هێشتا گرێ كوێرەكە نەكراوەتەوە؛ گۆڕان چاوەڕوانی قسەی كۆتایی پارتییە

13-04-2019 01:52


پەرەگراف

زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم كە بدرێتە یەكێتی نیشتیمانی هێشتا بە هەڵواسراویی ماوەتەوەو پارتی نایەوێت بەبێ ڕازیكردنی گۆڕان ئەو پرسە تێپەڕێنێت، گۆڕان چاوەڕوانی قسەی كۆتایی پارتییەو ئامادەیە، "دەست لە جێگری سەرۆكی هەرێم هەڵبگرێت."

زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم، بەڵێنی مەسعود بارزانی-یە بە كۆسرەت ڕەسوڵ‌و گرێ كوێرەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەو بەڵێنە كراوەتەوە كە گەیشتنە لێكتێگەیشتنی كۆتایی‌و ڕێككەوتنی نێوانیانی لێكەوتەوەو تەنها واژۆكردنی ماوە، بەڵام هەمان بەڵێن، كێشەی بۆ ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتی‌و گۆڕان دروستكردووە.

بەڵێنەكەی بارزانی بە یەكێتی لەكاتێكدایە پارتی لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوتنی واژۆ كردووە كە سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت‌و بۆ گۆڕان دەبێت. پارتی پەیامی ئەوەی بۆ گۆڕان ناردووە كە "جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی لە جێگری یەكەم كەمتر دەبێت‌و بۆ ڕازیكردنی یەكێتییە"، بەڵام هێشتا گۆڕان ڕازی نییە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم "لە دەسەڵاتەكانی جێگری یەكەم كەم دەكاتەوە كە پشكی گۆڕانە"، وتیشی"ئێمە لەگەڵ داتاشینی پۆست نین بۆ هیچ لایەنێك، هەربۆیە ئەگەر پارتی سووربێت لەسەر ئەوە، ئامادەین سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت‌و ئێمە دەستی لێ هەڵگرین، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا چیمان پێدەدرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چاوەڕوانی قسەی كۆتایی پارتی دەكەین."

پەرەگراف لەزاری سەرچاوەكانی لەناو گۆڕان زانیویەتی، ئەو بزووتنەوەیە ئامادەیە دەست لە جێگری سەرۆكی هەرێم هەڵبگرێت لە بەرامبەر پێدانی وەزارەتی ناوخۆ یاخود پێشمەرگە بە مەرجی ئەوەی داوای وەزارەتی دارایی لێنەكرێتەوە كە بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی پێی دراوە.

بەڵام بەرپرسێكی یەكێتی بۆ پەرەگراف ڕوونیدەكاتەوە ئەو داواكارییەی گۆڕان، سەرەتای سەرهەڵدانی "كێشەیەكی نوێ" دەبێت، "پارتی هێڵی سووری لەسەر وەزارەتی ناوخۆ داناوەو نایدات بە هیچ لایەنێك، یەكێتیش لە وەزارەتە سیادییەكان تەنها پێشمەرگەی پێدراوەو ئەگەر لێی وەربگیرێتەوە، وەزارەتی سیادیی لانابێت، ئەوەش قبوڵكراو نییە."

بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بەوپێیەی ڕێگای پێنەدراوە لێدوان بۆ ڕاگەیاندن بدات، ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی وەزارەتی پلاندانان بە یەكێتی دراوە، بەڵام حیزبەكەی ئەو وەزارەتە "بە سیادیی لەقەڵەم نادات."

هەر چوار وەزارەتی، ناوخۆ، سامانە سروشتییەكان، دارایی‌و پێشمەرگە بە سیادیی دادەنرێن، بەپێی دابەشكاریی پۆستەكان لە كابینەی نوێ كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، وەزارەتەكانی ناوخۆو سامانە سروشتییەكان پارتی بۆخۆیی داناوەو دارایی بۆ گۆڕان‌و پێشمەرگە بۆ یەكێتی دانراوە.

ڕێكنەكەوتنی حیزبەكان لەكاتێكدایە پەرلەمانی كوردستان هەفتەی ڕابردوو پەیڕەوی ناوخۆی "پێشێلكرد"و دانیشتنی بۆ دەنگدان بە پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دواخست، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتنە ڕێككەوتنی حیزبەكان لە دەرەوەی پەرلەمان.

دواخستنەكە لەسەر داوای لیژنەی یاسایی پەرلەمان بوو بە مەبەستی گەیشتن بە داڕشتنی كۆتایی ماددەو بڕگەكانی پێشنیازی یاساكە، خاڵی ناكۆكیی نێوان حیزبەكان كە نوێنەریان لە لیژنەی یاسایی هەیە، زیادكردنی جێگری دووەمە بۆ سەرۆكی هەرێم.

زیادكردنی جێگری دووەم، لە پێشنیازی یاساكە جێگیر كراوە، ئەوەش لەسەر پێشنیاری پەرلەمانتارانی یەكێتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان، بەڵام پارتی نایەوێت بەبێ ڕازیكردنی گۆڕان پڕۆژەكە لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوەو تێپەڕێندرێت.

لەگەڵئەوەی 195 ڕۆژە هەڵبژاردن كراوە، تائێستا تەنها لە نێوان پارتی‌و گۆڕان ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان واژۆ كراوە، پارتی چەندجارێك دڵنیایی داوە بەو بزووتنەوەیە كە پابەندی ڕێككەوتنەكە دەبێت‌و وەكخۆی جێبەجێی دەكات، هەربۆیە ئێستا بەدوای ڕێگایەكدا دەگەڕێت بۆ ڕازیكردنی گۆڕان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم.

ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان گۆڕان‌و پارتی واژۆ كراوە، فراوانەو كۆی سێكتەرەكانی گرتووەتەوەو دەبێتە بەرنامەی حوكمڕانیی لە 4 ساڵی داهاتوو، بەپێی ڕێككەوتنەكە پۆستێكی نوێ لەژێر ناوی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازیی) بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوتووە، پۆستەكانی دیكەش لەسەر بنەمای خاڵ‌و بەپێی كورسییەكانی پەرلەمان دابەشكراون، ئەگەر گۆڕان دەستبەرداری جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت، ئەو خاڵانەی بۆ دەگەڕێتەوە كە ئەو پۆستەی پێ وەرگرتووەو ئەوكات داوای پۆستی دیكەی پێدەكات.

سەرۆكایەتی هەرێم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كارا دەكرێتەوە، پێشتر بەدەر بووە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، لەگەڵ خۆیشیدا ئەو دامودەزگایانەی سەربەو سەرۆكایەتییەن بەهەمان شێوە بەشێك نەبوون لە گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان، گۆڕان ئەوە بە دەستكەوتی خۆی لەقەڵەم دەدات كە توانیویەتی تەواوی دامودەزگاكانی هەرێم بخاتە چوارچێوەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت‌و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دابەش بكرێن.

هەر بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، گۆڕان لەسەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان پۆستی پێدەدرێت، بۆئەوەش بزووتنەوەكە بۆ گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی، سەرجەم پۆستەكانی لە بەڕێوەبەری گشتی تا هەرسێ سەرۆكی(هەرێم، حكومەت‌و پەرلەمان) لە وەرەقەیەكدا كۆكردەوەو پشكی خۆیی دیاریكردو لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنی واژۆكرد لە بارەیانەوە.