە، لە گرتوخانەی هیچ حزبێكدا زیندانی نییە، بەڵكو لە ناو بینای ئاژانسی زانیاری چاوەڕوانە سبەینی، رۆژی پێنج شەممە، رێككەوتی (٢٩-٨-٢٠١٩) چاوی بە دادوەری لێكۆڵینەوە بكەوێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی.

وتەبێژێك لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری (زانیاری)

28-8-2019