ڕاگەیەندراوێك لە خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە

16-09-2019 07:11
یەكەم كۆبوونەوەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە دوای هەڵبژاردنی. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف

خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان بە سەرپەرشتی عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە كۆبووەوەو یەكەم ڕاگەیەندراوی لە دوای هەڵبژاردنیەوە بڵاوكردەوە.

خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان جەخت لە بەهێزكردنی پەیوەندیی بزووتنەوەكەو حیزبەكانی دیكە دەكات بە تایبەت پارتی‌و یەكێتی كە پێكەوە بەشدارن لە حكومەتدا، هاوكات خانەكە پشتگیری تەواو بۆ كابینەی حكومەت دەردەبڕێت لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی چاكسازیی.

پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەكەوە، ڕاگەیەندراوەكەی خانەی ڕاپەڕاندن ئاماژە بەوە دەكات، جەخت لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان دەكات كە ڕەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە، دەڵێت "گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت".

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەنراوێك لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

ئەمڕۆ دوشەمە، ١٦/٩/٢٠١٩ خانەی راپەڕاندن، یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا.

خانەی راپەڕاندن پێش هەمو شتێك سوپاسێكی گەرمی ئەندامانی پێشوی خانە دەكات، كە لە ماوەی دو ساڵی رابردودا، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە ئەركەكانیان بەجێگەیاند. بە هیواین لە ئایندەشدا، پشتیوان و یارمەتیدەری خانە و ھەردو جڤات بن و پێكەوە ئەركە تازەكانی بزوتنەوەكە ببەینە پێشەوە.

كۆبونەوەی خانە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە كرد:

یەكەم: پەیوەست بە پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا، كۆبونەوەكە جەختی لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە سیاسیەكانی كردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە كابینەی حكومەتدا. بەهێز كردنی ئەو پەیوەندیانە هۆكارێكی باش دەبن بۆ هاوكاریكردن و بردنە پێشەوەی ئەركەكانی كابینەكەو بەهێزكردنی گیانی پێكەوە كاركردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاكسازی حكومەت.
لەهەمان كاتدا بە گرنگی دەزانین پەیوەندی پتەوی دۆستانەمان لەگەڵ هێزەكانی تری دەرەوەی كابینە، كە ساڵانێك هاوكار و هاوپەیمانی یەكتر بوین، پەرە پێبدەین و پتەوتری بكەین و راوێژ و گفتوگۆی بەرهەمهێنەری بەسودمان لەگەڵیاندا هەبێت.

دوەم: خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە ئەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێكردنی بەرنامەی گۆڕان لە حكومەت، ھەروەھا چاودێریەكی وردی كارەكانیان ئەكات. لەهەمان كاتیشدا پشتگیری تەواوی كابینەی حكومەت ئەكات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاكسازیەكەی، بە جۆرێك لە خزمەت باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزكردنی كەرتی ئابوری و ژێرخانی كۆمەڵگاو پرۆسەی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت.

سێیەم: پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەكەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت.
خانە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەكەو راسپاردەكانی هەردو جڤات، لە نزیكترین ماوەدا، ئامادەكاری بۆ هەردو پرۆسەی كۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەكان ئەكات.
هاوكات بە گوێرەی پلانێكی تۆكمە، كار لەسەر بەهێزكردنی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە ئەكات، بەتایبەت دانان وھەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامی ژورەكان و باژێڕوانەكان، بە ئاراستەی بەهێزكردنی دامەزراوەی ناوخۆیی گۆڕان بۆ راپەڕاندنی ئەركە گرنگ و هەستیارەكانی قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەكەمان.


لە كۆتاییدا بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر جەخت لەسەر پابەند بون بە پرەنسیپە بناغەییەكانی بزوتنەوەكە دەكات لە پێناو عەدالەت و چاكسازی و ئازادیەكان و دژایەتی گەندەڵی و بە سیستەم كردنی دەزگاكان و كاركردنی بێوچان لە پێناو باش كردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان.

خانەی راپەڕاندن / بزوتنەوەی گۆڕان
2019/9/16