خەلافەتەكەی داعش لەسەر دەستی كورد كۆتایی هات

23-03-2019 04:29
ئاڵای هەسەدە لە دوامۆڵگەی داعش دەشەكێتەوە


پەرەگراف


شەڕڤانانی هەسەدە دواین خاكی ژێر دەستی داعشیان ڕزگار كردو كۆتاییان بە بوونی ئەو ڕێكخراوە هێنا لەسەر زەویی، هەسەدە داوای هاوكاریی دەكات بۆ قۆناغی نوێی شەڕی دژی داعش كە لێدانە لە پاشماوەو شانە نوستووەكان، ئەمەریكاش دەڵێت: كارمان ماوەو هاوكاریی دەكەین.

چەكداران داعش 41 ڕۆژ گەمارۆ درابوون لە دواین مۆڵگەیان لە شارۆچكەی باغۆز سەربە دێرەزوور، ئەمڕۆ دوا خاڵی ژێر دەستیان ئازاد كراو سەركەوتنی یەكجارەكیی ڕاگەیەندرا.

لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی سەركەوتن، بە سرودی ئەی ڕەقیب پەیام بۆ جیهان نێردرا كە ترسناكترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی لەسەر زەویی كۆتایی پێهێنرا، فەرماندەی گشتیی هەسەدەو نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پەردەیان لەسەر سیمبولی تێكشكاندنی داعش لادا.

مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) –یەپەگە‌و یەپەژە پێكهێنەری سەرەكیین- لە وتاری سەركەوتندا ئاماژەی بەوەكرد كۆتایی هێنان بە داعش بەهایەكی گرانی هەبووە، "زیاتر لە 11 هەزار شەهیدو زیاتر لە 21 هەزار بریندار" لە خەڵكی مەدەنی‌و شەڕڤانان هەبوون.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتیشی"داوای هاوكاری دەكەین بۆ قۆناغێكی نوێی شەڕی داعش"، قۆناغەكە كۆتایی هێنانە بە پاشماوەو شانە نوستووەكانی ئەو ڕێكخراوە.

هەرلە مەراسیمەكەدا ویلیام ڕووباك، نوێنەری وەزارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وتارێكی پێشكەشكرد‌و سوپاس‌و پیرۆزبایی لە هەسەدە كرد.

بەرپرسە ئەمەریكییەكە وتی"كارمان ماوەو دەمێنێت"، ئاماژەی بەوەشكرد، پشتیوانیی واشنتۆن بەردەوام دەبێت بۆ كۆتایی هێنان بەپاشماوەكانی داعش.

لە ساڵی 2014 داعش كۆنترۆڵی 34 هەزار میل چوارگۆشەی لە هەردوو وڵاتی عێڕاق و سوریا كردبو، بەڵام ئێستا ئە ڕێكخراوە هیچی لەو ڕووبەرە بەدەستەوە نەماوە، لە ڕۆژاوا شەڕڤانان‌و لە باشور پێشمەرگە شكێنەری ئەفسانەی داعش بوون‌و بەهێزترین هێزی شەڕكەربوون لەسەر زەویی دژی داعش، هێزەكانی هاوپەیمانانیش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكاو بەشداریی 96 وڵاتی دیكە هاوكاری شەڕڤانان‌و پێشمەرگە بوون.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا سەرجەم سەربازەكانی وڵاتەكەی لە سوریا بكشێنێتەوە، بەڵام دواتر بڕیارەكەی گۆڕی‌و ژمارەیەك سەرباز دەهێڵێتەوە، كورد پێشوازیی لە هێشتنەوەی سەربازانی ئەمەریكی دەكات، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستان.

ئینفۆگرافیكێكی پێشووی پەرەگراف

باغۆز، دوا مۆڵگەی خەلافەتەكەی داعش